ڕێكخراوی دۆستانی هەڵەبجە، ڕێوڕەسمێكی بۆ ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی دیوانی(وەلی دێوانە) ئەنجامدا، كە لە نوسین و ئامادەكردنی (محەمەد ڕەشید ئەمینی پاوەیی) بوو.
كۆچەر میرزا، سەرۆكی ڕێكخراوی دۆستانی هەڵەبجە ، لەمبارەیەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٢٣/٧/٢٠٢٢، ڕێورەسمێكمان بۆ ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی دیوانی (وەلی دێوانە) ئەنجامدا كە لە نوسین و ئامادەكردنی مامۆستا (محەمەد ڕەشید ئەمینی)یە”.
گوتیشی: ”ئەم چالاكییەکە یەكێكە لە كارەكانی ڕێكخراوی دۆستانی هەڵەبجە و ڕێكخراوی دۆستانی هەڵەبجەش ئەمە دەیەمین كاریەتی كە لەبواری كولتور، مێژوو و ئەدەبی هەڵەبجەدا بە چاپی گەیاندووە”.
ئاماژەشی بەوەدا: ”ئەم كارەی مامۆستا (محەمەد ڕەشید ئەمینی) لێكۆڵینەوەیەكبوو، قەناعەتمان بەوە بوو كە خزمەتی كورد و ناوچەكەش دەكات، بۆیە بڕیارماندا ئەم كتێبە بكەین بە یەكێك لە ئیشەكانی خۆمان”.