بەرەڵا لەیاسادەرچووەكان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 24/07/2022

بەرەڵا لەیاسادەرچووەكان

كۆمەڵێك بەرەڵای لەیاسادەرچوو، كۆمەڵێك لەو گرووپانەی حەشدی شەعبی، كە بایەع موخەلەسی سەرجادەكان بوون، بەڵام دواتر كۆ كرانەوە و بە چەك و بودجە و مووچەی دابینكراو بۆیان لە داھاتی عێراق، جگە لەوەی حەیای عێراقیان لەناو دەوڵەتانی ناوچەكە و دنیادا بردووە، لە كارێكی شەقاوانە و بەرەڵایانەی خۆیاندا، ھەڵیانكوتاوەتە سەر پێشمەرگەیەكی كاكەیی و سووكایەتییان پێكردووە. ئەم ڕووداوە و سەدان ڕووداوی دیكەی ئەو گرووپە بەرەڵا و لەیاسادەرچووانە دەری دەخات، كە:

1 - پێویستە ئەو گرووپانە لە چەك دابماڵرێن و دوای ئەوەش ئەگەر وەك ھاووڵاتییەكی عێراقی ویستیان لە عێراق بژین، با بژین، ئەگەر نا بنێردرێنەوە بۆ لای ئاغاكانیان، جا ئیتر دواتر ئەو ئاغایانەیان دەیاننێرن بۆ سووریا، یان لای حزبوڵای لوبنان، ئەوەیان كەیفی خۆیانە.

2 - ھەتا ئەو گرووپە بەرەڵایانە لە عێراقدا بن، مومكین نییە بتوانرێت دەوڵەت لە عێراقدا بینا بكرێت، چونكە بەرەڵا و لەیاسادەرچوو بۆ دەوڵەت نابێت، چونكە دەوڵەت و بەرەڵا دوو شتی ناكۆك و دژ بە یەكن.

3 - ڕەنگە ئەو گرووپە بەرەڵایانە بەم كارانەیان بیانەوێت تۆڵەی ئەو لووت شكاندنەیان بكەنەوە، كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لە پردێ و سحێلا و مەحموودیە تووشی بوون و پێشمەرگە لووتی شكاندن و كردیانن بە پەندی زەمانە و ئێستاش لووتیان دەچووزێتەوە!

4 - بە دووریشی نازانم ئەم كارە بەرەڵایانەیەی ئەو بەرەڵایانەی ناو حەشدی شەعبی، یەكێك بێت لە نیشانەی بێئومێدیی ئەوان، كە ئیتر دەزانن لە عێراقدا گڵۆڵەیان كەوتووەتە لێژی و ئیتر ھەست بكەن، كە بەرەو كۆتاییھاتن دەڕۆن، چونكە ئەوەی بەتەمای مانەوە بێت لە دواڕۆژ، ئەم كارانە ناكات، ئەوانەی ئەم كارانە دەكەن، ھەر ئەوانەن، كە دەستیان لە خۆیان بەرداوە!.