بەهای لیرەی توركی دیسان دابەزینێكی دیكەی بەرامبەر بە دۆلار تۆمار كرد، هاووڵاتیانی توركیاش هاواریان لێ هەستاوە لەبەر گرانیی نرخی هەموو شتێك.
دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە 21/7/2022، بانكی ناوەندیی ئەورووپا لە سەرووی چاوەڕوانییەكانەوە ڕێژەی سووی 50 خاڵ زیاد کرد، ئەم کارە كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دابەزینی لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار هەبوو.
ئەمڕۆ 25/7/2022، بەهای لیرەی توركی دابەزینێكی تری تۆمار كرد و 100 دۆلاری ئەمریكی گەیشتە هەزار و 783 لیرەی توركی.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە هاووڵاتیانی توركیا لەبەر گرانیی نرخی خۆراك و كەلوپەلەكانی تر هاواریان لێ هەستاوە.
جگە لەوەش هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا زۆر بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 85%، بۆیە ئابووریی توركیا بەرەو خراپی دەچێت.