كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 23/07/2022

باشە ئیتر كورد چۆن خۆی بە عێراقی بزانێت؟

1- كورد چۆن خۆی بە عێراقی بزانێت، كە لە چەندین ساڵی ڕابردوودا، بەھۆی شەڕی نێوان توركیا و پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان، بە دەیان ھاووڵاتیی كوردستان بوونەتە قوربانی، بەڵام عێراق مێش میوانی نەبووە؟ كەچی دوای تۆپبارانەكەی توركیا بۆ سەر ناوچەیەكی گەشتیاریی سەر بە زاخۆ، ھەر لەبەرئەوەی قوربانییانی ئەو تۆپبارانە عەرەب بوون، ئەوەتا سكاڵایان لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی دژی توركیا تۆمار كردووە! دەستیان خۆش بۆ تۆماركردنی ئەو سكاڵایە، بەڵام ئەی كوا سكاڵای بەرگری لە قوربانییانی كورد؟

2 - كورد چۆن خۆی بە عێراقی بزانێت، كاتێك مووشەكی بالیستی دەگرنە ھەولێر و ماڵی ھاووڵاتییانی لە ھەولێر پێ خاپوور دەكرێت، سكاڵا لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی دژی ئەو دەوڵەتە تۆمار ناكرێت، كە ئەو مووشەكانەی گرتە ھەولێر، لەكاتێكدا مووشەكھاوێژانی ئەو دەوڵەتە، خۆیان بە فەرمی ڕایانگەیاند، بەڵێ ئەوان بوون مووشەكیان گرتە ھەولێر، كەچی ئەم بابەتە لەلایەن عێراقەوە مردار كرایەوە و ھیچ جووڵەیەكی نێودەوڵەتی دژی دەوڵەتە مووشەھاوێژەكە بۆ سەر ھەولێر نەبوو؟كەسیش نەیگوت بایكۆتی كڕینی كاڵای دەوڵەتی مووشەكھاوێژ بۆ سەر ھەولێر بكەن!

3 - كورد چۆن خۆی بە عێراقی بزانێت، كە عێراق نەك ھەر بەرگریی لێ ناكات، بەڵكو عێراق خۆی ھەتا ئێستاش ھەڕەشەیە بۆ سەر كورد؟ بچن گوێ لە ھەموو تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوەكەی نووری مالیكی بگرن، كە لە بەشێكیدا كورد تۆمەتبار دەكات بەوەی، كە بەشێكن لە پرۆژەی بەریتانیا لە عێراق و دەبێت بۆ ڕووخاندنی ئەو پرۆژە بەریتانییە، كە كورد بووە بە بەشێك لەو پرۆژەیە، شەڕ دژی كورد بكەن! ئەوە لەكاتێكدایە، كە عێراق بەم سنوورە جوگرافییە و بەم بیچم و بۆدیەی ئێستایەوە، ھەرھەمووی بەریتانیا دروستی كردووە! كورد لە 25ی 9ی 2017 ویستی بە ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان، واتە بە شێوەیەكی ھێمنانە و ھاوچەرخ و دیموكراسییانە، ئەم پرۆژەیەی بەریتانیا كۆتایی پێ بھێنێت، بەڵام ئەوەی كە بەرگری لە مانەوەی پرۆژەی بەریتانیا كرد، ئەوە ھەر مالیكی و مالیكییەكان بوون، كە خۆیان و كلكەكانیان لە كوردستان، بۆ ھێشتنەوەی پرۆژەی بەریتانیا پەلاماری كوردستانیان دا! دیسان پێم بڵێن، كورد چۆن خۆی بە عێراقی بزانێت؟ تەنیا یەك خاڵم پێ بڵێن، كە ببێت بە ھۆی ئەوەی كورد ئارەزوومەندانە حەز بكات بە عێراقی بمێنێتەوە.