كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
فرسەت سەید شکور 24/07/2022

پەکەکە هەر لە بیقاعەوە تا قەندیل دژی دەستکەوتەکانی كورد بووە

ھەرێمی کوردستان نەوای ئارامی و پێکەوەژیانە، بەھۆی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی، کە لە ھەولێر و ناوچەکانی دیکەی باشووردا ھەیە، ڕۆژانە دەیان ھەزار گەشتیار سەردانی دەکەن، بە ھەڕەشەی دەستلەرزۆکانە و تەسلیمبووانەی پەکەکە و ھیچ گرووپ و ڕێکخراوی دیکەی تیرۆریستی نالەرزێت.

لەو رۆژەوەی پەکەکە پێی ناوەتە نێو خاکی هەرێمی كوردستانەوە، جگە لە ماڵوێرانی و تێکدان و شێواندن و داگیرکردنی سەدان گوندی سنووریی دڵڕفێن و پڕ بەپیتی خاكی هەرێمی كوردستان و نەهێشتنی ژیان تیایدا، جگە لە تەسلیمكردنی زۆر ناوچەی گرنگ بە سوپای غەیرە كورد و غەیرە كوردستانی، ھیچی دیکەی لە ھەگبەدا نەبووە. تەنانەت ڕەفتار و کردەوە تیرۆریستییەکانی پەكەكە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ناو و ناوبانگ و پێگەی کوردیش لە دونیای دەرەوە دروست کردووە.

لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا، لێ پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا شوێنی پەکەکە ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستانە، یان باکووری کوردستان؟

بەو ھۆکارەی، كە سەرکردە و بەرپرسانی باڵای پەکەکە خەڵکی باکووری کوردستانن و بە حسابی خۆیان بۆ ئازادیی كوردی باكوور دامەزراون! جێی خۆیەتی پەکەکە تەنانەت بە گرتنی یەک گوندی ناوچە سنووییەکانی باکووری كوردستان، بۆ ھەموو میللەتی کوردی بسەلمێنێت، کە خەباتی ئەوان لەپێناو ڕزگاریی گەلی كورد و خاکەكەیدایە، نەک پاسەوانیی بەرژەوندییەکانی دەوڵەتانی ئیقیلمیی ناوچەکە، وەک ئەوەی ئێستا دەیكات.

ئەوەی تا ئێستا لە رەفتار و ئەدەبیات و لێدوانەكانی بەرپرسانی باڵای پەکەکە دەخوینرێتەوە ئەوەیە، كە ئەم حزبە چەكدارە (بەناو كوردییە!) ھیچ ئامانجێکی نەتەوەیی نییە، باوەڕیشی بەو دەستکەوتانە نییە، کە کورد لە چوارچێوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان بەدەستی ھێناوە، ئەمە جیا لەوەی، خۆیشی دەستكەوتێكی بۆ كوردی باكووری كوردستان بەدەست نەهێناوە، بەپێچەوانەوە، لە زۆر وێستگەی گرنگ و چارەنووسسازدا زیانی گەورەی لێ داون.

بەپێی دوایین ئامارەکان، بەھۆی سیاسەتی ھەڵە و چەوتی سەرکردەکانی پەکەکەوە، ئەم گرووپە چەکدارییە، زۆرینەی جەماوەری خۆی لە باکووری کوردستان لەدەست داوە، ئیدی باکوورییەکان باش پەکەکە دەناسن و دەزانن، کە لق و پۆپی کێن و بۆ چ ئەجیندایەك كار دەكەن، لەسەر ئاستی سەربازییشدا، پەکەکە شکستی گەورەی ھێناوە، ڕۆژانە ژمارەیەك لەو چەکدارانەی، کە لە ڕیزەکانی پەکەکەدان، ئەو گرووپە جێ دەھێڵن، بەھۆی ئەوەی بەشێکیان ئازادییان لێ زەوت کراوە، ناتوانن لەو دۆزەخە گەورەیەی پەکەکە بۆ خۆی و ئەندامانیشی دروستی کردووە، ڕزگاریان بێت.

سەركردەكان پەكەكە لەوەتەی دروست بوون، هەواڵگریی دەوڵەتانی ئیقلیمی دروستی كردوون و كاریان تەنیا پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەو دەوڵەتانە و تێكدانی دەستكەوتەكانی كوردە، ئەگەر بڕوا ناكەن، فەرموون بزانن جێدەستی پەكەكە لە باكووری كوردستان چی بووە؟ لە رۆژهەڵات چی بووە؟ لە رۆژئاوا چی بووە؟ ئنجا سەیری رەفتارەكانی پەكەكە بكەن لە ناوچە سنوورییەكانی كوردستانی باشوور، هەر گردە و داگیری دەكەن و پاش ماوەیەك رادەستی سوپایەكی داگیركەری دەكەن، ئایا ئەمە شۆڕش و خەباتە، یان خیانەت و خاکفرۆشییە؟

ھەرێمی کوردستان، بە پاڵپشتیی ھێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و دژەتیرۆر و تەواوی ھێزە ئەمنیەکان، دۆخێکی ئارام و سەقامگیریی ئەمنی خوڵقاندووە، پێشتر داعش زۆر ھەوڵی شێواندنی ئەو ئارامییەی دا، شکستی ھێنا، بێ شک ئامانجەکانی پەکەکەش ھەمان چارەنووسیان دەبێت.

ھەڵوێستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزب، کە ھەندێک جار ڕووبەڕووی ڕەخنەی کوێرانەی نەیارانی دەبووەوە بەوەی، لەبەرامبەر تورکیا بێدەنگە، بەڵام ھەڵوێستی ئەمجارە و لەڕابردووشدا دژی تۆپبارانی تورکیا لە سنووری زاخۆ دەلالەتی ئەوەیە، کە ھەرێمی کوردستان تەسلیمی ئیرادەی ھیچ یەک لە وڵاتانی ئیقیلیمی نابێت، بە پەکەکەی (دەستکێش)ی داگیرکەرانیشەوە.