ئایا نرخى زێڕ داده‌به‌زێت؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئایا نرخى زێڕ داده‌به‌زێت؟

له‌ هه‌فته‌ى پێشوو نرخى زێڕ دابه‌زینى به‌ خۆیه‌وه‌ بینى، گوته‌بێژى یه‌كێتیى زێڕینگەرانی کوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، دوێنى ئێواره‌ له‌ كاتى داخستنى بۆرسه‌ى زێڕ، نرخى هه‌ر مسقاڵێك زێڕى عه‌یار 21 به‌ 365 هه‌زار دینار فرۆشراوه‌، خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستانیش ئێستا به ڕێژه‌یه‌كى كه‌م زێڕ ده‌كڕن.

ئەمڕۆ دووشەممە 18/7/2022، هندرێن وه‌رتى، گوته‌بێژى یه‌كێتیى زێڕینگەرانى كوردستان، به‌ (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاند: هه‌فته‌ى ڕابردوو به‌هۆى پشووه‌وە بۆرسەی زێڕ داخرابوو، كه‌ ئه‌وكات هەر ئۆنسەیەک له‌سه‌ر هەزار و 707 دۆلار داخرابوو، به‌ڵام ئێستا كه‌ بۆرسه‌ى زێڕ كراوه‌ته‌وه‌ هەر ئۆنسەیەک به هەزار و 818‌ دۆلاره‌، واتا‌ ده‌ دۆلار به‌رز بووەته‌وه‌ و نرخى زێڕێش جێگر نییه‌ و به‌هۆى ڕێژه‌ى سووى بانكى فیدراڵیی ئەمریکاوە به‌رزی و نزمى به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بێنت، چونکە جێرێن پاوڵ، سه‌رۆكى یه‌ده‌گى بانكى فیدراڵیی ئه‌مه‌ریكا هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ به‌رزكردنه‌وه‌ى سووى بانكى بووه و‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریى هه‌بوو لەسەر ئەوەی کە نرخى زێڕ دابه‌زین به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێت.

گوتیشى: له‌ شارى ئیستانبوڵ چەند دانیشتنێک هه‌بوو کە كاریگه‌رییان لەسەر کۆمەڵێک پرسى سیاسى دانا و ئارامى له ‌ناوچه‌كه‌دا پەیدا بوو، نرخی پاوه‌ندى ئه‌رستەرلینییش دابەزی و دابه‌زینى نرخى یۆرۆ به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار و به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخی دۆلارى ئه‌مریکی به‌رامبه‌ر به‌ دراوه‌كانى تر و شكانى دراوى بتكۆین و بسكۆین و دراوه ‌ئه‌لیكترۆنییه‌كان و شكانى نرخى نه‌وت، هه‌موویان بوونە هۆکاری ئەوەی کە نرخی زێڕ دابەزێت.‌

ڕایشیگه‌یاند: دوێنى له‌ هه‌رێمى كوردستان مسقاڵێك زێڕى عه‌یار 21 به‌ 365 هه‌زار دینار بوو، ئه‌مڕۆ پێشبینى ده‌كرێت مسقاڵێك زێڕى عه‌یار 21 بگاته‌وە 370 هه‌زار و ‌ئه‌گه‌ریش هه‌یه‌ دابه‌زینێك به‌ خۆیه‌وه‌ ببێنت، له‌ پێشبینى ئێمه‌شدا هه‌بوو كه‌ نرخى هه‌ر مسقاڵێك بگاتە 350 هه‌زار دینار، بازاڕى زێڕیش جێگیر نییه‌ و ناتوانین بڵێین نرخه‌كه‌ى جێگیره‌.

ئه‌وه‌یشی خسته‌ ڕوو: خه‌ڵك پاره‌ى نییه‌، ئه‌گه‌رنا پێشوازیى خه‌ڵك زۆر باشه‌ بۆ زێڕكڕین، ئێستا ئه‌وه‌ى هاوسەرگیرییش بكات، زێڕ ده‌كڕێت، به‌ڵام به‌ ڕێژه‌یه‌كى زۆر‌ كه‌م ده‌كڕێت، چونكه‌ دۆخى عێراق باش نییه،‌ ئەو ئومێدەی له‌ هه‌رێمى كوردستانیش هەیە بەهۆی ئاسایش و ئارامییەکەیەتی و هه‌فته‌ى پێشوو كڕینى زێڕ زۆر باشتر بوو له‌م هه‌فته‌یه‌.