عەبدولسەلام دۆلەمەری: لایەنە ئیسلامییەكان لەبارەی وانەی پەروەردەی ئایینی چەواشەكاری دەكەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

عەبدولسەلام دۆلەمەری: لایەنە ئیسلامییەكان لەبارەی وانەی پەروەردەی ئایینی چەواشەكاری دەكەن

”بە خەڵكیان گوتووە دەنگمان پێ بدەن دەنگەكانتان دەكەینە تورەگەیەك و دەیبەینە بەهەشت“

سەرۆکی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان رای دەگەیەنێت، ئەو قسانەی لەسەر لابردنی پەروەردەی ئایینی لە پرۆگرامی خوێندندا دەکرێن، هیچ بنەمایەکیان نییە و هەندێك لە لایەنە ئیسلامییەكان لەمبارەیەوە درۆ و چەواشەكاری بڵاو دەكەنەوە.

ماوەیەكە ژمارەیەك پەرلەمانتار و بەرپرسی یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەریی (كۆنە ئیسلامی) هەڵمەتێكی چەواشەكارانەیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەست پێكردووە و بانگەشەی ئەوە دەكەن كە گوایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێ وانەی پەروەردەی ئایینی نەهێڵێت. لە بەرامبەردا ئەمڕۆ دووشەممە 4ی حوزەیرانی 2022، وەزیری پەروەردە لە پرێس كۆنفرانسێكدا دەنگۆكەی بەدرۆ خستەوە و جەختی كردەوە كە یەكەمین كتێب بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 چاپ كرابێت، وانەی پەروەردەی ئایینی بووە و كەس بە نیاز نییە دەستكاری ئەو وانەیە بكات.

هەر لەمبارەیەوە عەبدولسەلام دۆلەمەری، سەرۆکی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: زیاتر لە سێ ساڵە لە لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەستبەکاربووین، ئەم بابەتە نەبووەتە تەوەری گفتوگۆکانمان و یەک کەسیش جورئەتی ئەوەی نەبووە کە پێشنیاری بکات، ئێستا کە پرۆژەیاسای پەروەردەش هاتووەتە بەردەستمان، بە باش و خراپ باسی ئەو بابەتەی تێدا نەکراوە، کاتێک کتێبەکانیش بۆ چاپ نێردران، یەکەم بابەت پەروەردەی ئایینیە کە بە جوانترین دیزاین چاپ کراوە، بۆیە نە لە وەزارەتی پەروەردە و نە لە لێژنەی ئێمە یەک قسە لەسەر لابردنی ئایین نەکراوە”.

سەرۆکی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئاشكرای كرد، “ئەو پەرلەمانتارەی زانیارییەکانی بە هەڵە گواستەوە، لە گفتوگۆی پرۆژەیاسای پەروەردە کە 197 ماددەیە، تەنیا لە 12 ماددەیان ئامادەبوو، بەبێ ئەوەی یەک بۆچوون بخاتە ڕوو، کۆبوونەوەکەی بەجێهێشت تا بۆ راگەیاندنەکان قسە لەسەر پرۆژە یاساکە بکات”.

هاوکات عەبدولسەلام دۆلەمەری باس لەوە دەکات، کە “لایەنە ئیسلامییەکان لە پێناو بەدەست هێنانی دەنگ و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ئایینی ئیسلام بەکاردێنن، جگە لەوە هیچ خوێندنەوەیەکی دیکەمان بۆی نییە، ئەو قسانەی دەیکەن هیچ بنەمایەکی نییە و مونافیقن، چونکە هیچ بەرنامەیەکیان نییە و هیچیان لە هەگبەدا نییە، بە وروژاندنی ئەم بابەتانە دەیانەوێ خەڵک سەرقاڵ بکەن و تووشی نەخۆشیی دەروونییان بکەن، خۆ ئەگەرنا ئێمەش ئیسلامین و دینی خۆمان زۆر خۆش دەوێت و رێزی هەموو دینەکانی دیکەش دەگرین، لە نێو کۆبوونەوەش پێمگوتن کە کەس نوێنەری خوا و پێغەمبەر نییە”.

ئەوەشی ئاشكرا كرد: “لە کاتی هەڵبژاردن دا بە خەڵکیان گوتووە دەنگمان پێ بدەن، ئێمە دەنگەکانی ئێوە دەکەینە نێو تورەگەیەك و لەگەڵ خۆمان دەیبەین بۆ بەهەشت، ئەمەش بە خێر و چاکە بۆ ئێوە دەگەڕێتەوە، بەم جۆرە باوەڕیان بە خەڵک هێناوە دەنگیان پێ بدەن، خۆم قسەم لەگەڵ ئافرەتی بەتەمەن کردووە کە لەسەر ئەم بنەمایە دەنگی پێ داون، بۆیە ئەمانە رێڕەوەکەیان گرتووە و دەزانن چۆن خەڵک فریو بدەن و بە چ رێگەیەک دەنگ كۆبكەنەوە”. گوتیشی؛ “ئەمانە قەت نابنە هێزی حکوومڕان، بەڵام دەیانەوێ بەم چەشنە پارێزگاری لە دەنگەکانیان بکەن، چونکە کاتێک چوار کەس لە پەیامەکەیان تێدەگات و وازیان لێ دێنێت، ئەمان بە دوو کەسی دیکە هەوڵ دەدەن قەرەبووی بکەنەوە”.