سەرنووسەری گۆڤارەكە: دەمانەوێت ئەو بیرۆکەیە کاڵ بکەیەنەوە کە پێی وایە بڵاوکراوەی کاغەزی ڕۆڵی نەماوە
لە هۆڵی بۆنەكانی زانكۆی چەرموو، لە قەزای چەمچەماڵ، ڕێوڕەسمێك بە بۆنەی دەرچوونی یەكەم ژمارەی گۆڤارێكەوە بە ناوی (گوڵچن) بەڕێوە چوو.
زانكۆی چەرموو ڕاگەیاندنراوێكی لەو بارەیەوە بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە: بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی چەرموو و قایمقامی قهزای چەمچەماڵ و بهڕێوهبهری فهرمانگهكان و ژمارهیهك له نووسهران و ڕۆژنامهنووسانی چهمچهماڵ، ڕێوڕەسمی یەکەم ژمارەی گۆڤاری (گوڵچن) له هۆڵی پرۆفیسۆر. د. حهمید مهجید لە سهرۆكایهتیی زانكۆ بهڕێوه چوو.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، هەڵمەت هۆشیار، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵچن لە ڕێوڕەسمەكەدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، دەمانەوێت ئەو بیرۆکەیە کاڵ بکەیەنەوە کە پێی وایە بڵاوکراوەی کاغەزی ڕۆڵی نەماوە، ئێمە دەمانەوێت بەکردار ئەوە بگەیەنین کە ڕۆژنامەوانی کاغەزی دەکرێت ڕۆڵەکەی بگۆڕێت و بمێنێتەوە، چونکە خەڵکێک زۆر تینوی مەعریفەن و بە پۆست و بابەتی فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو تینوێتییەیان ناشکێت.
هاوكات هەر لە ڕێوڕەسمەكەدا د. مستەفا ڕەزا مستەفا و م. سەروەر سەعدوڵڵا له بهشی كوردی-كۆلێژی پهروهرده و زمانی زانكۆی چهرموو ههڵسهنگاندنیان بۆ گۆڤارهكه كرد، هەڵسەنگێنەران پاش خستنەڕووی گرنگی و بایەخی ئەم جۆرە هەنگاوانە و دەرخستنی خاڵە ئەرێنییەکانی گۆڤارەکە و هەمەجۆری و بەپێزیی ناوەڕۆکەکەی، سەرنج و تێبینی و ڕەخنەکانیشیان بە مەبەستی باشترکردن و نەهێشتنی کەموکووڕییەکانی لە ژمارەکانی داهاتوودا خستەڕوو، ئەمە جگە لە ئاماژەدان بە گرنگیی پێگەی زانکۆی چەرموو لە خزمەتکردن و دەستگیرۆیی هەر کارێکی فەرهەنگی و ڕۆشنبیری کە ببێتە مایەی پتەوکردنی تۆڕی پەیوەندییەکانی نێوان چین و توێژەکانی شارەکە.
لە كۆتایی ڕاگەیاندنراوەكە زانكۆی چەرموودا ئەوەش هاتووە، گۆڤاری گوڵچن گۆڤارێکی وەرزیی فەرهەنگیی گشتییە و سەربەخۆ کارەکانی دەکات و مەبەست و ئامانجی سەرەکیی ڕاژەکردنی فەرهەنگ و کولتووری گشتیی کۆمەڵی کوردی و بەرەوپێشبردنی سەرخانی فەرهەنگی و كولتووریی گشتییە.