ئیدانەكردنەكەی سەرۆكی حكوومەت، یەك ئیدانەكردنە یان چوار؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 21/07/2022

ئیدانەكردنەكەی سەرۆكی حكوومەت، یەك ئیدانەكردنە یان چوار؟

لەناو گرووپێكی واتسئاپدام كە ژمارەیەك عەرەبی عێراقی و دەرەوەی عێراقیشی تیایە، كە بۆردومانەكەی توركیا بۆ سەر ھاوینەھەوارێكی سەر بە زاخۆ ڕووی دا و دواتر عێراق ئیدانەی كرد، یەكێك لەناو ئەو گرووپە ھەر بەعەرەبی پرسیارێكی كرد و گوتی: "ئەی ئایا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئیدانەی ئەو بۆردومانەی كردووە؟"

ھەر دوای ئەو پرسیارە، ئیدانەكردنی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ئەو بۆردومانە ھاتە ناو گرووپێكی دیكە و منیش دەستبەجێ ئەو ئیدانەكردنەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانم كۆپی كرد و وەك خۆی لەو گرووپە دامنا كە ئەو پرسیارەی تیا دانرابوو، ئەوانیش بەوەشەوە كە پرسیارەكەی فڕێ دابووە ناو گرووپەكەوە، بێدەنگ بوون!

بەڵام ئایا ئەو ئیدانەكردنەی سەرۆكی حكوومەت بۆ ئەو بۆردومانەی ھێزەكانی توركیا بۆ ئەو شوێنە گەشتیارییەی سەر بە زاخۆ، یەك ئیدانەكردنە و ئایا ئەوە ھەر بە تەنیا ئیدانەكردنی ھێزەكانی توركیایە؟

لەناو ڕاگەیەندراوەكەی سەرۆكی حكوومەتدا، تەنیا ئیدانەكردنی ھێزەكانی توركیا كراوە، بەڵام من وەك ھاووڵاتیەك كە زیاتر لەو ئیدانەكردنەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ورد بوومەوە و ھەندێك ھەڵوەستەم لەسەر كرد و تۆزێك سەعیم تیا كرد، وەك لێكدانەوە و خوێندنەوە و ڕای شەخسیی خۆم، ھەستم كرد ئەوە 4 جۆر ئیدانەكردن.. چۆن؟ ئادەی كوا؟

1 : - ئیدانەكردنی ھێزەكانی توركیا ئەمەیان ڕاستەوخۆ ناوی ھێنراوە.

2 : - ئیدانەكردن و دەمكوتكردنی ھەموو ئەوانەی ناوخۆمان كە تەنیا لەبەرئەوەی ھەرێمی كوردستان نەوتی خۆی بە بۆریی نەوتی كوردستان و لەڕێگەی توركیاوە و تەنیا وەك ترانزێت دەنێرێتە دەرەوە، ھەر لەسەر ئەمە و چەندین ساڵە و ھەتا ئێستاش ھێرش دەكەنە سەر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و بەتایبەتی پارتی لەناو حكوومەتدا كە ئیرادەی خۆی ڕادەستی توركیا كردووە! و ناردنەدەرەوەی نەوتی ھەرێمیان بۆ دەرەوە لەرێگەی توركیا وەك ڕێككەوتنی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان سەیر نەدەكرد، بەڵكوو وەك پاشكۆیەتی و خۆڕادەستكردنی ھەرێمی كوردستان بە توركیا سەیریان دەكرد!

بەڵام ئەم ئیدانەكردنەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئیدانەكردنی ئەو گەمژانەی ناوخۆیشمانی تیایە و پێیان دەڵێت ئێوە بەسەھوودا چوون یان بەسەھوودا براون و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان خاوەنی ئیرادە و سیاسەتی خۆیەت.

3 : - ئیدانەكردن و دەمكوتكردنی ھەموو ئەو شۆڤێنیست و مەزھەبی و تائیفییانەی عێراقیشی تیایە كە لە عێراقدا پاشكۆی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتی دەرەوەی عێراقن و چەندین ساڵە و بە فیتی ئەو دەوڵەتانە و بۆ چەواشەكردن و بەلاڕێدابردنی بیروڕای عەرەبی عێراق و تەنانەت عەرەبی دەرەوەی عێراقیش پروپاگەندەی ئەوەیان دەكرد كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھیچ گوێ بە ھاووڵاتیانی عێراق نادات و دژی بەرژەوەندییکانی ھاووڵاتیانی عێراق دەجوڵێتەوە، بەڵام ئەم ئیدانەكردنەی سەرۆكی حكوومەت و بەدەنگەوەچوون و فریاكەوتنی بریندارانی ئەو ڕووداوە و ڕاسپاردنی وەزیری تەندروستی حكوومەتی ھەرێم بۆ سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆ و لەنزیكەوە پێشكەشكردنی ھەموو یارمەتیەكی پێویست بۆ چارەسەری برینداران كە ھەموویشیان عەرەبی عێراقن، ھەموو پروپاگەندەكانی ئەو شۆڤێنیست و تائیفیانەی عێراقی دژی ھەرێمی كوردستان پووچەڵ كردەوە.

4 : - ئیدانەكردنی ھەموو ئەوانەشی تیایە كە پەكەكەیان كردووەتە ئامێری جێبەجێكردنی بەرنامە و پیلانەكانی خۆیان و پەكەكە وەك ئامێرێك لە ھەرێمی كوردستان بەكار دەهێنن بۆ ئەوەی جگە لەوەی كە حساباتی خۆیان لەھەرێمی كوردستان یەكلا بکەنەوە ھەرێمی كوردستانیش ڕابكێشنە ناو شەڕی نێوان توركیا و پەكەكە، چونكە ئەوەتا لە كۆتایی ئیدانەكردنەكەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا ھاتووە:

(هەرێمی کوردستان، بەردەوام ڕاکێشراوەتە ناو شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە کە زیان و ئازارێکی زۆری بە هاووڵاتیانمان گەیاندووە و دەبێ کۆتایی پێبێت)