زارا ساڵح: دەبێت کورد دەست بە دروستکردنی لۆبی بکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

زارا ساڵح: دەبێت کورد دەست بە دروستکردنی لۆبی بکات

لە دیمانەیەکی (باسنیوز)دا زارا ساڵح، سیاسەتمەدار و شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە بەریتانیا دەڵێت، دەبێت کورد بە هێزەوە بچێتە نێو سیاسەتی جیهانی دەرەوە و خۆیان لەنێو پارت و لایەنە سیاسییە جیهانییە بەهێزەکاندا ببیننەوە، چونکە ئەمانە دەبنە گوشارێکی گەورە و لۆبییەکی بەهێز بۆ کورد.

(باسنیوز) ئێستا پێویستە کورد لە دەرەوە چی بکات؟

زارا ساڵح: کورد لە دونیادا ڕەوەندێکی گەورەی هەیە، بەتایبەت لە ئەورووپا، بەڵام ئەم ڕەوەندە پێویستی بە ڕێکخستن و شێوازی ئیشکردنە و دەبێت ئەم ڕەوەندە بۆ کارە نیشتمانی و نەتەوەییەکان کار بکات و ئەگەر ڕەوەندی کورد بیەوێت کارێکی گەورە بۆ کوردستان بکات، دەبێت بچێتە نێو قووڵایی جڤاکی ئەو وڵاتانەی کە لێیەتی و ببێ بە بەشێک لەو جڤاکە و ببنە بەشێک لەو پارتە سیاسییە بەهێزانە، چونکە ئەوان دەتوانن سوود لە کورد وەربگرن و کوردیش ئەگەر بیەوێت دەتوانێت سوود لەم پارت و لایەنە سیاسییە گەورانە وەربگرێت.

(باسنیوز) کورد چۆن دەتوانێت ببێتە خاوەنی بڕیارێکی سیاسی لە دەرەوە؟

زارا ساڵح: ئەگەر کورد چوونە نێو ئەو پارتە سیاسییانەی جیهان، دەتوانن ببنە خاوەنی بڕیاری سیاسی و دەتوانن لەنێو ناوەندە بڕیارە سیاسییەکانی ئەو وڵاتانە بۆچوونیان هەبێت، لەو ڕێگەشدا دەتوانن ئاراستەی سیاسیی کورد لە هەڕەشە و گوشار دوور بخەنەوە و دەشتوانن بەرژەوەندی و دەستکەوتە سیاسییەکانی کورد بپارێزن، چونکە زۆر وڵات بە ڕێگایی لۆبیکردن بوونەتە خاوەن وڵات و لۆبیکردن باشترین ڕیگایە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان.

(باسنیوز) بەریتانیا لەم کاتەدا چۆن دەڕوانێتە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد؟

زارا ساڵح: ئێستا بەریتانیا بە گرنگییەوە تەماشای کورد دەکات و دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێز بکات، لەم سەردانەی دواییدا مەسرور بارزانی لەگەڵ بۆریس جۆنسۆن و وەزیرەکانی کۆ بووەوە، بەریتانیا دەیەوێت لاپەڕەیەکی نوێی سیاسی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکاتەوە و زۆر شت هەن لە نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستاندا کە بەریتانیا دەیەوێت لەسەریان ڕێک بکەون و لەڕووی نفووزی سیاسییەوە بەریتانیا بە چاوێکی گرنگ تەماشای کوردستان دەکات، بەتایبەت لەدوای شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا و بەتایبەت لە پرسی وزەدا، چونکە هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورە بگێڕێت.

(باسنیوز) ئێستا سیاسەتی بەریتانیا بەرانبەر بە عێراق و کورد چۆنە؟

زارا ساڵح: بەریتانیا پێش ئەمریکا خاوەن نفووز بوو لە عێراقدا و ئێستا بەریتانیا دەیەوێت پێگەی سیاسیی کورد بەهێز بێت و دەبێت کوردیش سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت، ئێستا دۆخی سیاسی ئاڵۆزە و دەبێ کورد داوای مافەکانی بکات، چونکە بەریتانیا دەیەوێت قۆناغێکی نوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکاتەوە، بەتایبەت ئێستا باسی کۆنفیدراڵی لە گۆڕێدایە، بۆیە کورد توانیویەتی سیاسەتێکی باش لەگەڵ بەریتانیا بەڕێوە ببات و بەریتانیاش لەو پێشوازییەی دواییدا لە مەسرور بارزانی، پێشانی دا کە دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە جۆرێکی زۆر باش بن.