كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەهۆی ئاوەڕۆكانی بەغداوە ڕووباری دیجلە رووبەڕووی كارەسات دەبێتەوە

ڕاپۆرتێكی ژینگەیی ئاشكرای كردووە كە ئاوەڕۆكانی بەغدای پایتەختی فیدراڵی دەڕژێنە ناو ڕووباری دیجلەوە و پیسی دەكەن، لە لایەكی دیكەشەوە ئاوەڕۆی شارەكانی تری عێراقیش دەڕژێنە ناو هەردوو رووباری دیجلە و فوراتەوە و پیسیان دەكەن.

ئەمڕۆ دووشەممە تۆڕی هەواڵی "سكای نیوز"ی بەریتانی، لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە ئاوی پیسی ئاوەڕۆكانی زۆربەی پارێزگاكانی عێراق دەڕژێنە ناو هەردوو رووباری دیجلە و فورات و لقەكانیانەوە، بەم هۆیەوە ئاوی هەردوو رووبارەكە ڕووبەڕووی پیسبوونێكی كارەساتبار بوونەتەوە.

ئێستا بەغدا گەورەترین سەرچاوەی پیسكردنی ئاوی رووباری دیجلەیە و لە ڕێگەی 18 وێستگەی ئاوەڕۆوە، ڕۆژانە 700 هەزار مەتری چوارگۆشە ئاوی پیس دەڕژێنێتە ناو رووباری دیجلەوە، لە هەمان كاتیشدا لە ڕێگەی ماتۆرەوە، ڕۆژانە ئاوی هەمان رووبار رادەكێشرێتە ناو ماڵان لە گەڕەكەكانی نیشتەجێبوون لە بەغدا.

راپۆرتەكە دەڵێ ئەم پیسبوونە تازە دەستی پێنەكردووە، بەڵكو لەوەتەی زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوانی بەغداوە دەستی پێكردووە، سەرباری تەنگژەی ئاو كە ڕووبەڕووی تەواوی عێراق بووەتەوە، بەڵام دوای ئەوەی لە چەند مانگی رابردوودا ئێران ئاوی زۆربەی رووبارەكانی بە ڕووی عێراقدا گرتەوە، وشكبوونەوەیەكی گەورە رووی لە عێراق كرد، ئەمەش بووە هۆی دەركەوتنی زیاتری پیسبوونی ئاوی هەردوو رووبارەكە لە ناو خاكی عێراقدا.