ڕۆژین، نمونەى خانمى کۆڵنەدەرە کە کاری هەنگەوانی دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ڕۆژین، نمونەى خانمى کۆڵنەدەرە کە کاری هەنگەوانی دەکات

"ڕۆژى وا هەبووە زیاتر لە (٥٠) جار هەنگ گەستوومى"

ڕۆژین، وشکەساڵى و ماندوویەتى لە چیا و پێدەشتەکانى کوردستان کۆڵیان پێ نەدا، چونکە هەنگەکانى خۆش دەوێت و بە جۆرێک هۆگریان بووە کە بوونەتە بەشێک لە ژیانى و بەردەوام کار دەکات بۆ پاراستنیان.

ڕۆژین خەسرەو هۆمەر، خانمێکى تەمەن ٣٠ ساڵى هەڵەبجەیە، هەرچەندە دەرچووى بەشى ئیدارەیە، بەڵام جیاواز لە خانمەکانى دیکەى شارەکە، حەز بە کارى هەنگەوانى دەکات و سەرقاڵى بەخێوکردنى هەنگە.

ڕۆژین خەسرەو، خانمە هەنگەوانەکەى هەڵەبجە، لەبارەى کارەکەیەوە بۆ (باسنیوز) دەڵێت: "هەر بە منداڵى خۆشەویستیم هەبوو بۆ هەنگ و حەزم بە کارى هەنگدارى دەکرد، چونکە ماڵى باپیرم لە گوندى هاوار هەنگیان هەبوو، دایکیشم زۆر جار باسى ئەو هەنگانەى ماڵى باپیرمى بۆ دەکردم، کە چۆن بەخێویان کردووە؟''

وەک ڕۆژین باسى دەکات دەزگاى ڕوانگە خولێکى هەنگەوانیى لە هەڵەبجە کردووەتەوە و ئەویش لەبەر ئەوەى هەر بە منداڵى حەزى بە کارى هەنگدارى کردووە، لەو خولەدا بەشداریی کردووە، ئەمەش ئەو هەلەى بۆ ڕەحساندووە کە زیاتر ئاشنا ببێت بە دونیاى هەنگەوانى، دواى ئەو خولەى دەزگاى ڕوانگەش ڕێکخراوی (هاندیکاپی جیهانی) پرۆژەیەکی بۆ پشتگیریکردنی دارایی گەنجان لە پارێزگایی هەڵەبجە جێبەجێ کردووە و ئەویش توانیویەتى سوودمەند ببێت لەو پرۆژەیە و بەهۆیەوە پڕۆژەیەکى هەنگەوانىی بچووکى لە گوندى هاوار بنیاد ناوە''.

ڕۆژین خەسرەو دەشڵێت: "لە ساڵى (٢٠٢١) بەهۆى وشکەساڵییەوە پڕۆژەکەم زیانى زۆرى پێ گەشت و ژمارەى هەنگەکانم لە (٣٠) سندووقەوە بۆ (١٢) سندووق کەم بوونەوە، بەڵام کۆڵم نەدا و بەهۆى پشتگیریى خێزانەکەم و چەند هاوڕێیەکى دڵسۆزمەوە سوپاس بۆ خوا توانیم پڕۆژەکەم دووبارە بنیاد بنێمەوە و ئێستە (٧٠) سندووق هەنگم هەیە".

ڕۆژین لە وەرزى زساندا هەنگەکانى لە دەورربەرى هەڵەبجە جێگیر دەکات و لە وەرزى بەرهەم و بەهاریش دەیانگوازێتەوە بۆ کوێستانەکانى هاوار، دۆڵەنجیر و بنارى قەندیل، ئەمەش بەهۆى بوونى شیلەى ڕووەک و گوڵى سروشتى لەو ناوچانە، بۆ ئەوەى هەنگەکانى دوور بن لە شەکر و پاشماوەکانی مرۆڤ و بتوانێ بەرهەمێکى سروشتى بە دەست بهێنێت.

 بە گوتەى ئەو خانمە هەنگەوانە، کارى هەنگەوانى قورس و ئاڵۆزە، پێویستى بە شارەزایى و ئارامگرتن هەیە، لەگەڵ ئەوەش هەنگ دونیایەکی تایبەت و جێژێکی تایبەتی هەیە بۆ هەنگەوانەکان، بۆیە ئەگەر قورسیش بێت هەر چێژى پێ دەبەخشێت.

لە بەشێکى دیکەى  قسەکانیدا بۆ (باسنیوز) گوتى: "لەبیرمە کاتێک منداڵ بووم هەنگێک گەستمى، زۆر ناڕەحەتى کردم، بە جۆرێک یەک دوو ڕۆژێک ماندووى کردم هەتا چارەسەرم وەرگرت، کە پڕۆژەکەشم بنیاد نا، لە سەرەتاى پڕۆژەکەوە کە دەیگەستم زۆر ئازارم پێ دەگەشت، بەڵام ئێستا بووەتە شتێکى زۆر ئاسایى و هیچ جۆرە هەستیارێکم بۆ دروست ناکات، چونکە بەردەوام گەستنم دووبارە دەبێتەوە، بە جۆرێک ڕۆژى وا هەبووە زیاتر لە (٥٠) جار هەنگ گەستوومى".

لەبارەى دابینکردنى بژێوى بە کارەکەی گوتى: "هێندە نییە دەستم بە کارى هەنگەوانى کردووە کە دەستیشم پێ کرد لە سەرەتاى پڕۆژەکەم ڕووبەڕووى وشکەساڵى بوومەوە و پڕۆژەکەم زیانى بەر کەوت بە جۆرێک هەتا ئێستاش هەر لە قۆناغى بنیادنانەوەى پڕۆژەکەمم، بۆیە  ناتوانم بڵێم لە ئێستا ژیانى دابین کردووم".

ئاماژەى بەوەش دا: "لەبەر ئەوەى هەنگ گیانلەبەرێکی هەستیار و ناسکە بەئاسانی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی گۆڕانکارییەکانى سروشت و ژینگە، بۆیە بڕى بەرهەمى هەنگ لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکى دیکە جیاوازە، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئەمساڵ بەرهەمى هەنگەوانەکان باشە، ئەمەش بە ڕەچاوکردنى جیاوازى لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکى دیکە".