بۆچی بانكی ناوەندی دۆلاری زیاتر دەخاتە بازاڕ و به‌هاكه‌شی هەر بەرزە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بۆچی بانكی ناوەندی دۆلاری زیاتر دەخاتە بازاڕ و به‌هاكه‌شی هەر بەرزە

 لەگەڵ ئەوەی بانكی ناوەندیی عێراق فرۆشتن و خستنەڕووی دۆلاری زیاتر كردووە، بەجۆرێك، فرۆشتنی رۆژانە گەیشتووەتە ئاستێكی پێوانەیی، بەڵام نرخی دۆلار لەبەرامبەر دیناری عێراقیدا هەر بەرزە. بەرپرسێكی بانكەكانیش هۆكارەكانی بەرزیی نرخی دۆلار دەخاتە روو.

بەپێی بەدواداچوونی (باسنیوز)، بانكی ناوەندیی عێراق، لە یەك هەفتەدا بایی زیاتر لە یەك میار و 316 ملیۆن، دۆلاری ئەمریكی خستووەتە بازاڕەوە.

لەسەرەتای هەفتەی رابردوودا، 262 ملیۆن دۆلاری خستووەتە بازاڕ و لەكۆتایی هەفتەشدا رێژەكە بۆ 250 ملیۆن دۆلار دابەزیوە.

بانكی ناوەندیی عێراق ئاشكرای كرد، رۆژی یەكشەممە 24ی 7ی 2022، بڕی 262 ملیۆن هەزار دۆلاری خستووەتە ناو بازاڕەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، لە هەفتەی پێشووتردا و لەسەرەتای مانگی حەوت، خستنە روو و فرۆشتنی دۆلار زیاتر بووە، بەجۆرێك، رۆژ هەبووە 275 ملیۆن دۆلار فرۆشراوە.

بانكی ناوەندی بەشێك لەو پارەی دەیخاتە موزایدەی رۆژانە، بۆ پتەوكردنی ڕەسیدی بانكەكان بووە لەدەرەوەی وڵات و بەشێكیشی بە شێوەی كاش فرۆشتووە.

لە پرۆسەكەدا 29 بانك بۆ دابینكردنی داواكاریی پتەوكردنی ڕەسیدی دەرەوە و 23 بانك بۆ دابینكردنی داواكاریی نەختینە و 245 كۆمپانیا بەشدارییان كردووە، هەر دۆلارێكیش بە 1460 دینار فرۆشراوە.

لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 148 هەزار و 700 دینارە، لەكاتێكدا هەفتەی رابردوو نرخەكە كەمتر بوو.

لای خۆیەوە، شێروان ئەنوەر مستەفا، ڕاوێژکاری هاوبەندیی بانكە ئەهلییەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "لەبەر پشووی جەژن، ماوەی چەند رۆژێك دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندی نەفرۆشرابوو، بۆیە خواست لەسەر دۆلار زۆرە، ئەوەش وای كردووە بانكی ناوەندی رێژەكە بەرز بكاتەوە، بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو ماوەیە، بەڵام بەهۆی گەشتكردنی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییان، خواست لەسەر دۆلار زۆرە، بۆیە نرخەكەی هەر بەرزە".

ئاماژەی بەوەش دا، گۆڕانكارییەكانی جیهان و بڕیاری فرۆشتنی گەنمی ئۆكرایناش وای كردووە،نرخی  دۆلار لە بازاڕەكانی جیهانی بەرز بێتەوە، گوتیشی: "باوەڕ ناكەم لە بازاڕەكانی عێراق و كوردستان نرخی دۆلار زۆر دابەزێت، نرخەكە بەرز و نزمیی دەكات، بەڵام زەحمەتە 100 دۆلار بۆ خوار 148 هەزار دینار دابەزێت".

ڕاوێژکاری هاوبەندیی بانكە ئەهلییەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان، ئاشكراشی كرد: "ئەو دۆلارەی ئێستا بانكی ناوەندی رۆژانە دەیفرۆشێت، ژمارەی پێوانەییە، بۆ نموونە، گەیشتووەتە 275 ملیۆن دۆلاری رۆژانە، لەوە زیاتر زەحمەتە، لەكاتێكدا لە مانگی پێشوودا رۆژ هەبووە 220 ملیۆن دۆلاری فرۆشتووە".

پێشتر عودەی عەواد، پەرلەمانتاری عێراق بڵاوی كردەوە: "100 واژۆی پەرلەمانتارانمان بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی كۆ كردووەتەوە".

ئەو پەرلەمانتارە نووسراوێكی بڵاو كردووەتەوە، كە ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كراوە و تیایدا هاتووە: "بەپێی ماددەی 61ی دەستووری عێراقی و ماددەی 56ی سیستەمی ناوخۆی پەرلەمان، داواكارین بابەتی دابەزاندنی نرخی دۆلار، لەنزیكرین دانیشتنی پەرلەماندا بخرێتە ڕوو".

بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2021، بانکی ناوەندی 100 دۆلار بە 146 هەزار دینار دەخاتە بازاڕەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "بەرزیی نرخی دۆلار و خراپیی دۆخی ئابووری، كاریگەریی خراپی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان هەیە و دەبێت نرخی دۆلار كەم بكرێتەوە.