تاوەكوو ئێستا هەدەپە هیچ ستراتیژیەتێكی بۆ هەڵبژاردن نییە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

تاوەكوو ئێستا هەدەپە هیچ ستراتیژیەتێكی بۆ هەڵبژاردن نییە

ئۆپۆزسیۆنی توركیا هەدەپەی ناوێت، كەچی هەدەپە وەكوو عاشقێك لێی نزیك دەبێتەوە

پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، بەئاشكرا داوا لە شەش پارتە ئۆپۆزسیۆنەكەی توركیا دەكات، كە حیسابی بۆ بكەن و بیخەنە ناو هاوپەیمانیی خۆیانەوە، ئەگەر واش نەبێت، لە دیاریكردنی بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی توركیا پرسی پێ بكرێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆن وەڵامی ناداتەوە و ئەویش هیچ ستراتیژییەتێكی پێ نییە.

یەكێك لەو رەخنانەی لە هەدەپە دەگیرێت ئەوەیە، بە هەموو شێوەیەك دەیەوێت رەجەب تەییب ئەردۆغان لە سەرۆكایەتیی كۆمار لابدات، بۆ ئەمەشیان ئامادەیە بەبێ هیچ مەرجێك پشتگیری لە بەربژێری ئۆپۆزسیۆنی توركیا بكات، بۆیە ئۆپۆزسیۆنی توركیا، پشتی لە هەدەپە كردووە و دەزانێت خەمی هەدەپە نەمانی ئەردۆغانە و هیچی دیكە.

هەدەپە لە پێنجەمین كۆنگرەی خۆیدا، باسی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا كرد و دیسان رووی لە ئۆپۆزسیۆنی توركیا كرد و داوای كرد، لە دیاریكردنی بەربژێر حیسابی بۆ بكرێت، ئەگەرنا هەدەپە بەربژێری خۆی دەبێت.

هەموو دەزانن هەدەپە بەربژێری هەبێت گرنگ نییە، چونكە ئەگەر هەڵبژاردن بكەوێتە گەڕی دووەم، ئەوكات دەبێت هەدەپە خۆی یەكلایی بكاتەوە، ئاخۆ دەنگ بە ئەردۆغان دەدات، یان بە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن.

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی هەدەپە، بەئاشكرا دەڵێت ناو لای ئێمە گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە هەڵوێست و كرداری ئەو كەسەیە، كە دەبێتە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، كەواتە هەدەپە خۆی یەكلایی كردووەتەوە، كە دەنگ بە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن دەدات، لەكاتێكدا ئۆپۆزسیۆنی توركیا، كە لە شەش پارتی سیاسی پێكهاتووە، ئەمە حەوتەمین جارە دابنیشن، كەچی هەدەپە ناخەنە ناو دانیشتنی خۆیانەوە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، لە وتارێكدا داوای لە ئۆپۆزسیۆنی توركیا كرد، ئەگەر ئەوان بە ڕووی هەدەپەدا بكرێنەوە، هەدەپەش بە ڕووی توركیادا دەكرێتەوە.

ئەحمەد تورك، سیاسەتمەداری كورد و سەرۆكی لەكارلادراوی مێردین، ئەویش داوای لە ئۆپۆزسیۆن كرد هەدەپە فەرامۆش نەكات، چونكە باجەكەی قورس دەبێت.

شڕۆڤەكاران كۆكن لەسەر ئەوەی، هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ستراتیژییەتی نییە، چونكە ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەنگدەری هەدەپە وەكوو كەوێك دەبینێت لەناو جانتایەكدا و هەركاتێك ویستی دەریدەهێنێت. هەرچەندە مەدحەت سانجار، هاوسەرۆكی هەدەپە دەڵێت، دەنگدەری هەدەپە كەو نییە لەناو جانتایەكدا، بەڵام ئەگەر كەو نەبێت، بۆچی قورساییان لەلای ئۆپۆزسیۆنی توركیا نییە و لەناو جانتایەكدا دەتوانن هەڵیان بگرن؟

گرنگترین كارتی فشاری هەدەپە دژی ئۆپۆزسیۆنی توركیا ئەگەر بیانەوێت بەكاری بهێنن، نزیكبوونەوەیانە لە ئاكەپە و رەجەب تەییب ئەردۆغان.

رەنگە هەندێك پێیان سەیر بێت، كە هەدەپە چۆن دەبێت لەگەڵ ئەردۆغاندا دەست بخاتە ناو دەست، بەڵام بۆ بەرژەوەندیی كورد و دەنگدەری كورد ئەمە تاكە رێگەیە، پاشان دەستی ئۆپۆزسیۆنی توركیا هیچ كاتێك گەرمتر نەبووە لە دەستی ئەردۆغان.

ئۆپۆزسیۆنی توركیا كێیە؟ جەهەپەیە، كە سێ جار لەسەر دەستی ئەو پارتە كورد كۆمەڵكوژ كراوە. پارتی خاسە، كە ئێستاش دەڵێت هەدەپە تیرۆرستە و پارتێكی تەواو نەژادپەرستییە.

ئەوەی عەقڵی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە و لەژێرەوە كاریان لەگەڵدا دەكات، عەبدوڵا گویل، سەركۆماری پێشووی توركیایە، كە هیچ كاتێك بڕوای بە كێشەی كورد و تەنانەت زمانی كوردییش نەبووە.

حاڵی ئاكەپە لە توركیا زۆر خراپە، ئاستی جەماوەری دابەزیوە، زۆر زۆر پێویستی بە دەنگدەری كورد هەیە، بەتایبەت دەنگدەری هەدەپە، كە شەش ملیۆن دەنگدەر دەبێت، بۆیە ئەگەر داخوازییەكانی كوردی بەسەردا بسەپێنن و مافی كورد لە دەستووردا جێگیر بكەن، نزیكبوونەوە لە ئاكەپە زۆر باشتر و گرنگترە لە نزیكبوونەوە لە ئۆپۆزسیۆنی توركیا، كە هیچ حیسابێك بۆ هەدەپە و دەنگدەرەكەی ناكات.