بەرپرسێکی کۆمەڵ: ھەرێمی کوردستان لە ڕووی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئەمنییەوە زۆر لە بەغدا باشترە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بەرپرسێکی کۆمەڵ: ھەرێمی کوردستان لە ڕووی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئەمنییەوە زۆر لە بەغدا باشترە

"كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قبووڵ ناکەن حکوومەتی نوێی عێراق بە بێ کورد پێکبھێنرێت"

سەباح قارەمانی، ئەندامی ئەنجوومەنی بانگەواز و پەروەردەی کۆمەڵی دادگەری، لەم چاوپێکەوتنەی (باسنیوز)دا ڕایدەگەیەنێ، وڵاتان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قبووڵ ناکەن حکوومەتی نوێی عێراق بە بێ کورد پێکبھێنرێت و پێویستە پێکھاتەی کورد وەک بەشێکی سەرەکی بەشداریی لە پڕۆسەی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقدا بکات. گوتیشی: “ھەرێمی کوردستان لە ڕووی خزمەتگوزاری و ئەمنییەوە زۆر لە بەغدا باشترە”.

(باسنیوز): پرسی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی نوێی عێراق دۆخی بەغدای ئاڵۆز کردووە، ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکان و جووڵەی شەقام، بەغدا بەرەوکوێ دەبات؟
سەباح قارەمانی: بارودۆخی سیاسیی عێراق زۆر مەترسیدارە و دۆخەکە لە لێواری تەقینەوەدایە، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان بەڕێز موقتەدا سەدر و نووری مالیکی، گەیشتووەتە ئاستی تەخوینکردنی یەکتری و بڵاوبوونەوەی گرتەی نھێنی، ئەمە وادەکات ڕەوشی عێراق بەئاسانی سەقامگیر نەبێت، چونکە موقتەدا سەدر دەنگی زۆرینەی ھەڵبژاردنەکەی ھێناوە و بەنیازی ئەوەبوو حکوومەتی نوێ پێکبھێنێت، بەڵام بەھۆی فشاری نێودەوڵەتی و ناوخۆییەوە، لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقدا کشایەوە، بۆیە ئەگەر چوارچێوەی ھەماھەنگی حکوومەت پێکبێنێت، تەمەنی درێژ نابێت.

(باسنیوز): موقتەدا سەدر دەڵێت، تاقیکراوەکان تاقی ناکرێنەوە، بەڵام نووری مالیکی ھەڕەشەکانی بەرامبەر ڕەوتی سەدر چڕتر کردووەتەوە، ئایا مالیکی دەتوانێ جارێکی دیکە جڵەوی دەسەڵات بگرێتەوە دەست؟
سەباح قارەمانی: موقتەدا سەدر گۆڕەپانەکە بۆ ئەوان چۆڵ ناکات، لە پەیامەکەشیدا بە نووری مالیکی گوت، تاقیکراوەکان تاقی ناکرێنەوە، بۆیە ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێت، ئەگەر حکوومەتی داھاتوو بە بێ موقتەدا سەدر پێکبھێنرێت، دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەبێ و کێشەکان توندتر دەبن، گومانی تێدا نییە کە موقتەدا سەدر یەکێکە لەو کارەکتەرە سیاسییانەی لە شەقامی عێراقدا کاریگەریی باڵای ھەیە و جەماوەرێکی بێژماری ھەیە، لەناو گەلی عێراقیشدا جۆرێک لە کاریزمای بۆ خۆی دروست کردووە، بۆیە ئەگەر موقتەدا سەدر بیەوێت، زۆر بەئاسانی دەتوانێت شەقامی عێراقی بە ئاڕاستەی بەرژەوەندییەکانی خۆی بجووڵێنێت، چونکە سەدر و ڕەوتەکەی لۆبیی شەقامیان ھەیە و ھەموان پاڵپشتیی موقتەدا سەدر دەکەن، تەنانەت وەک کاریزمایەک سەیری دەکەن، دواجار گەلانی عێراق لە حکوومەتەکانی پێشووتر بێزارن، بۆیە شەقامی عێراق پاڵپشتیی لە موقتەدا سەدر دەکات.

(باسنیوز): کەواتە نووری مالیکی کارتێکی سووتاوە و شەقامی بەغدا نایانەوێت جارێکی دیکە ئەزموونی مالیکی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق دووبارە بکەنەوە؟
سەباح قارەمانی: ئەزموونی نووری مالیکی تاقی کراوەتەوە، ڕاستە مالیکی حزبێکی سیاسی ھەیە، بەڵام حزبەکەی پێگەی لاوازە و جەماوەرەکەی ھاوتای جەماوەرەکەی موقتەدا سەدر نییە، ھەروەھا نووری مالیکی لای گەلی عێراقی کەسێکی مەرغووب نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران مالیکی قبووڵ ناکەن، چونکە باش دەزانن ئەگەر چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعەکان حکوومەتی نوێ عێراق پێکبھێنن، موقتەدا سەدر بێ دەنگ نابێ و دەرەنجامەکەی بەرەو ھەڵوەشاندنەوە دەچێت.

(باسنیوز): پێکھاتەکانی عێراق بە بێ ھەرێمی کوردستان تا چەند دەتوانن حکوومەتی نوێی عێراق پێکبێنن؟ پێویستە کورد چ داواکارییەكی ھەبێت؟
سەباح قارەمانی: وڵاتان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کارەکتەرە سیاسییەکانی عێراق، نایانەوێت بە بێ ھەرێمی کوردستان حکوومەتی نوێی عێراق پێکبھێنرێت، بەڵام پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەک بەشێکی سەرەکی، بەشدارۆی پێکھێنانی حکوومەتی عێراق بکات، ھەروەھا داواکاریی باشی ھەبێت، بەتایبەتی لەسەر دۆسیەی نەوت و بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان.

(باسنیوز): زیاتر لە ٢٠ ساڵە بەردەوام بەغدا کوشتار و شەڕ و ئاژاوەی تێدا بووە، ھەرێمی کوردستان بەراورد بە بەغدا چۆن دەبینیت؟
سەباح قارەمانی: ڕاستە بەغدا بەردەوام شەڕ و ئاژاوەی تێدا بووە و لە ڕووی ئەمنییەوە سەقامگیر نەبووە، شتێکی حاشاھەڵنەگرە ھەرێمی کوردستان لە ڕووی خزمەتگوزاری و ئەمنییەوە زۆر لە بەغدا باشترە، ئومێد دەکەم حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵەکانی خۆی چڕ بکاتەوە، بۆ ئەوەی کێشەی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکات، بۆئەوەی ژیانی خەڵک بەرەو ئاڕاستەیەکی باش ھەنگاو بنێت.