لە چەند ساڵی ڕابردوودا كۆمەڵێك كارگەی چەو و لم لەسەر ڕووباری سیروان لە قەزای كەلار، جوانیی سروشتی ڕووباری سیروانیان شێواندبوو، بەڵام دوای ناڕەزاییەكی زۆری چالاكوانان كارگەكان داخران و ئێستا جوانیی سروشتی ڕووباری سیروان دەركەوتووەتەوە.
ژمارەیەك كارگەی چەو و لم لەسەر ڕووباری سیروان، دارەجوانەكانی سەر ڕووبارەكەیان شێواندبوو، هەروەها هەمیشە دەستیان بە بردنی لم و بەرد و خاكی سەر ڕووباری سیروان دەكرد، بەڵام ساڵی ڕابردوو، چالاكوانانی گەرمیان ناڕەزایی بەرفراوانیان لەسەر تێكدانی سروشتی سەر ڕووبارەكە دەربڕی. پاشان حكوومەتی خۆجێیی گەرمیان بڕیاری داخستنی ژمارەیەك كارگەی چەو و لمی لەسەر ڕووباری سیروان جێبەجێ كرد و ئەمساڵ جوانیی سروشت لەسەر ڕووباری سیروان دەركەوتەوە.