كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لە شارەدێی بجیل دارێکی توو تەمەنی لە 350 ساڵ زیاترە

لە شارەدێی بجیل لە سنووری شارۆچکەی ئاکرێ دارێکی توو تەمەنی 350 ساڵ زیاترە و بە دەستی کوردە جووەکانی ئەو دەڤەرە چێنراوە و تاکوو ئێستا وەکوو خۆی ماوەتەوە.

سەباح خەنجەر، یەکێک لەو کەسانەی لێکۆڵینەوەی لەسەر فۆلکلۆری دەڤەری سورچیایەتی کردووە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ئەو دارەی باس دەکرێت، دارێکی تووە، زۆر گەورەیە، تەمەنی 350 ساڵ زیاترە و تاکوو ئێستا وەکوو خۆی ماوەتەوە.

گوتیشی: ئەو دارە دەکەوێتە نێو سەنتەری شارەدێی بجیل سەر بە شارۆچکەی ئاکرێ لە سنووری پارێزگای دهۆک و بەپێی ئەو زانیارییانەی لە کەسە بەتەمەنەکانەوە کۆمان کردووەتەوە، شارەدێی بجیل کوردانی جووی زۆر لێ بووە و بەئارامی و ئاشتی  بە یەکەوە ژیاون، ئەو دارەش لەلایەن ئافرەتێکی کوردی جوو بە ناوی مرخا چێنراوە.

باسی لەوەش کرد کە کاتی خۆی کوردە جووەکان کاریان لەژێر سێبەری ئەو دارە دەکرد، وەکوو دوورینی شاڵ و شەپکی کوردەواری و زۆر جاریش لە کاتی ئاهەنگی گواستەنەوەی بووک و هەڵپەرکێی کوردەواریدا کە کوردانی جوو و موسڵمانی بە یەکەوە کۆ دەکردەوە، بەتایبەت سوورچییەکان، بە جلوبەرگی کوردییەوە پێکەوە لەژێر ئەو دارەدا شاییان دەکرد.

گوتیشی: ئەو دارە ئێستا بێخاوەنە و داوا دەکەین گرنگیی پێ بدرێت و لەلایەن بەشی شوێنەوار و کەلەپوورەوە خزمەتی بکرێت و بپارێزرێت.