داهاتی مانگێكی نەوتی عێراق 11 ملیار و 355 ملیۆن دۆلارە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

داهاتی مانگێكی نەوتی عێراق 11 ملیار و 355 ملیۆن دۆلارە

بەپێی ئاماری وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی رابردوو، عێراق زیاتر لە 101 ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە كە داهاتەكەی 11ملیار و 354 ملیۆن دۆلار بووە.

ئەمڕۆ دووشەممە25ی تەمووزی 2022، وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری هەناردەی نەوتی بۆ مانگی حوزەیران بڵاوكردەوە.
لە راگەیەندراوەكە هاتووە" بەپێی ئاماری كۆتایی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، بڕی هەناردەی نەوتی خاو گەیشتووەتە 101 ملیۆن 191 هەزار و 236 بەرمیل و داهاتەكەشی 11 ملیار و 354 ملیۆن و 544 هەزار دۆلار.

ئامارەكە ئاماژەی بەوەشكردووە: كۆی ئەو بڕە نەوتە خاوانەی كە بۆ مانگی حوزەیران لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هەناردە كراوە، بڕی 97 ملیۆن و 980 هەزار و 589 بەرمیل بووە و نرخی هەر بەرمیلێكیش بە 112 دۆلار فرۆشراوە.

بەراورد بە مانگی پێنج داهاتی نەوت هەندێك كەمی كردووە، مانگی پێنج داهاتەكە 11 ملیار و 477 ملیۆن و 496 هەزار دۆلار بووە.
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئێستا عێراق داهاتێكی خەیاڵیی هەیە و پارەیەكی زۆر دێتە عێراق، ئەویش بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی نەوت و بەرزبوونەوەی نرخەكەی، بەڵام سوود لەو داهاتە زۆرە وەرنەگیراوە".

ئاماژەی بەوەش دا: "بەهۆی دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و نەبوونی بودجەی ساڵی 2022، عێراق و خەڵكەكەی سوود لەو زیادبوونە خەیاڵییەی داهات وەرناگرن".

سیپان شێروانی گوتیشی، "10 ساڵیش دەبێت عێراق داهاتی وەها زۆر نەبووە، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ زۆربوونی داهات رەنگدانەوەی بۆ ژێرخانی ئابووریی عێراق و گەشەسەندنی پیشەسازی و كەرتەكانی دیكە نەبووە".