مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا، لە تازەترین لێدوانیدا دەڵێت، زانیاریمان لە دەزگای سەربازیی توركیا وەرگرتووە، كە بە هیچ شێوەیەك لە سنووری زاخۆ، هاووڵاتیی سڤیلمان نەكردووەتە ئامانج و هەموو تۆمەتەكانیش ڕەت دەكەینەوە.
چاوشئۆغڵو، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنی (TRT)ی توركیدا ئاماژەی دا، كە هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەكەنەوە وا ئاڕاستەی توركیا دەكرێت، بەوەی پەلاماری هاووڵاتیی سڤیلی عێراقی داوە.
گوتیشی: ”دوێنێ كاتێك ئەو هەواڵە ناخۆشەمان بیست، لێدوانمان لە بارەیەوە دا، لێرەوە دیسان ڕەحمەتی خودا بۆ ئەو كەسانە دەنێرم كە لەو بۆردومانەدا گیانیان سپارد و ژمارەیان 9 كەس دەبێت و داواش دەكەین برینداران شیفایان بۆ بێت“.
باسی لەوەش كرد، ئەگەر پێویستیان بە توركیا بێت، ئەوان ئامادەن برینداران وەربگرن و لە توركیا چارەسەریان بۆ بكەن.
لە درێژەی لێدوانەكەیدا، چاوشئۆغڵو دوپاتی دەكاتەوە كە سوپاكەیان هاووڵاتیی سڤیلی نەكردووەتە ئامانج و هەموو تۆمەتەكانیشیان بەدرۆ خستووەتەوە.
لە درێژەدا دەڵێت: ”ئێمە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكاندا، خەبات دژی تیرۆر دەكەین و بەردەوامیش دەبین. ئامانجی ئێمە لە سووریا لێدانە لە تیرۆر و لە عێراقیش بە هەمان شێوە تیرۆریستمان كردووەتە ئامانج. ئێمە دەبێت لە توركیا عێراق و سووریا تیرۆر لەناو ببەین و پاكیان بكەینەوە، بۆیە جاروبار ئۆپەڕاسیۆن ئەنجام دەدەین. بۆ لەنابردنی پەكەكەش، ئامادەین لەگەڵ هەر وڵاتێك بە یەكەوە كار بكەین.“