هەواڵێك بۆ ئەو جووتیارانەی چاوەڕوانی پارەی سێ ساڵی گەنمن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

هەواڵێك بۆ ئەو جووتیارانەی چاوەڕوانی پارەی سێ ساڵی گەنمن

وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئاشكرای كرد، بابەتی رەزامەندیی خەرجكردنی پارەی گەنمی سێ ساڵی جووتیاران تەواو بووە. دەشڵێت: “وەزیری بازرگانیی عێراق پێی راگەیاندم، بەمنزیكانە پارەكە دەنێردرێت”.

كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "لەگەڵ وەزیری بازرگانیی عێراق قسەم كرد، ئەو پێی راگەیاندم، بابەتی پارەی گەنمی سێ ساڵی جووتیارانی هەرێمی كوردستان تەواو بووە و لە ماوەیەكی نزیكدا پارەكە رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت".

ئاشكراشی كرد، پارەكە 309 ملیار دینارە و شایستەی دارایی گەنمی جووتیارانە بۆ ساڵانی 2014 و 2015 و 2016.

ئاماژەی بەوەش دا: "رەزامەندیی خەرجكردنی پارەكە تەواو بووە و تەنیا كاری ئیداری ماوە و دواتریش پارەكە بخەنە سەر ئەژماری هەرێمی كوردستان، ئەو كات ئێمەش وردەكاریی خەرجكردنەكەی دەخەینە ڕوو".

كەمال موسلیم، جەختی كردەوە، پێشووتریش نیوەی پارەكە بەسەر جووتیاراندا دابەش كراوە.

دوای چەند ساڵ ڕاگرتنی لە لایەن حکوومەتی عێراق، لە شوباتی 2021 ڕەزامەندیی لەسەر خەرجكردنی 268 ملیار دیناری پارەی گەنمی ساڵانی 2014، 2015 و 2016ی هەرێمی کوردستان درا، پارەكە نیوەی پارەی جووتیارانە و دواتر پارەکەیان بۆ خەرج کرا.

وەزیری بازرگانی گوتیشی: "وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر پرسی پارەی گەنمی جووتیاران بەردەوام لەسەر خەتین، بەتایبەت خۆم بەردەوام لەگەڵ وەزیری بازرگانیی عێراق لە پەیوەندیدام، ئەو پارەیە ماف و شایستەی جووتیارانی هەرێمی كوردستانە و چەند ساڵە جووتیارانمان لێی بێبەش كراون".

رۆژی 7ی7ی2022 نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "د. شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق چووەتە وەزارەتی بازرگانی و وەک خۆی باسی کردووە، لەسەر نووسراوێکی ئەوان، وەزیری بازرگانیی عێراق بۆ وەزارەتی دارایی لەسەری نووسیوە، تاوەکوو ئەو 309 ملیار دینارەی گەنمی ساڵانی 2014، 2015 و 2016ی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێ".

کۆی پارەی گەنمی ساڵانی 2014، 2015 و 2016ی هەرێمی کوردستان 557 ملیار و 775 ملیۆن دینار بوو، تەنیا 268 ملیار دیناری خەرج کراوە.

پێشتر، د.شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بڵاوی کردەوە: "دوای ئەوەی تەواوی شایستە داراییەکانی ساڵانی رابردوومان لە پرۆژەی یاسای ئاسایشی خۆراک چەسپاند، بۆ بەدواداچوونی ئەو بڕە پارەیە و گەیشتنی بە دەستی جووتیاران، سەردانی وەزارەتی بازرگانیمان کرد و راستەوخۆ لەسەر نووسراوێکی ئێمە، وەزارەتی بازرگانی نووسراوی رەوانەی دارایی کرد، بۆ خەرجکردنی کۆی پارەکە، کە نزیکەی 309 ملیار دینارە.