كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزیری كارەبای عێراق: بۆ دابینكردنی کارەبای 24 کاتژمێری، پێویستمان بە 35 هەزار مێگاوات كارەبایە

وەزیری كارەبا ئاشکرای کرد، دۆخی کارەبای عێراق خراپە و بۆ ئەوەی 24 كاتژمێر كارەبایان هەبێت، پێویستیان بە 35 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە.

عادل كەریم، وەزیری كارەبای عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی (عێراق)ی، ڕاگەیاند: "پێویستمان بە 35 هەزار مێگاواتە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان 24 كاتژمێر كارەبایان هەبێت، ئەوەش زەحمەتە، چونکە كێشەمان هەیە لە دابینكردنی غازی سروشتی بۆ كارەبا هەیە و تاوەکوو ئێستاش کێشەکە بەردەوامە".

روونیشی كردەوە، دروستنەكردنی پاڵاوگەی نەوت كاریگەریی لەسەر دابینكردنی غاز لە وێستگەی كارەبادا هەبووە.

وەزیری کارەبا، هەواڵێکی ناخۆشی دایە عێراقییەکان و گوتی: "ئەگەری ئەوە نییە لە داهاتوویەكی نزیكدا بتوانین غازی خۆماڵی بۆ وێستگەكان دابین بكەین، ئێمە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا پێویستە غاز هاوردە بكەین".

ئەگەر بە هەموو توانای خۆیەوە کار بکات، بەرهەمی کارەبای عێراق 21 هەزار مێگاواتە، بەڵام عێراق پێویستی بە 35 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە. بەو پێیەش، عێراق 14 هەزار مێگاوات کارەبا کورتهێنانی هەیە.