کامیران حاجۆ: بۆ ئێمە سەرۆک بارزانی لێڤەگەڕێکی زۆر زۆر گەورەیە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

کامیران حاجۆ: بۆ ئێمە سەرۆک بارزانی لێڤەگەڕێکی زۆر زۆر گەورەیە

لە دیمانەیەکی (باسنیوز)دا کامیران حاجۆ، ئەندامێ نووسینەوەی دەستووری سووریا و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە دەڵێت، ئێستا دۆخی سووریا هەمووی تێک چووە و ئایندەکەی دیار نییە، کوردیش بەشێکن لەو وڵاتە. دەشڵێت، بۆ ئێمە سەرۆک بارزانی لێڤەگەڕێکی زۆر زۆر گەورەیە، هەموو ئامۆژگارییەکانی بەجددییەت و گرنگی و متمانەیەکی گەورەوە وەردەگرین.

(باسنیوز) هەنگاوەکانی نووسینەوەی دەستووری سووریا بە کوێ گەیشتن؟

کامیران حاجۆ: تا ئێستا هەشت گەڕی نووسینەوەی دەستوور بەڕێوە چووە و خەریکە دەگەینە گەڕی نۆیەم، هیچ بەرەوپێشچوونێکی بە خۆیەوە نەدیوە، چونکە ڕژێم نایەوێت بکەوێتە پرۆسەی گفتوگۆوە و دەترسێت ئەگەر بکەوێتە گفتوگۆوە هەندێک گۆڕانکاری بکرێن و پاشتر دەکەوێتە ژێر ئەمری واقیع و ناتوانێت خۆی لێ بدزێتەوە، بۆیە نایەوێت لەسەر نووسینەوەی دەستوور بکەوێتە دانوستان.

(باسنیوز) کورد چیی لەم دەستوورە دەوێت؟

کامیران حاجۆ: کۆمیتەی دەستووری دەیەوێ رژێم بکشینێتە نێو پرۆسەی نووسینەوەی دەستوور لەبەرئەوەش نایانەوێ خاڵی ناکۆکی گەورە پێشکه‌ش بکات، بەڵام ئێستاش رژێم خۆی ناداتە پێش هیچ شتێک.

وەکو کورد لە پرۆگرامی ئەنەکەسەدا سووریاییەکی فیدرال دەخوازین بەڵام بۆ جێبەجێکردنی ئەم خواستە پێویستی بە قبوڵکردنی بۆچۆنی هەرێمی و نێودەوڵەتییە.
لەم پرۆسەیەدا ئێمە چی بەدەست دێنینن، هیشتا دیارنیە، بەڵام ئێمە له‌ مافە سەرەکییەکانی گەلی خۆمان پاشگەزنابینەوە، جا چ مافی سیاسی یانیش نەتەوەی یان کولتوری بێ.

(باسنیوز) ئایا ئیئتلافی نیشتمانی (ئۆپۆزسیۆن) بە مافەکانی کورد ڕازییە؟

کامیران حاجۆ: لێرەشدا بۆچوونی جیاوازمان هەیە، ئێمە دەمانەوێت سووریایەکی فیدراڵیمان هەبێت، بەڵام ئەوان بۆچوونیان جیاوازە، لە بەیاننامەی ڕیاز 2دا نێوانمان ئەوەیە دەبێت ئیئتلاف دان بە مافەکانی کورددا بنێت و ئەوەش پێویستی بە دانوستانە.

(باسنیوز) ئایا ئەنەکەسە بەتەنیا نوێنەراتیی کورد دەکات لە ئۆپۆزسیۆندا، چونکە پەیەدە حاکمە لە ڕۆژئاوا و لە ئۆپۆزسیۆندا نییە؟

کامیران حاجۆ: هێشتا هەڵبژاردنێکی فەرمی نەکراوە تاکوو بزانین پێگەی ئەنەکەسە، یان پەیەدە چییە، بەڵام ئێمە بەشێکی ڕەسەن و گرنگی کوردین، چونکە هەموو ئەو لایەنانەی نێو ئەنەکەسە تەمەنێکی زۆریان هەیە لە خەباتی سیاسی و دامەزراندیان و ئەو هێزانەی ئێستا لە ڕۆژئاوا حاکمن، تەمەنێکی کورتیان هەیە و ئەمری واقیعن، بەڵام شەرعییەتیان لە خەڵک وەڕنەگرتووە، ئێمەش لە قووڵایی جڤاکی خۆمان دەرکەوتووین.

(باسنیوز) ئێستا لە هەموو ڕوویەکەوە کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان یەکڕێز نین و دژایەتیی ئەنەکەسەش دەکرێت، چارەسەری چییە؟

کامیران حاجۆ: ئێستا دۆخی سووریا هەمووی تێک چووە و ئایندەکەی دیار نییە، کوردیش بەشێکن لەو وڵاتە و دیاریش نییە ئاخۆ ئایندەی ئەم وڵاتە بەرەو کوێ دەچێت و چارەسەری لە کوێیە، بەڵام هەندێک شت بەدەستی کوردن، لەوانە دانوستانی کوردی-کوردی، ئەویش لە لای دیکەوە نەیانهێشت سەر بگرێت، ئەوانەی تر لە ئیرادەی خەڵکدا نین، بۆیە کەس نازانێ ئایندەی ئەم وڵاتە بەرەو کوێ دەچێ.

(باسنیوز) پەیەدە، ئەنەکەسە تۆمەتبار دەکات بە ئۆپەراسیۆنی سەر ڕۆژئاوا، بۆچوونتان چییە؟

کامیران حاجۆ: ئەوان ڕاست ناکەن، ئەم لێدوانانەی پەیەدە تەواو دوورن لە ڕاستییەوە، ڕوئیای سیاسیی ئەنەکەسە ئەوەیە دانوستان باشترین چارەسەرییە بۆ هەموو کێشەکان، ئەوان نایانەوێت لە ڕۆژئاوا هاوبەشیی سیاسی هەبێت، بۆیە بە هەموو شێوەیەک دژایەتیی ئەنەکەسە دەکەن.

(باسنیوز) ئێوە زۆر جار لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ بوونەتەوە، ئامۆژگاری و ڕوئیای سیاسیی سەرۆک بۆ ئێوە چی بوو؟

کامیران حاجۆ: بۆ ئێمە سەرۆک بارزانی لێڤەگەڕێکی زۆر زۆر گەورەیە، هەموو ئامۆژگارییەکانی بەجددییەت و گرنگی و متمانەیەکی گەورەوە وەردەگرین، لە دوایین کۆبوونەوەی سەرۆک لەگەڵ ئەنجوومەندا ئامۆژگاریی کردین هەرگیز خاکی خۆمان ڕادەست نەکەین و خاکی خۆمان بەجێ نەهێڵین، دەسەڵاتی سیاسی هەرچۆنێک بێت، دەبێت خاکی خۆمان بەجێ نەهێڵین، چونکە بە جێهێشتنی خاک هیچ دۆزێکی سیاسی نامێنێت.