لە بێغیرەتیاندا پارتییش تێوە دەگلێنن!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 07/07/2022

لە بێغیرەتیاندا پارتییش تێوە دەگلێنن!

پێش ھەر شتێك بە حوکمی جەماوەریبوون و دەسەڵاتی زیاتری پارتی لەناو داوودەزگا دەستووریەكانی ھەرێمی كوردستاندا، وەك ھاووڵاتیەك پێمخۆشە ھەر حزب و لایەك ئەگەر ھەر دزی و گەندەڵی و كارێكی خراپی كرد، پێش ھەر حزب و لایەك بەڵام بە بەڵگەی تەواو و قەناعەتپێھێنەرەوە ناوی پارتی بھێنن، ئنجا ئەوانی تر، بەڵام ئەوە بە بێغیرەتی دەزانم ئەگەر لە سنووری دەسەڵاتی حزبیانەی حزبێكی كوردستان ھەندێك لە كاربەدەستان و ھەندێك لە بڕیاربەدەستانی ئەو حزبە دزی و گەندەڵی و كاری خراپ بكەن، تۆ بێیت و پارتییش تێوە بگلێنیت.

جا ئەم بێغیرەتیە لە گوتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە من لەمێژە ناوم ناون (جوڵانەوەی عەبەشەكەنەی نوێ) ڕووی داوە، ئەم گوتەبێژە عەنتیكەیە لەبەر ئەوەی دیسان لە سلێمانی ھەندێك كێشە بۆ دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆران درووست بووە، ھاتووە و دەڵێت: "ئەمە جاری یه‌كه‌م و یەکەم جەژن نییە کە پارتی و یەکێتی بە دزینی پارەی بانکەکان بۆ خۆیان، دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی کاسەی جەژنی مووچەخۆران و خەڵکی هەژار بەتاڵ بێت" جا سەیر کەن لە سلێمانی كێشەی دابەشكردنی مووچە دروست بووە، بەڵام گوتەبێژە بێغیرەتەكەی جوڵانەوەی عەبەشەكەنەی نوێ! هەر بۆ وەزن و قافیەی شیعرەکەی! ناوی پارتییشی خستووەتە ناو ناوان، ئەوە لە كاتێكدایە كە نە بەڕێوەبەری بانكی ھەرێم لە سلێمانی پارتیە و نە وەزیری داراییش پارتیە، كەچی ئەم گوتەبێژە بێغیرەتە ناتوانێت و ناوێرێت ڕاستەوخۆ ناوی دز و كەمتەرخەم و گەندەڵەكانی سلێمانی بھێنێت، ئەوە لە كاتێكدایە كە:

1ــوەزارەتی دارایی خۆی خشتەی خەرجی و داھاتی نەوتی و نانەوتیی ھەرێمی كوردستانی لە 5 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بڵاو كردەوە، واتە ھەموو داھاتی ھەرێم جا لە هەر سەرچاوەیەكەوە دەست کەوتبێت، ئنجا خەرجیەكان بۆ ھەر بوارێك بە مووچەشەوە خەرج كرابێت، ھەمووی بە ژمارە خراوەتە ڕوو، ئەوە جگە لەوەی كە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە 6ی 7ی 2022 خەرجی و داھاتی 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵی ھەرێمی كوردستان تەوەرێكی كۆبوونەوەكە بووە و لەو كۆبوونەوەیەشدا ھەر بە زمانی ژمارە قسە كراوە.

2 :ــ ئەوەندەی ئاگادار بم ھیچ كێشەیەك بۆ دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان لە ھەولێر دروست نەبووە و لە کاتی دیاریكراوی ناو خشتەكەی وەزارەتی دارایی، خانەنشینان مووچەی خۆیان وەرگرتووە.

3 - نازانم ئەو گوتەبێژە بێغیرەتە ھەتا چەند ئاگاداری ئەو لیژنەی لێكۆڵینەوە ھاوبەشەی وەزارەتی دارایی و ناوخۆیە كە وەزارەتی دارایی لەسەر بنەمای فەرمانێكی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێكیھێنا و تایبەت بوو بە لێكۆڵینەوە و گەییشتن بەڕاستیەكان سەبارەت بە چۆنێتیی كۆكردنەوەی داھات و خەرجیەكان لە سلێمانی، ھەڵەبجە، ھەردوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و گەرمیان، جا ئەگەر ئەم گوتەبێژە بێغیرەتە بیویستایە گوتەی ڕاست و دروست ببێژێت نەك درۆ ببێژێت، حەق بوو پێش ئەو درۆبێژانەی سەروسۆراخێكی كاری ئەو لیژنەیەی بكردایە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای زانیاریی ڕاست و دروست و بە پشتبەستن بە سەرچاوەی فەرمی و باوەڕپێكراو گوتەی ببێژایە.
دە ئنجا وەرە ئیشت بێژانی گوتە بێت و ئائەوەھاش بفەرموویت و ببێژیت كە گوتەكانت پڕ بێت لە درۆ و بێغیرەتی.