ڕێبوار تاڵەبانی: لەسەر سكاڵای عەرەبە هاوردەكان فەرمانی دەستگیركردن بۆ جووتیارانی كورد دەردەچێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ڕێبوار تاڵەبانی: لەسەر سكاڵای عەرەبە هاوردەكان فەرمانی دەستگیركردن بۆ جووتیارانی كورد دەردەچێت

"هەڵمەتێكی نوێ و مەترسیداری تەعریب لە كەركووك بەڕێوە دەچێت"

لە چاوپێكەوتنێكی (باسنیوز)دا، ڕێبوار تاڵەبانی، ڕاوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ كاروباری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، ڕایدەگەیەنێت، لەسەر سكاڵای عەرەبە هاوردەكان، فەرمانی دەستگیركردن بۆ جووتیارانی كورد دەردەچێت و ئێستا وای لێهاتووە، ئەوان داوای قەرەبوو دەكەن، دەشڵێت: "بەبێ هێزی پێشمەرگە، دۆخی ئەمنیی ناوچەكە خراپتر دەبێت".

سەرەتا لەبارەی كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سەربازی و ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، ڕێبوار تاڵەبانی، گوتی: “داواكاری بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك ی بەردەوامە، كە كۆتایی بە دەسەڵاتی سەربازیی بهێنرێت، چونكە حاڵەتێكی نادەستووری و ناتەندروستە و نابێ ئەو گرووپە چەكدارانە بە هیچ شێوەیەك لەناو شاردا بمێننەوە، هاوكات بابەتی كەركووك پەیوەستە بە مادەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، كە دەبێت دۆخی شارەكە ئاسایی بكرێتەوە، واتا دوو جار دەبێ ئاسایی بكرێتەوە، جارێك لە دۆخەی كە ئێستا تێی دایە ڕزگار بكرێت، جارێكی تریش بەندەكانی ئەو مادە دەستوورییەی كە هەیە جێبەجێ بكرێت، چونكە ئێستا بەپێچەوانەی پووچەڵكردنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی بەناو سەركردایەتیی شۆڕشی بەعس كار دەكەن، هەڵمەتێكی تری تەعریب دەستی پێ كردووەتەوە، كورد نەك هەر لە كەركووك، بگرە لە شوێنەكانی تری ناوچە كوردستانییەكان بە دۆخێكی زۆر خراپدا تێپەڕ دەبێت”.

سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی زەویوزاری جووتیاران لەلایەن عەرەبە هاوردەكان و هەروەها نوێكردنەوەی گرێبەستە كشتوكاڵییەكان بۆیان، ڕاوێژكارەكەی سەرۆكی حكوومەت، ئەوەی خستە ڕوو: “ئەوەی كە هەیە تەعریبە، ئێستا بەداخەوە دۆخەكەی والێهاتووە، كە كارەساتێكی تازە ڕووی داوە لە هەمووی مەترسیدارترە، ئەویش ئەوەیە، كە ئەو جووتیارە كوردانەی لەدوای ساڵی 2003وە گەڕاونەتەوە سەر زەویوزارەكانی خۆیان، كە مافی سەرەتایی خۆیان بوو و زوڵمیشیان لێ كراوە، ئێستا ئەوانە لەلایەن عەرەبە هاوردەكانەوە بۆیان دەكەنە دۆسیەیەك لە دادگا و داوای قەرەبوویان لێ دەكەن، ئێستا سكاڵای پێچەوانە دەكەن، جگە لە كەركووك، تەنانەت لە خانەقینیش كێشەی تەعریب هەیە و ئێستا وای لێهاتووە دادگاكان لەسەر سكاڵای عەرەبە هاوردەكان فەرمانی دەستگیركردن بۆ جووتیارانی كورد دەردەكەن، لەجیاتی ئەوەی مافە ڕەواكانی خۆیان وەربگرن، كە لێیان زەوت كراوە، بۆیە ئەو بابەتانە دەبێ چارەسەر بكرێن، چونكە ناكرێ جووتیارانی كورد كاتی بەعس زەوییەكانیان داگیر دەكرا و ئینجا دوای رووخانی ڕژێمی بەعس گەڕانەوە سەر زێدی باب و باپیرانی خۆیان، ئێستا داوای قەرەبووی ئەوەیان لێ بكەن، كە لە 2003ەوە تا 2017 لەسەر زەویەكانیان كاری كشتوكاڵییان كردووە، واتا ئەو عەرەبە هاوردانە ئەو مافەشیان پێ ڕەوا نابیین و ئێستا سكاڵایان لەسەر دەكەن و داوای قەرەبوو دەكەن، كە كاتی بەعس بە گرێبەست ئەو زەوییانەی جووتیارانی كورد بە گرێبەست درابووە ئەوان”.

لەبارەی خراپیی دۆخی ئەمنی و جموجۆڵەكانی داعشیشەوە، ڕێبوار تاڵەبانی، گوتی: “بەڵێ جموجۆڵیان هەر بەردەوامە و ئەگەر هێزی پێشمەرگە لە ناوچەكە نەبێ، ئەوا دۆخی ئەمنیی ناوچەكە خراپتر دەبێت و باشتر نابێت”.

لە كۆتاییدا، لەبارەی سیاسەتی جیاوازیكردن لە گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە كەركووك، كە ئێستا لەسایەی ئیدارەی سەپێندراوی كەركووك، زیاتر بایەخ بە ناوچە عەرەبنشینەكان دەدرێت و ناوچەكانی كوردان فەرامۆش دەكرێن، ڕێبوار تاڵەبانی، كە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بوو، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: “دەزگای چاودێری بەسەر حكوومەتی خۆجێی كەركووك نەماوە، هەروەها لە پارێزگاكانی تری عێراقیش هەر وایە، ئەمە كێشەیە كە چاودێریی بەسەر حكوومەتی خۆجێی شارەكانەوە نەمێنێت، پارێزگارەكان بەبێ هیچ چاودێرییەك و بە ئارەزووی خۆیان پڕۆژە جێبەجێ دەكەن، یان جێبەجێی ناكەن، تەنانەت لە جێبەجێكردنی پڕۆژەشدا كەس نییە لەبارەی جۆر و كوالێتییەكە لێیان بپرسێتەوە”.