وەزیری بازرگانی: وەرگرتنی گەنم لە قۆناغی كۆتاییدایە و دابەشكردنی پارەی جووتیارانیش بەردەوامە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

وەزیری بازرگانی: وەرگرتنی گەنم لە قۆناغی كۆتاییدایە و دابەشكردنی پارەی جووتیارانیش بەردەوامە

"68 ملیار دیناری دیكە بەسەر جووتیاران دابەش دەكرێت"

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی كوردسان ئاشكرای كرد، دابەشكردنی پارەی گەنمی جووتیاران بەردەوامی هەیە و تاوەكوو ئێستا نزیكەی 40 ملیار دینار دابەش كراوە و بەمنزیكانەش 68 ملیار دیناری دیكە دابەش دەكرێت.

كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە و لە قۆناغی كۆتاییداین، تاوەكوو دوێنێ 244 هەزار تەن گەنممان وەرگرتووە".

ئاماژەی بەوەش دا، بەراورد بەوەی وشكەساڵی بووە گەنمێكی باش لە سایلۆكانی هەرێمی كوردستان لە جووتیاران وەرگیراوە.

لە28/5/2022ەوە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە و لە رۆژی 9ی/6/2022 یەكەم وەجبەی پارەی گەنمی ساڵی 2022 درایە جووتیاران كە بۆ هەر تەنێك 850 هەزار دینارە.

سەبارەت بە پێدانی پارەی جووتیاران، كەمال موسلیم، گوتی: "ئەمساڵ بەشێوەیەكی خێرا پارەكە بە جووتیاران دەدرێت و بەردەوامیش دەبێت، تاوەكوو ئێستا نزیكەی 40 ملیار دیناری پارەی گەنمی ئەمساڵ هاتووە و دابەش كراوە و بەمنزیكانەش 68 ملیار دیناری دیكە دابەشی سەر جووتیاران دەكرێت كە بەم دواییانە گەنمی خۆیان رادەستی سایلۆكان كردووە".

تاوەکوو ئێستا 35 ملیار و 150 ملیۆن دیناری پارەی گەنمی 2022ی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هاتووە و دابەش کراوە،68 ملیار 600 ملیۆن دیناری تری پارەی گەنم خراوەتە سەر ئەژماری وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان.