عێراق خۆی و وەزارەت و دادگا باڵاكەشی دۆڕاون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 17/07/2022

عێراق خۆی و وەزارەت و دادگا باڵاكەشی دۆڕاون

ئێستا نا بەڵكوو ھەر لە ساڵی 2008 – وە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بەردەوام و بەپشتبەستن نەك ھەر بە توانا ناوخۆییەكانی خۆی بۆ شیكردنەوە و لێكدانەوەی یاسای نەوت و غازی ھەرێمی كوردستان ژمارە 22ی ساڵی 2007 بەڵكوو بە ڕاوێژكردن و پشتبەستن بە شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی، دەیگوت یاسای نەوت و غازی ھەرێمی كوردستان دەستوورییە و ھیچ ناكۆكی و دژایەتیەك لەنێوان یاسای نەوت و غازی ھەرێمی كوردستان و دەستووری عێراقدا نیە و بۆ ئەم مەبەستەش ھەر لە ساڵی 2008 – وە بەڵگەی فەرمیی نێودەوڵەتیی لەبەردەستدایە (خۆیشم وێنەی ئەو بەڵگە فەرمیەم لایە) بەڵام چونكە عێراق بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسێی نەوت و غاز ھەر لەسەر عەقڵی دیكتاتۆریانە و مەركەزییانەی بەعس دەڕۆیشت، بەردەوام دەیگوت یاسای نەوت و غازی ھەرێمی كوردستان دەستووری نیە و ھەرێمی كوردستان موڵكی عێراق تاڵان دەكات!

عێراق لەجیاتی ئەوەی بێت و بە رێککەوتن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان یاسای نەوت و غازی عێراق بە گوێرەی دەستووری عێراق دەربكەن و ئیتر بەھۆی ئەم یاسایەوە چارەسەری ڕیشەیی بۆ كێشەی نەوت و غازی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق بدۆزرێتەوە و كۆتایی بەم كێشەیە بھێنرێت، لەجیاتی ئەمە، ھات و سواری سەری خۆی بوو وازیان نەھێنا ھەتا دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقیشیان ھەتك كرد! و كارێكیان كرد بەشێك لە دادوەرانی ئەو دادگایە، وەك چەكدارانی خەزعەلی بڕیاریان دژی یاسای نەوت و غازی ھەرێمی كوردستان دەركرد و وەزارەتی نەوتی عێراقیش زیاتر شووڵی لێ هەڵکێشا و بەردەوام ھەڕەشەی لەو كۆمپانیا نەوتیانە دەكرد و ئەوەندە لە خۆیان بوغرا و لووتبەرز ببوون، ماوەی 3 مانگی بۆ ئەو كۆمپانیایانە دانابوو كە ئەگەر بەردەوام بن لە کارکردن لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئەو كاتە ئەو كۆمپانیایانە دەخرێتە لیستی ڕەشەوە! وەك ئەوەی ئەو كۆمپانیایانە مووچەخۆری وەزارەتی نەوتی عێراق بن!

بەشێك لە جاشەكانی ناوخۆیشمان، وەك قەومی قاز، عێراق دژی ھەرێمی كودستان چیی دەگوت ئەمانیش دەیانگوتەوە و ھەندێك جار لە عێراق زیاتریش دژایەتیی ھەرێمی كوردستانیان دەكرد و لە مەلیك مەلیكتر بوون.

بەڵام ئێستا كۆمپانیای گیبسۆن دان كە كۆمپانیایەكی ئەمەریكیە و لە ساڵی 1890 – وە دامەزراوە و 30 ساڵ زیاتر تەمەنی لە تەمەنی دەوڵەتی عێراقیش كۆنترە! 1400 پارێزەری ھەیە و لە 20 دەوڵەتیش لقیان ھەیە، ئەم كۆمپانیایە جگە لەوەی كە دەڵێت یاسای نەوت و غازی ھەرێمی كوردستان دەستوورییە، دەشڵێت ئەگەر كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بیانەوێت دەتوانن لە دادگا نێو دەوڵەتیەکان سكاڵا دژی عێراق بجووڵێنن و بە دەیان ملیار دۆلاریش قەرەبوو لە عێراق بستێنن! كەواتە:

1- لەرووی نێودەوڵەتیەوە، مامەڵە و بۆچوونی ھەرێمی كوردستان بۆ مامەڵە لەگەڵ دۆسێی نەوت و غاز دەستووریە و مامەڵە و بۆچوونی عێراق لەم دۆسێیەدا بەعسیانەیە!

2- ئەگەر كۆمپانیاكانی نەوت كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، بیانەوێت دەتوانن سكاڵا دژی عێراق بكەن و لەم سكاڵایەشدا عێراق دۆڕاوە، كە عێراقیش دۆڕا كەواتە وەزارەتی نەوتی عێراق و دادگا باڵا فیدراڵیەكەی عێراقیش دۆڕاوە، واتە عێراق بە خۆی و وەزارەت و دادگا باڵاكەیەوە بە دۆڕاوی لێی دێنە دەر.

بەڵام ئێستا پرسیار ئەوەیە كە ئایا ئیتر وەزارەتی نەوتی عێراق و دادگا باڵا فیدراڵیەكەی و جاشەكانی ناوخۆمان ڕووی قسەكردنیان لەسەر مەلەفی نەوت و غازی ھەرێمی كوردستان لەبەرامبەر عێراقدا ماوە؟ من دەڵێم ئەگەر ئەوان مراوی بن و تەڕ نەبن، بەڵێ ڕووی قسەكردنیان ماوە!