كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ڕۆنزی زیاد سەیدۆ به‌گ: مافی ئێمەی ئێزدی لە عێراقدا مردووە

لە چاوپێکەوتنێکی (باسنیوز)دا ڕۆنزی زیاد سەیدۆ به‌گ، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پرسیاری لە مستەفا کازمی کردووە، بۆچی تاکوو ئێستا دوو هەزار و 500 پۆلیس بۆ شنگال دانەمەزراوە و دۆسیەی شنگال چارەسەر نەکراوە، بەڵام پێ دەچێت چاوەڕێی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بکەن و هیچ کارێک بۆ شنگال نەکراوە.

(باسنیوز) چەند ڕۆژ لەمەوبەر ئێوە وەکوو پەرلەمانتار لەگەڵ مستەفا کازمی کۆ بوونەوە، چیتان بۆ شنگال داوا کرد؟

ڕۆنزی زیاد سەیدۆ به‌گ: من پرسیارم لە مستەفا کازمی کرد، بۆچی تاکوو ئێستا دوو هەزار و 500 پۆلیس بۆ شنگال دانەمەزراوە، هەروەها گوتم ئێمە ڕژدین لەسەر چارەسەرکردنی کەیسی شنگال و ئەوەی کە ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان، بەڵام پێ دەچێت ئەوان چاوەڕێی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دەکەن و ئێمەش هەر چاوەڕێی حکوومەتی نوێ دەکەین، چونکە تاکوو حکوومەتی نوێ پێک نەیات هیچ کارێک بۆ شنگال ناکرێت، ئێمە بەردەوام بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەین بۆ ئەوەی ئەو پۆلیسانە بۆ پاراستنی ئاسایشی شنگال دابمەزرێن.

(باسنیوز) زۆر دەوڵەت دانیان بە جینۆسایدی شنگالدا ناوە، بۆچی تاکوو ئێستا پەرلەمانی عێراق دانی بەو جینۆسایدەدا نەناوە کە ساڵی 2014 لە شنگال ڕووی دا؟

ڕۆنزی زیاد سەیدۆ به‌گ: مافی ئێمەی ئێزدی لە عێراقدا مردووە، ئێمە شەڕ لەسەر بابەتی جینۆسایدی شنگال دەکەین و بەڕژدی کار دەکەین بۆ ئەوەی پەرلەمانی عێراق دان بە جینۆسایدی شنگالدا بنێت، ڕاستە زۆر دەوڵەتی جیهان دانیان بەو جینۆسایدەدا ناوە و ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ ئێزدییان، بەڵام تا ئێستا عێراق دانی بە جینۆسایدی شنگالدا نەناوە و من پێم وایە شنگال هێشتا ئازاد نەکراوە، چونکە هێشتا خەڵک ناتوانن بگەڕێنەوە ناو شنگال و هیچ خزمەتگوزارییەک لە شنگال نییە.

(باسنیوز) لەناو شنگالدا هەموو لایەنەکان ڕەوشەکە لە بەرژەوەندیی خۆیان بەکار دێنن و ڕەوشی شنگال زۆر خراپە، بۆچوونی تۆ لەم بارەیەوە چییە؟

ڕۆنزی زیاد سەیدۆ به‌گ: ڕەوشی شنگال باش نییە، خەڵکی شنگال زۆر هەژارن و پێویستیان بە پشتیوانی هەیە، ئەگەر ئێمە یەکگرتوو بین و شەڕ بۆ مافەکانی خۆمان بکەین و بەرژەوەندیی تایبەت وەلا بنێین و کار لەسەر دۆسیەی شنگال بکەین، دۆسییەکە چارەسەر دەبێت، هەتا ئێستاش جینۆساید لە شنگال بەردەوامە و هێشتا هەزاران کچ و ژن و منداڵی ئێزدی بێسەروشوێنن و تورکیا شنگال بۆردومان دەکات و ئەوە هەشت ساڵە خەڵکی شنگال ئاوارەن و ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان، ئەگەر ئەو لایەنانەی لەناو شنگالدان لە شنگال دەربچن و شنگال بدرێتەوە بە خەڵکی شنگال، ڕەوشەکەی باش دەبێت.

(باسنیوز) چاره‌سه‌ری بۆ ڕه‌وشی شنگال چییه‌؟

ڕۆنزی زیاد سەیدۆ به‌گ: هێشتا چارەسەری بۆ ڕەوشی ئێزدییان نەدۆزراوەتەوە، من پێم وایە باشترین چارەسەری ئەوەیە کە یەکگرتوو بین و بەرژوەندیی تایبەت وەلا بنێین و بەڕژدی کار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بکرێت و شارەکە ئاوەدان بکرێتەوە و ناکۆکییە سیاسییەکانی ناو شنگال نەمێنن و دۆسیەی شنگال چارەسەر بکرێت و مافی ئێزدییان بدرێت و دوای هەشت ساڵ ئاوارەیی خەڵکی شنگال بتوانن بگەڕێنەوە کە لەبەر خراپیی ڕەوشەکە ناتوانن بگەڕێنەوە.