كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 05/07/2022

گەندەڵ و پەكخەرەكان دەیانەوێ دەستی چەوريان بە كورد بسڕن

تاكوتەرایەكی لێدەرچێت ئیتر یاخوا ماشەڵا لە ڕاگەیاندنی كوردی نەبێت، ئێستا خەریكە عێراقمان لێ دەکەن بەسویسرا و چوارچێوەی ھاوئاھەنگیی عەرەبی شیعەشمان لێ دەکەن بە پارتە دیموكراسیە كۆمەڵایەتیەكانی دەوڵەتانی وەك سوید، نەرویج، دانیمارك، فنلاند و ئەڵمانیا.

ھەر ئەم ڕاگەیاندنە كوردیانەی خۆمان دیسان یاخوا ماشەڵایان لێ نەبێت، دەیانەوێ وەھا لە كورد بگەیەنن كە ئێستا كورد بەتایبەتی پارتی و یەكێتی بوونەتە گیروگرفتی بەردەم پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و گوتەی ھەندێك دز و گەندەڵی عەرەبی عێراق بۆ كورد دەگوێزنەوە و دەیكەنە ناونیشانی ھەواڵەكانیان! و بە کورد دەڵێن پۆستی سەركۆمار یەكلا بکەنەوە چونكە دیموكراسی و خۆشگوزەرانیی عێراق لەسەر ئەوە پەكی كەوتووە كە پارتی و یەكێتی پەلە ناكەن لە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەركۆمار، ئەگینا ئەگەر ئەمڕۆ پارتی و یەكێتی ئەو پۆستە لەنێوان خۆیان یەكلا بكەنەوە، ڕۆژی دواتر عێراق یەك دزی تیا نامێنێت، یەك گەندەڵی تیا نامێنێت، خۆڵبارین تەواو دەبێت، كارەبای حكوومەت لە 24 سەعاتدا 24 سەعات دەبێت، دوو ساڵیش دواتر دووسەد بەنداوی گەورە لە بەسراوە ھەتا بەغدا تەواو دەكرێن و ئیتر وشكەساڵی حەدی نیە بێتە عێراق، ھەر دوای دوو ساڵیش كشتوكاڵی عێراق بەشێوەیەك بازی گەشەكردن دەدات كە 9 ملیۆن دارخورمای عێراق دەبێتە 100 ملیئن دارخورما، ئیتر عێراق گەنم، برنج، زەیتی چێشت نەك ھەر لەدەرەوە ناھێنێت بەڵكوو ئیتر عێراق جێگەی ئۆكراینا دەگرێتەوە و ئیتر بازاڕەكانی دنیا پڕ دەبن لە گەنم و زەیتی عێراق، ئیتر گرووپە میلیشیا لەیاسا دەرچووەكان نامێنن ئێ كە ئەمانیش نەمان كەواتە ئیتر كۆتایی بە مووشەكبارانكردنی ناوچەی سەوزی بەغدا و پاڵاوگەكانی نەوت و كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە هەرێمی كوردستان دەھێنرێت، ئیتر عێراق وانەی دیموكراسی و حوكمی ڕەشید و ساڵح! بە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەڵێتەوە! ئنجا ئەو ھێرشە چەواشەكارانە و بێبنەمایانە بۆ سەر كورد لە كاتێكدایە كە:

1 - ئەوانەی كە ئێستا كورد تۆمەتبار دەكەن، ئەوانە ھەر ئەوانەن كە لە دوای ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی تشرینی 2021 پەكی ئەوەیان خست و نەیانھێشت یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق نیسابی یاسایی خۆی بۆ ھەڵبژاردنی سەركۆمار تەواو بكات، ھەر ئەوانەش بوون كە خۆیان بە سێیەكی پەكخەر ناو دەبرد ئەگینا ئەوكاتیش ھەریەك لە پارتی و یەكێتی كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەركۆمار ھەبوو، بگرە دەیان كاندید بۆ ئەو پۆستە ھەبوون، ئەی بۆچی نەیانھێشت كۆبوونەوەی یەكەمی پەرلەمان بۆ ھەڵبژاردنی سەركۆمار 220 ئەندام پەرلەمان تەواو بكات و ئەگەر لە خولی یەكەمی ھەڵبژاردن و بە گوێرەی بڕگەی 1 لە مادەی 70 ی دەستوور ھیچ كاندیدێك بۆ پۆستی سەركۆمار دوو لەسەر سێی دەنگەكانی نەھێنا، دوای ئەوە و لەخولی دووەمدا و ئنجا بەگوێرەی بڕگەی 2 لە مادەی 70ی دەستوور چ كاندیدێك بۆ پۆستی سەركۆمار زۆرترین دەنگی ھێنا با ئەو كاندیدە ببوایەتە سەركۆمار؟ ئەی باشە ئیتر ئێستا ئەو گەندەڵ و پەكخەرانە شەڕی چی بەكورد دەفرۆشن و بۆچی دەیانەوێت دەستەچەورەكەی خۆیان بە كورد بسڕن؟ ئەی بۆچی بەشێك لە ڕاگەیاندنی كوردیی ناو خۆمان وەك تووتی ئەو تۆمەتەی ئەوان دژی كورد دەڵێنەوە؟

2 - ئەوانەی ئێستا لە بەغداوە كورد تۆمەتبار دەكەن بەوەی پەلە ناكەن لە یەكلاكردنەوەی كاندید بۆ پۆستی سەركۆمار، ئایا خۆیان لەناو خۆیاندا كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران یەكلاکردووەتەوە؟ ئەگەر بەڵێ كوا ئەو كاندیدە؟ نەڵێن نوری مالیكی چونكە نوری مالیكی کاندیدی دەوڵەتی یاسایە نەك گشت لایەنەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگیی عەرەبی شیعە. ئەی باشە ئیتر ئێستا ئەو گەندەڵ و پەكخەرانە شەڕی چی بە کورد دەفرۆشن و بۆچی دەیانەوێت دەستەچەورەكەی خۆیان بە كورد بسڕن؟ ئەی بۆچی بەشێك لە ڕاگەیاندنی كوردیی ناو خۆمان وەك تووتی ئەو تۆمەتەی ئەوان دژی كورد دەڵێنەوە؟

3 - ئەوانەی ئێستا لە بەغداوە كورد تۆمەتبار دەكەن بەوەی پەلە ناكەن لە یەكلاكردنەوەی كاندید بۆ پۆستی سەركۆمار، ئەوانە ھەر ئەوانەن كە لە ماوە 19 ساڵی ڕابردوودا بڕیار بەدەستی عێراق بوون بەڵام بەو 19 ساڵە عێراقیان كردووەتە وێرانە جگە لەمەش ئەی باشە ئێستا عێراق سەركۆماری نیە؟ ئەی سەرۆكوەزیرانی نیە؟ ئەی باشە كێ دەستی گرتوون عێراق لە كێشە گەورە و قووڵەكانی ئێستای ڕزگار بكەن؟ ئەگەر دەڵێن ئاخر ئەم حكوومەتە كاربەڕێكەرە باشە فەرموو پێم بڵێن ئەم حكوومەتە كاربەڕێكەرە كە بەگوێرەی مادەی 66ی دەستوور بریتیە لە سەركۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران هچ كارێك بەڕێ دەكات؟ ئەگەر دەڵێن كاری ڕۆژانەی ھاووڵاتیان بەڕێ دەكات، دە باشە بچن لە ھاووڵاتیانی عێراق خۆیان بپرسن و بزانن ئەم حكوومەتە كاربەڕێكەرە كاری ڕۆژانەیان چۆن بەرێ دەكات؟