كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
ھۆگر نێروەیی 04/07/2022

ئەو قەیرانەی بەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەرنادات!

‏‎ململانێ کرۆکی پێشکەوتنە، ژیان بەبێ ململانێ لە جووڵە دەکەوێت و پێشکەوتن بەخۆیەوە نابینێت، بەڵام نابێت ئاستی ململانێ بگاتە لوتکە، کە جەنگە و ببێتە ھۆی لەناوبردنی یەکتر، ئەوکات نەک ھەر ژیان دەوەستێت، بەڵکوو ژیان بەتەواوی لەناو دەچێت و مرۆڤەکان بەگشتی باجەکەی دەدەن.

‏‎لەسەردەمی ئەمڕۆی جیھانگیریدا، پرس و کێشە و قەیرانەکان لە ھەموو جیھان پێکەوە بەستراون، وەکو نرخی دۆلار و زێڕ، لە ھەموو جیھان یەک نرخیان ھەیە، چ بە بەرزبوونەوە، چ بە دابەزین، نەک لە دەوڵەتێک، یان کێشوەر و ناوچەیەک بە نرخێک بێ و لە دەوڵەت و ناوچەیەکی دیكە بە نرخێکی تر. لەسەردەمی ئەمڕۆی سیاسەتدا، پرس و قەیرانەکان پەیوەست نین بەتەنیا ناوچەیەک و دەوڵەتێک، بەڵکوو گشتگیر بوونە و وەکوو یەک ھاوکێشە ھەموو جیھان دەگرێتەوە.

‏‎ھیچ پرس و قەیرانێک لەم سەردەمەدا، مەحاڵە بە دەستپێشخەریی تاکە دەوڵەتێک چارەسەر بکرێت، بەڵکوو بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان، جا ھەر قەیرانێک بێت، لە ھەر پرسێکدا پێویستی بە کاری پێکەوەیی و کۆمەڵەی دەوڵەتان ھەیە. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئەگەر جیھان یەکنەگرێتەوە و یەک ئامانجی ھاوبەشی نەبێت، کە ئامانجی سەرەکی لەناوبردنی تیرۆر بێت، لە ماوەیەکی کەمدا تیرۆر سەرتاسەری جیھان دەتەنێت و ئیدی جیھان دەکەوێتە ژێر ڕەحمی تیرۆریستان. ئەگەر پرسی پاراستنی ژینگە بەرنامەیەکی ھاوبەشی جیھانیی لەپێشینەی دەوڵەتان نەبێت، چەند ساڵێكی دیكەر ژینگە بەشێوەیەک پیس دەبێت، کە لەم جیھانە گەورەیە، کە نە سەری دیارە و نە بنی، جێگایەک نەک ھەر بۆ مرۆڤەکان نابێت، بەڵکوو ئاژەڵەکانیش لەسەر ئەم زەوییە نامێنن.

‏‎لە شەڕی ئۆکراینا و ڕووسیا، قەیرانی دیكە بەرۆکی جیھانی گرتەوە، نرخی زۆر شت گران بووە، ئەگەر جیھان کار بۆ وەستانی شەڕەکە نەکات، ڕووسیا دەتوانێت قەیرانی زۆر زیاتر تووشی جیھان بکات، بەتایبەتی دەتوانێت نرخی بەرمیلی نەوت بۆ سێ ئەوەندەی ئێستا بەرز بکاتەوە، ھەروەھا بەھۆی شەڕەوە لە ئۆکراینا نرخی دانەوێڵە لەبەرزبونەوەدایە، چەند شەڕەکەش درێژە بکێشێت، زیاتر شتەکان گران دەبن، ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت، ئەوا لە ماوەیەکی کەمدا ھەموو شتێک بەشێوەیەک گران دەبێ، برسییەتی بەرۆکی جیھان دەگرێتەوە.

‏‎لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەوڵەتییشدا، ھەموو قەیرانێک ھەم سیاسی و ھەم ئابووری، ھەرچی پەیوەندیی بەخەڵکەوە ھەیە، کاری پێکەوەیی دەبێت نەک تاکی، ھەروەک چۆن ئێستا پرۆسەی سیاسیی عێراق یازدە مانگە چەقیبەستووە و ناتوانن حکوومەتێک پێک بێنن، چونکە ئەوانەی بۆ خۆیان دەیانەوێت و بۆ خۆیان کار دەکەن، زیاترن لەوانەی پێکەوە بۆ بەرژەوەندیی گشتی کار دەکەن. ئەوکات عێراق ئەم چەقبەستووییە تێدەپەڕێنێت، کە پێکەوەژیانی سیاسی بێنێتە ئاراوە و یەکتر قبووڵ بکەن و پێکەوە کار بکەن، ئەگەر نا، ھەرگیز بەم شێوەیە ناتوانن لەم چەقبەستووییە بێنە دەرەوە. لە ھەرێمی کوردستانیش، ھەر کاتێک حزبەکان یەکتریان قبووڵ کردبێت و پێکەوە کاریان کردبێت، قەیرانەکان کەمبوونەتەوە و ژیانی خەڵکیش باشتر بووە، بەڵام ھەر کاتێک ھەر حزبێک بۆ خۆی لە سەنگەرێک دابێت و دژی ئەوی دیكە کاری کردبێت، قەیرانەکان پەرەیان سەندووە و قووڵتر بوونەتەوە، یەکەم قوربانییش خەڵک بووە.

‏‎ئەمڕۆی جیھان پێویستی بە کاری پێکەوەییە، کە پێکەوە بە ململانێی یەکتر کار بکەن و سەرکەوتنی خۆیان لەسەر بنەمای کێ باشتر و کێ زیاتر پێشکەش بکەن و وێنای بکەن، نەک لەسەر بنەمای شکستی یەکتر. عێراق بە گشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی، لە قەیرانی ئەم ململانێیە دایە، کە ململانێ لێرە لەسەر بنەمای شکستی یەکترە، نەک لەسەر بنەمای کێ باشتر دەبێت و کێ خۆی لەوی دیكە باشتر دەکات، بۆیە قەیرانەکان ھەرگیز بەرۆکی ئەم وڵاتانە بەر نادەن و ڕۆژ بەدوای ڕۆژ خراپتر دەبن، بەڵام ئەگەر ئەم قەیرانی ململانێیە چارەسەر بکرێت و شکستی یەکتر لە زەینی خۆیان بسڕنەوە، ھەموو قەیرانەکان یەک دوای یەک خۆیان چارەسەر دەبن.