فیلمی سینەمایی "بێ نیشتمان" لە دەرهێنانی توورج ئەسڵانی، لە سینەما تایم سەنتەر لە شاری كەركووك نمایش كرا و لە لایەن بینەرانەوە بە گەرمی پێشوازیی لێكرا.
نمایشی گشتی فیلمی سینەمایی "بێ نیشتمان" لە نووسین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماكاری كورد توورج ئەسڵانی، بەرهەمی كۆمپانیای سینەمایی ماد مووڤی MAAD Movie و هەروەها بەرهەمی هاوبەشی ڕەز هەڵكەوت ڕەشیدە لە هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی بەشێک لە ستافی سەرەكییەكەی لەوانە: توورج ئەسڵانی، ڕەز هەڵكەوت ڕەشید، شوان عەتووف و ژمارەیەك لە كەسایەتییە كەلتووریی و هونەرمەندانی بەرچاو لە سینەما تایم سەنتەر لە شاری مێژوویی و رەسەنی كەركووك نمایشكرا و لە لایەن بینەران و هۆگرانی هونەری سینەماوە پێشوازییەكی بێوێنەی لێكرا.
نمایشی گشتی "بێ نیشتمان" بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە لە سینەمای شارە جۆراوجۆرەكانی هەرێمی كوردستان لە سیتی سینەما لە شاری سلێمانی دەستی پێكردوو و لە درێژەدا لە سینەما ئێمپایری فامیلی مۆڵ لە شاری هەولێر چووە سەر پەردەی سینەماكان و هەروەها لە داهاتوویەكی نزیكیشدا لە گرینگترین شارە عەرەبییەكان وڵاتی عێراق نمایش دەكرێت.