كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 04/07/2022

ئەو پەیامەی ئەمەریكا ھەر بۆ ھەرێمی كوردستان نییە

بۆ دەربڕینی پشتیوانی لە ھەرێمێكی كوردستانی بەھێز لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوودا، یەكەم جار و لە 11ی 8 ی 2018، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا (ھایزەر نوێرت Heather Nauert) لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "لەو بڕوایەداین، كە حكوومەتێكی بەھێز لە ھەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوودا، بۆ سەقامگیریی عێراق زۆر گرنگە" ئەوە لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بوو. ئێستاش لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا و لە نوێترین ھەڵوێست و سیاسەتی ئەمەریكا بەرامبەر بە ھەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، جارێكی دیكە ئەمەریكا جەخت لە پشتیوانیكردنی ھەرێمێكی كوردستانی بەھێز، لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوو، خۆشگوزەران و دیموكراسی دەكاتەوە. چۆن لەم پەیامەی ئەمەریكا تێ بگەین:

1 - كۆمارییەكان حوكمی ئەمەریكا بكەن یان دیموكراتەكان، سیاسەتیان بەرامبەر ھەرێمی كوردستان جێگیر و نەگۆڕە، ئەویش بریتییە لە پشتیوانیكردنی ھەرێمێكی كوردستانی بەھێز. كەواتە ھەر كەس و لایەك لەناو ھەرێمی كوردستانەوە، یان لەدەرەوەی ھەرێمی كوردستانەوە بێت، ھەر گوشار و سیاسەتێك بە ئامانجی نەھێشتن یان لاوازكردنی ھەرێمی كوردستان بگرێتە بەر، خۆی تووشی ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ سیاسەتی ئەمەریكا لە ھەرێمی كوردستان و عێراقدا دەكات.

2 - كۆمارییەكان حوكمی ئەمەریكا بكەن یان دیموكراتەكان، یەك ھەرێمی كوردستانیان دەوێت و پشتیوانی لە یەك ھەرێم دەكەن، كەواتە ھەر ھەوڵێك لەناوخۆی ھەرێمی كوردستان، یان لەدەرەوەی ھەرێمی كوردستان، بۆ لێكترازانی شار و دەڤەرەكانی ھەرێمی كوردستان بدرێت، ئەمەریكا دژی دەبێت و ھەر كەس و لایەكی ناو ھەرێم، یان دەرەوەی ھەرێم، سیاسەتی لێكترازاندنی ھەرێمی كوردستانی ھەبێت، خۆی تووشی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمەریكادا دەكات.

3- ئەگەر لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا ئەمریكا لەگەڵ یەك ھەرێمی كوردستانی بەھێزدا بوو لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوودا و خۆیان لە ھەردوو وشەی خۆشگوزەرانی و دیموكراسی دەدزییەوە، بەڵام لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا، لە پەنا عێراقێكی یەكگرتوودا، ھەردوو وشەی خۆشگوزەران و دیموكراسییش ھەیە، ئەمەش بەمانای ئەوەیە، سەرەڕای ئەوەی كە پێویستە یەك ھەرێمی كوردستانی بەھێز ھەبێت و لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوودا بێت، دەبێ ئەم عێراقەش دیموكراسی و خۆشگوزەران بێت، نەك ھەر یەكگرتوو بێت و بەس، چونكە دەكرێت عێراق یەكگرتوو بێت و دكتاتۆرییش بێت، بەڵام ئەمەریكا لەگەڵ عێراقێكی یەكگرتوودایە، كە دیموكراسی بێت، نەك عێراقێكی یەكگرتوو بەڵام دیكتاتۆری.

4 - ئەگەر سەرنج لە كاتی یەكەمی دەربڕینی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بدەین، لە 11ی 8ی 2018، كە ئەوان لەگەڵ یەك ھەرێمی كوردستانی بەھێزدان، ئەوە ئەو كاتە بووكە حەیدەر عەبادیی سەرۆكوەزیرانی پێشووتر، ئابڵووقەیەكی گەورەی خستبووە سەر ھەرێمی كوردستان و بەئامانجی لەناوبردنی قەوارەی دەستووریی ھەرێمی كوردستان و بەناوی سەپاندنی یاسا! دەیویست ھەرێمی كوردستان تەفروتونا بكات، بەڵام شكستی خوارد و ھەرێمی كوردستان مایەوە. ئێستاش كە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت پشتیوانی لە ھەرێمێكی كوردستانیی بەھێز دەكەین، ئەمە ئەوەندەی دڵنیاییدانە بە ھەرێمی كوردستان، زیاتر لەمە ھۆشداریدانە بەوانەیكە بەناوی جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی، دژی یاسای نەوت و غازی ھەێمی كوردستان گوشارەكانیان بۆ سەر ھەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی نەوت و غاز لە ھەرێمی كوردسستان چڕ كردووەتەوە، كە ئەگەر نیازی ئەوەیان ھەیە بەناوی جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی دژی ھەرێمی كوردستان و دەیانەوێت ھەرێمی كوردستان لەناو ببەن، جارێكی دیكە خۆیان تووشی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سیاسەتەكانی ئەمەریكا لە ھەرێمی كوردستان و عێراق دەكەنەوە. گرنگییەكی دیكەی ئەم پەیامەی ئەمەریكا ئەوەیە، كە لەكاتێكدایە، گفتوگۆی پێكھێنانی حكوومەتی عێراق دەكرێت و ئەم پەیامەش دەكرێت وەك خاڵێكی بەھێزی دەستی ھەرێمی كوردستان سەیر بكرێت، لەو گفتوگۆیانەدا.