کوێستان محەمەد: مووچەی کەمئەندامانی فەرمانبەر و خانەنشین دەکرێتە دەرماڵە و لەگەڵ مووچەکەیان خەرج دەکرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

کوێستان محەمەد: مووچەی کەمئەندامانی فەرمانبەر و خانەنشین دەکرێتە دەرماڵە و لەگەڵ مووچەکەیان خەرج دەکرێت

"دوای دەرچوونی یاسای چاکسازی،هەنگاوەکانی چاکسازیمان لە وەزارەت دەست پێ کردووە"

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەکی (باسنیوز)دا چەند پرسێکی گرنگی تایبەت بە چاکسازی لە وەزارەتەکەیان و هێنانی کرێکاری بیانی و هەلی کاری خستە ڕوو و گوتی: ''مووچەی کەمئەندامان نابڕدرێت، بۆیان کراوەتە دەرماڵە و لەگەڵ مووچەی فەرمانبەری، یان خانەنشینییەکەیان وەریدەگرن".

چاکسازییەکانی وەزارەتی کار لەژێر ڕۆشنایی یاسای چاکسازیدا

کوێستان محەمەد، پەیوەست بە چاکسازی لە وەزارەتەکەیان گوتی: "دوای دەرچوونی یاسای چاکسازی، هەنگاوەکانی چاکسازیمان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەست پێ کرد، سەرەتا ڕێکخستنەوەمان بۆ دیوان کرد، دواتریش دەستمان کرد بە کەمکردنەوەی ڕۆتینی مامەڵەی هاووڵاتییان کە پێشتر هاووڵاتی دوو بۆ سێ ڕۆژ مامەڵەکەی بۆ تەواو دەکرا، بەڵام ئێستا هەمان ڕۆژ لە دیوان و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان جگە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کارەکانی هاووڵاتییان تەواو دەکرێت، هەروەها دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانەی کە پلەی زیاتریان پێ دراوە، یاخود دەرماڵەی ناشایستەیان پێ دراوە، ڕێک خراوەتەوە و فەرمانبەران بەپێی شایستەبوونی خۆیان پلە و دەرماڵەیان هەیە، لە هەمان کاتدا دۆسیەی کەمئەندامان ڕێک خراوەتەوە، بەپێی یاساش دەبوایە لە ٢٠٠٨ـوە ناسنامەیەک بۆ کەمئەندامان درەست بکرێت، بەڵام نەکرابوو، ئێستا بەشی زۆری ناسنامەکان تەواو بووە و کەمئەندامان لە ڕێگەیەوە دەتوانن هەر ئیمتیازێکیان هەبێت، کاری بۆ بکەن، پەیڕەوی سندووقی هاوکاری بۆ کەمئەندامانیشمان داناوە و لە ئەنجوومەنی وەزیرانە تاوەکوو پەسەند بکرێت و بۆ پاڵپشتیی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە''.

دواهەنگاوی جێبەجێکردنی چاکسازییش جێبەجێبەجێکردنی دەرماڵەیە لەبری کەمئەندامی کە بەو فەرمانبەرانە دەدرێت وا هاوکات مووچەی کەمئەندامی و فەرمانبەرییان هەیە و گوتی: "بەپێی یاسای چاکسازی، نابێت کەسێک دوو جار لە مووچەی کەرتی گشتی سوودمەند بێت، بۆ ئەوەی ئەوانەی خانەنشینن و کەمئەندامن بێبەش نەبن لە وەرگرتنی ئەو دەرماڵەی کەمئەندامییە کە ١٠٠ هەزار دینارە، یاسای تایبەت بە کەمئەندامانمان هەموار کردەوە و دوای ئەوەی لە پەرلەمان پەسەند کرا، ئێستا هەموو کەمئەندامان، ئەوانەی فەرمانبەرن، یان خانەنشین بوون، ئەو دەرماڵەیە وەردەگرن کە پێشتر وەک مووچە پێیان دەدرا، ئەوەش داواکاریی سەرجەم ڕێکخراوەکانی کەمئەندامان بوو، مووچەی کەمئەندامانی فەرمانبەرمان بەپێی یاسا ڕێک خستووەتەوە و هەمان مووچەی کەمئەندامییان بۆ کراوەتە دەرماڵە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەری، یان خانەنشینییەکەیان وەریدەگرن، بۆ ئەوانەش کە میراتگرن و مووچەکە وەردەگرن لە گفتوگۆداین تاوەکوو چارەسەرێک بۆ ئەوانیش دابنرێت و هیچ کەسێک بێبەش نەبێت''.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی: "لە ساڵی ٢٠١٣ـوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە تۆماری نوێی کەمئەندامان ڕاگیرابوو، لە ٢٠١٩دا لیژنەیەکی باڵا کۆ بووینەوە و دواتر لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکان ڕاپۆرتێکمان ئامادە کرد و بەر لە کۆرۆنا و کەرەنتینە ڕاپۆرتەکە گەیشتە ئەنجوومەنی وەزیران، دواتر جارێکی دی کارمان لەسەر ئەو بابەتە کردەوە و بۆ ماوەی چوار مانگ دەرگای خۆتۆمارکردنمان بۆ کەمئەندامانی نوێ کردەوە کە بریتی بوون لە شەلەلدەماغ، کورتەباڵا، ئۆتیزم، تالاسیمیا و هیمۆفیلیا، زیاتر لە ١١ هەزار کەس خۆی تۆمار کردووە، دوای ئەوەی پشکنینی تەندروستییان بۆ دەکرێت، لیستەکە دەدرێتە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بڕیاری پێ دەربکرێت و مووچەیان بۆ ببەسترێت''.

کوێستان محەمەد ئاشکرایشی کرد ئەو خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵا و کەمئەندامانەی کە مووچە وەردەگرن، ژمارەیان ٨٣ هەزار کەسە و ئەوەی ئێستا تۆمار کراوە ١١ هەزار و ٩٥١ کەسە، پێشبینیش دەکەین نزیکەی پێنج هەزار کەسی دیکەی کەمئەندام لە قۆناغی دووەمدا تۆمار بکرێت.

حکوومەت یاسای کاری بۆ کرێکاران هەموار کردووەتەوە

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەوەیشی خستە ڕوو کە ڕەشنووسی یاسای کاریان لەگەڵ ڕەشنووسی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئامادە کردووە و ڕایگەیاند: " ئەو ڕەشنووسە لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندکرد كرا، هەروەها ڕێنمایی هێنانی کرێکاری بیانیمان هەموار کردووەتەوە و لە قۆناغی کۆتاییداین، سندووقی خانەنشینی هەیە کە هەر کرێکارێک دەستەبەر کرابێت پارەکەی دەچێتە ئەو سندووقەوە و پاشان کە تەمەن و ساڵانی خزمەتی بەپێی یاسا گەیشتە تەمەنی خانەنشینی، خانەنشین دەبێت، بەڵام کە ئێمە هاتین بەهۆی کەمیی ژمارەی فەرمانبەر و لیژنەکان و پێداویستیی هاتوچۆوە چالاک نەبوون، ئێستا ئەو کەموکوڕییانە چارەسەر کراون و سەرۆکی حکوومەت هەمووی دابین کردووە، بۆیە لیژنەکان چالاکن و ئەوەش وای کردووە کە ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو و پارەی سندووقی خانەنشینی زیاد بکات''.

بێکاری و زۆریی کرێکاری بیانی

کوێستان محەمەد هاتە سەر هۆکاری دەستنەکەوتنی کار بۆ گەنجان و گوتی: "هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هێنانی کرێکاری بیانی کە بەشێکی پەیوەندیی بە کەمیی کرێی کرێکارەوە هەبووە، یان ئەوەی کە دەستەبەر ناکرێن، بۆیە گەنجێک ئەگەر بزانێت لە کۆمپانیایەک ئایندەیەکی ڕوونی نەبێت، ڕوو لە کەرتی گشتی دەکات، لەبەر ئەوە کارمان لەسەر هۆکارەکان کردووە، بەتایبەت ڕێنمایی هێنانی کرێکار کە تا ئێستا لە ڕێی وەزارەتەوە لە چوارچێوەی ڕێنماییەکاندا هاتوون و زیاتر لە ١٦ هەزار کرێکارن، بەڵام ١٠٠ هەزار کرێکار هاتوونەتە ناو هەرێمی کوردستان بە ناوی گەشت و سەفەر کە ئەوانە بە کرێی کەم کاریان کردووە و شوێنی کرێکاری خۆمانیان گرتووەتەوە''.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی: "لە هەمان کاتدا کرێی کرێکاری ئاسایی ناکارامە ٢٨٥ هەزار دینار بووە کە ئەگەر بە سەعات کاری کردبێت، سەعاتی ١٥٠٠ دینار بووە، ئەمەش بەشی پێداویستییەکانی ژیانی کەسێک ناکات کە کار بکات، لەبەر ئەوە بە ئیمزای سەرۆکی حکوومەت پارەکەمان زیاد کرد بۆ ٣٥٠ هەزار دینار و ١٥٠٠ دینارەکەش کراوەتە ٢٥٠٠ دینار و بڕیارەکەش چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، هەروەها کارمان لەسەر دەستەبەرکردنی کرێکارانیش کردووە بۆ ئەوەی گەنجان ڕوو لە کەرتی تایبەت بکەن، چونکە هاوشێوەی کەرتی گشتی خانەنشین دەبن و ئەم ڕێکارانەش خواستی کارکردن لە کەرتی گشتی کەم دەکاتەوە، لیژنەکانیش چاودێریی شوێنی کار دەکەن تاوەکوو خاوەنکاران، کرێکاران نەچەوسێننەوە، هەر کۆمپانیایەکیش داوای دەستی کاری بیانی بکات، فەرمانمان دەرکردووە کە دەبێت ئەو کەسەی دێت بۆ کار لە ماوەیەکدا ڕاهێنان بە کرێکاری ناوخۆ بکات، ئەویش لە کاتێکدا کە دوای بڵاوکردنەوەی هەلی کارەکە لە سێ ڕۆژنامەدا ئەو دەستی کارە لە ناوخۆدا نەبوو، ئینجا دەتوانێت کرێکاری بیانی بێنێت، ئەوەش تەواوی کۆمپانیاکان دەگرێتەوە''.