كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەندازیارێكی نەوت: لە کابینەی نۆیەمدا رێژەی قازانجی کۆمپانیاکانی نەوت کەم كرایەوە


"پێشووتر تەنیا 37%ی داھاتی نەوت دەگەڕایەوە بۆ وەزارەتی دارایی، لە کابینەی نۆیەم بووە 43%"

بەرهه‌م گەردی، ئەندازیاری نەوت لە گفتوگۆیەکی (باسنیوز )دا هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی کابینەی نۆیەم دەکات لە بواری نەوت و سامانی سروشتی. دەڵێت: “لە کابینەی نۆیەمدا توندرا رێژەی قازانجی کۆمپانیاکانی نەوت کەم بکرێتەوە و جیاوازییش لەگەڵ نرخی نەوتی سۆمۆ بکرێتە نۆ دۆلار”. جەختیش دەکاتەوە، وێڕای فشار و هاوێشتنی مووشەکەکان، ھیچ کۆمپانیایەک ھەرێمی کوردستانی بەجێنەھشتووە و مانەوەی کۆمپانیایەکان و بەردەوامبوونیان دەسکەوتە.

سەرەتا گوتی: "لەم کابینەیەدا ئەوەی تایبەتە بە پرسی نەوت و سووتەمەنی، مەبەستمانە هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەم سێ ساڵەی کابینەی نۆیەم بکەین و ئەو ئالەنگارییانەی کە رووبەڕووی حکوومەت و خودی جەنابی سەرۆکی حکوومەت بوونەوە، کە ئەگەر بە وردیی سەیر بکەین و بە ویژدانەوە ھەڵسانگاندنی بۆ بکەین، ئەوا دەکرێ هەڵسەنگاندنی بەشێکی گەورەی لە کابینەکەدا پێ بکرێت".

گوتیشی: "لە کابینەی نۆیەمدا بۆ یەکەمجار پێداچوونەوەی جدیی بە گرێبەستە نەوتییەکان کرا، بە جۆرێک، چاکسازیی تێدا کرا و پێش خرا، کە بەپێی راپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت، پێشووتر تەنیا 37%ی داھاتی نەوت دەگەڕایەوە بۆ وەزارەتی دارایی، بەڵام لە ساڵی 2022 ئەم رێژەیە بەرز کرایەوە بۆ 43%، ئەوەش کارێکی قورس بوو، كە پێداچوونەوە بکرێ و بتواندرێت رێژەی قازانجی کۆمپانیاکان کەم بکرێتەوە".

بەرهه‌م گەردی دەشڵێت: "ئالنگارییەکانی بەردەم فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان گەورەن و زۆر جار وایانکردووە ھەرێم نەوتەکەی لە نرخی بازاڕ ھەرزانتر بفرۆشێت، بەڵام بەپێی راپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت سەرەڕای ئەو ئالنگارییانە تواندراوە جیاوازیی نرخی نەوتی ھەرێم و سۆمۆ تەنیا نۆ دۆلار بێت".

ئەندازیارەکەی نەوت، باسی لەوەش کرد: "بەھۆی ئاڵۆزییەکانی پێکھێنانی حکوومەتی عێراق، فشارێکی زۆری ناخۆیی و ھەرێمی خراوەتە سەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە کەرتی نەوتدا، تا ئاستی ئەوەی وەزیری نەوتی عێراق ھەڕەشەی لە کۆمپانیا نەوتییەکان کرد بۆ ئەوەی کارەکانیان لە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان رابگرن و تا ئاستی مووشەک بارانکردن فشاری خراوەتە سەر، بەڵام دەبینین ھیچ کۆمپانیاییەک ھەرێمی کوردستانی بەجێنەھشتووە، ئەمەش چەندە پاڵپشتیی یاسایی پێویست بووە، دە ھێندە پێویستی بە ھەوڵی دیبلۆماسی و پشتگریی وڵاتانی زلھێز بووە، ئەگەر نا ھیچ کۆمپانیایەک سەرمایەی خۆی ناخاتە بەر مەترسی، کەواتە مانەوەی کۆمپانیایەکان و بەردەوامبوونیان، بێ شک دەسکەوتە".

ئەو هاتە سەر ئەوەی، کە قەیرانێکی سووتەمەنی له جیهان هەیە، بەڵام تواندراوە ڕەنگدانەوەی زۆری لەسەر کوردستان نەبێ، گوتیشی: "قەیرانێکی سەرتاسەریی سووتەمەنی لە جیھاندا ھەیە، کە زۆر وڵاتی تووشی داڕمانی سەختی ئابووری کردووەتەوە، کە بێ گومان کوردستان بەدەر نەبوو لەم قەیرانە، بە گرتنەبەری ھەندێک رێوشوێن، ئەگەرچی بەشێکی تێبینی لەسەرە، بەڵام دەبێ بەویژدانەوە ئەو راستییە بڵێین، ئەگەر ئەم ھەنگاوانەی حکوومەتی ھەرێم و خودی مەسرور بارزانی نەبوایە بۆ پاڵپشتیی سووتەمەنی، ئەوا یەك لیتر بەنزین بە 2000 دینار زیاتر دەبوو".

ئەو شارەزایەی نەوت جەختی کردەوە: "ئەو ھەنگاوانەی لە پرسی نەوت و سووتەمەنیدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەكان نراون، پێمان دەڵێن، کە بەڵێ کابینەی نۆیەم بە ھەموو قەناعەتەوە و بە ماوەیەکی کەم و پڕ لە قەیران سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست ھێناوە".