پەكخەرەكان پەلەیانە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 10/07/2022

پەكخەرەكان پەلەیانە!

لەدوای ھەڵبژاردنەكانی تشرینی یەكەمی ساڵی 2021، گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی بە ناوی كوتلەی ڕزگاركردنی نیشتمان، كە بریتی بوو لە پارتی و ڕەوتی سەدر و سیادە پێك ھات. ئەم گەورەترین كوتلەیە بەفەرمی دوو كاندیدیان بۆ ھەردوو پۆستی سەركۆمار و سەرۆك وەزیران ڕاگەیاند، ڕێبەر ئەحمەد بۆ پۆستی سەركۆمار و محەمەد جەعفەر سەدر بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، كەچی ئەوانەی ئێستا پەلەیانە لەوەی حكوومەت پێكبھێنرێت، ئەو كاتە نەك ھەر پەلەیان نەبوو لە پێكھێنانی حكوومەت و نەك ھەر نەیانھێشت نیسابی یاسایی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەركۆمار تەواو ببێت، بەڵكوو بەئاشكرا و بە چاولێكەریی نموونە فاشیلەكەی حوكمڕانیی لوبنان، ھەروەك حزبوڵای لوبنان، ناویان لە خۆیان نا سێیەكی پەكخەر!

واتە ئەوان با یەك لەسەر سێی كورسییەكانی پەرلەمانیشیان ھەبێت و با كەمینەی سیاسییش بن، بەڵام بۆ ئەو بڕیار و یاسایانەی پەرلەمان، كە پێویستیان بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانە، بۆ نموونە ھەڵبژاردنی سەركۆمار و سەرۆك وەزیران، ناھێڵن ڕێژەی دەستووریی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق تەواو ببێت و ھەر وەھاشیان كرد!

كەچی ئێستا، ئەو پەكخەرانەی پێشتر ڕۆژانە داوا لە كورد دەكەن، كە پۆستی سەركۆمار لەنێوان خۆیان یەكلا بكەنەوە، ئێستا ئەوان ئەوەندە پەلەیانە لە پێكھێنانی حكوومەت، لە نوێژی جەژنی قوربانیشدا یەك لەسەر یەك داوا لە كورد دەكەن خێرا کەن و پۆستی سەركۆمار لەنێوان خۆیاندا یەكلا بكەنەوە.
جوانە، جوانە، ئەوان بە عەقڵی خۆیان ئەوەندە كورد بە غەشیم بزانن، كە كورد نەزانێت بۆچی ئێستا ئەوەندە پەلەی پێكھێنانی حكوومەتییانە، بەڵام:

1 - ئێستا دوو بەربژێری سەركۆمار ھەیە، یەكێكیان ئەو سەركۆمارەی ئێستایە، كە بەناوی كوردەوە لەو پۆستەدایە، ھەرچەندە ماوە دەستوورییەكەشی لەمێژە بەسەر چووە.

2 - ئەوی دیكەیشیان ڕێبەر ئەحمەدە، كە بەربژێری پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ پۆستی سەركۆمار. ئنجا:

3 - ئەگەر ئەوانەی ئێستا، كە پەلەی پێكھێنانی حكوومەتیانە و داوا لە كورد دەكەن پۆستی سەركۆمار یەكلا بكەنەوە، ئێ ئەوەتا سەركۆماری ئێستا، كە پێشتریش ھەر خۆیان دایانناوە ھەیە و بە دڵی خۆیشیانە! خۆ ئەگەر ئەم سەركۆمارەی ئێستاشیان ناوێت و دڵیان لێی كرمێ بووە، ئێ خۆ ئەوە ڕێبەر ئەحمەدە و با ھەروەك كوتلەی ڕزگاركردنی نیشتمان، بڵێن ڕێبەر ئەحمەد بەربژێری ھەموومانە بۆ پۆستی سەركۆمار، ئەی بۆچی ئەمە ناڵێن؟

بەڵام خۆ كێشەی عێراق پۆست نییە، كە كێ چ پۆستێكی لابێت، كێشەی عێراق ئەو عەقڵیەتەیە كە لە دروستكردنی دەوڵەتی عێراقەوە، عێراقی پێ بەڕێوە دەبرێت و ھەتا ئێستاش بەقەدەر تاڵەموویەك ئەو عەقڵیەتە گۆڕانكاریی بەسەردا نەھاتووە. لای كورد گرنگ نییە كێ لە عێراق لە چ پۆستێكدایە، بەڵكوو كێ چی دەكات؟
ئەمەیان گرنگە، ئەگینا خۆ تەھا محێدین مەعرووف و تەھا یاسین ڕەمەزانیش كورد بوون!

كورد خاوەن كێشەی سیاسیی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیەتی، ئەوان چۆن سەیری ئەم كێشە سیاسییە دەكەن و ڕوانگەیان چییە بۆ چارەسەری ئەم كێشە سیاسییە، ئەمە گرنگە، نەك ئەوەی كێ لە چ پۆستێكی عێراقدایە. ھەرچەندە من ھەر لە خۆیشمەوە ئەمە دەڵێم و ئەمەیان تەنیا ڕای كەسی و تێڕوانینی خۆمە، باشە وەرن ھەموو پۆستە سیادی و غەیرە سیادییەكانی عێراق بۆ ئەوان، بەڵام لەمدیو زنجیرە چیاكانی حەمرینەوە، مافی بڕیاردانی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی كوردستان و دوای پیادەكردنی ئەم مافە ئەگەر كورد داوای پۆستی نەك سەركۆمار، بەڵكوو داوای پۆستی بەڕێوەبەرێكی گشتیی لە عێراق كرد، با ئەوان زمانی كورد ببڕن، جا ئایا ئەوان ئەمەیان قبووڵە؟

كێشەی كورد لەگەڵ عێراقدا كێشەی پۆستی سەركۆمار و كێشەی فرۆشتنی مریشكی سوور و سپی و فرۆشتنی گەنم و تەماتە نییە بە عێراق، كێشەی كورد كێشەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانییە، ئەگەر ئەوان خۆیان ھەڵنەخەڵەتێنن، مەگەر ھەر لەسەر وەرەقەی دەستوور یەك نیشتمان بێت، ئەگینا عێراق یەك نیشتمان نییە، بەڵكوو دوو نیشتمانە، یەكێكیان عەرەبستان یان عێراقی عەرەبی و ئەوی دیكەیان كوردستانە، ھەموو كوردستان بۆ گەلی كوردستان و ھەموو عێراقیش بە گشت پۆستەكانیەوە بۆ ئەوان و پیرۆزیان بێت و خێری لێ ببینن! ئایا ئەوان ئەمەیان قبووڵە؟

ئەگەر كورد بە پۆست ھەڵبخەڵەتایە، ھێشتا تازە ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری ساڵی 1970 لەنێوان خوالێخۆشبوو مستەفا بارزانی و سەدام حوسێندا كرابوو، عێراق ئەوكات داوای كرد كە خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی لە عێراق جێگری سەركۆمار بێت، بەڵام ئەو داوایەی عێراق ڕەت كرایەوە. مستەفا بارزانی قورسایی داواكانی لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان بوو، نەك پۆستەكانی گەلی كوردستان لە عێراق، ڕۆژگاریش ڕاستیی ئەو بۆچوونەی مستەفا بارزانیی سەلماند، كە لە عێراقی عەقڵ شۆڤێنی و عێراقی خاوەن عەقڵی پیلانگێڕیی دژی كورد، ھیچ پۆستێك لە عێراقدا بۆ كورد ھیچ بەھایەكی نییە!