مەسرور بارزانی هەرێمی كوردستانی لەوە پاراست وەك سریلانكا و لوبنانی بەسەر بێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

مەسرور بارزانی هەرێمی كوردستانی لەوە پاراست وەك سریلانكا و لوبنانی بەسەر بێت

”وێڕای قەیرانەكان، قەرزی نەكرد و 1.5 ملیار دۆلاریش قەرزی دایەوە“

لە كاتێكدا زۆر لە وڵاتانی دونیا بەهۆی قەرزە كەڵەكەبووە دەرەكییەكانیان، لە ژێر هەڕەشە و مەترسیی كێشەی ناوخۆیی و هەرەسهێنانی سیستەمە سیاسییەكانیاندان، هەرێمی كوردستان لە سایەی سێ ساڵی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، سەرجەم ئەم مەترسییانەی تێپەڕاند.

كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە 10ی 7ی 2019 بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی دروست بوو، ئەوكاتە حكوومەت بەدەست قەرزێكی زۆری دەرەكیی و ناوخۆییەوە دەیناڵاند، بەڵام بە بڕوای پسپۆڕان، یەكێك لە گەورەترین خاڵەكانی سەركەوتنی مەسرور بارزانی لە كابینەكەیدا، ئەوەبوو، بەهیچ شێوەیەك قەرزی نەكرد، وێڕای قەیرانە یەك لە دوای یەكەكانی (كۆرۆنا، هەڕەشەی بەردەوامی داعش و تیرۆر، هێرشی درۆن و مووشەكی بەردەوام بۆ سەر شارەكان و دامەزراوە ئابوورییەكان، بڕیاری دادگای نادەستووریی فیدرالیی عێراق لە دژی دۆسیەی نەوتی كوردستان، شەڕی رووسیا و ئۆكراینا، دابەزینی نرخی نەوت بۆ خوار سفر دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك و چەندان ئاڵنگاریی دیكە)، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرگەی فشارەكانی گرت و چاكسازییەكانی خۆیشی دەست پێكرد كە بەهۆیەوە خەرجییەكانی كەم كردەوە و داهاتەكانیشی زیاد كرد، لە كۆتاییشدا بەپێی راگەیاندراوی فەرمیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەم سێ ساڵەدا نەك هەر قەرز نەكرا، بەڵكوو 1.5 ملیار دۆلاریش قەرز درایەوە، ئەمەش هەرێمی كوردستانی لەوە پاراست كە مەترسیی ئەوەی لێ بكرێت، هەمان دۆخی سریلانكای بەسەر بێت.

ئەم هەنگاوەی مەسرور بارزانی لە كاتێكدایە، سەرجەم وڵاتانی تازە گەشەكردوو بە دەست قەیرانی قەرزە سیادییەكانەوە دەناڵێنن، یەكێك لەو وڵاتانە سریلانكا بوو كە لە ماوەی رابردوودا تووشی مایەپووچبوون بوو.

لە میانی بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا، بالكی شارما، شارەزای ئابووری و بەڕێوەبەری نووسینی كەناڵی (وی ئەون)ی هیندی رای گەیاند، سێ هۆكاری سەرەكیی هەن كە هەڕەشە لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو دەكەن، ئەوانیش (خواردن، وزە و ئابووری)ن.

كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە وردی كاری لەسەر هەرسێ خاڵی سەرەوە كردووە، لە ڕووی خواردنەوە چەندان پرۆژەی پیشەسازیی كشتوكاڵی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كراوەتەوە و سایلۆی گەورە و كارگەی خۆراكیی جۆراوجۆر دامەزراوە كە ئێستا بەشێكیان بەرهەمەكانیان لە بازاڕدان. لە ڕووی وزەشەوە بەردەوام كار دەكرێت و بەپێی دوایین راگەیاندراوی وەزارەتی كارەبا، لەم رۆژانەی جەژنی قورباندا كە مانگی تەمووزە و ئاستی بەكارهێنانی كارەبا لە لایەن هاووڵاتیان لەوپەڕی بەرزی دایە، بەڵام رۆژانە (16-17) كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان دراوە. لە ڕووی ئابووریشەوە چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەت بە ڕوونی دیارە و ڕۆژانە هاووڵاتیان هەست بە پێشكەوتنە ئابوورییەكان دەكەن.

بە گوتەی بالكی شارما، لە دوای سریلانكا، هەریەك لە كۆڵۆمبیا و 69 وڵات لە هەموو جیهاندا مەترسیی دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆیان لەسەرە. ئەو وڵاتانە:

- 25 وڵات لە ئەفریقیا

- 25 لە ئاسیا و زەریای هێمن

- 19 لە ئەمریكای لاتینی

لە وڵاتانی نزیك لە هەرێمی كوردستان، هەریەك لە میسڕ، تونس و لوبنان هەن كە بە گوتەی بالكی شارما، هۆكارەكانی هەرەسهێنانی ئەو وڵاتانانە ئەمانەن:

- میسڕ: گەورەترین هاوردەكاری گەنم بووە لە جیهان كە گەنمی لە ڕووسیا و ئۆكرانیا كڕیوە، ئێستا ئەوان شەڕ دەكەن، بەم هۆیەوە میسڕ كێشەی دابینكردنی خۆراكی هەیە، لەم دواییانە رایانگەیاند كە بەشی كەمتر لە سێ مانگ گەنمیان ماوە.

- تونس: ئابوورییەكەی ماندووە و قەرزی گشتیی دەرەكییەكەی دەگاتە 100٪ی سەرجەمی بەرهەمی ناوخۆیی. كورتهێنانی بودجە بازرگانییەكەی گەیشتە 800 ملیۆن دۆلار. نرخی سووتەمەنی گەیشتە گەورەترین ئاست. شارەزایان دەڵێن لەم نزیكانە تونس تووشی پێكدادانی ناوخۆیی دەبێت.

- لوبنان: كە بە سویسڕای رۆژئاوای ئاسیا ناسرابوو، لە ساڵی 2020 تەقینەوەكانی بەیرووت گەورەترین كۆگاكانی گەنمی لە لوبنان لەناو برد.  تا ئێستا 11 جار نرخی كەرەستە خۆراكییەكان لەو وڵاتە بەرز بۆتەوە. لیرەی لوبنانی 90٪ی بەهاكەی خۆی لەدەست داوە.

قەرزی گشتیی لوبنان گەیشتۆتە 360٪ بە بەراورد بە سەرجەمی بەرهەمی ناوخۆیی. شەڕی ئۆكرانیا دۆخەكەی ئاڵۆزتریش كرد، چونكە لوبنان 80٪ی گەنمەكەی خۆی لە ئۆكراینا دەكڕی. لوبنان ناچار بوو 150 ملیۆن دۆلار لە بانكی نێودەوڵەتی قەرز بكات بۆ گەرەنتیكردنی ئاسایشی خۆراكیی خۆی.

بانكی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە 12 مانگی داهاتوودا دوازدە وڵات ناتوانن قەرزەكانیان بدەنەوە، ئەوەش دەبێتە گەورەترین قەیرانی قەرز لە تەمەنی ئەم نەوەیەدا.