بڕیارە پێش هاتنى جەژنى قوربان، وەزارەتى دارایى حکوومەتى هەرێمى کوردستان پارەى شەش مانگى کرێکارانى پاککەرەوەى نەخۆشخانەکان لە سنوورى قەزاى کۆیە خەرج بکات.
هاوکار عەلى، گوتەبێژى تەندروستیی کۆیە بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: "دواى هەوڵ و ماندووبوون و گەیاندنى داواکاریى تەواوى کرێکارانى پاککەرەوەى نەخۆشخانەکانى کۆیە کە ماوەى شەش مانگە مووچەیان پێ نەدراوە، خۆشبەختانە وەزارەتى دارایى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بڕیارى خەرجکردنى پارەکەى دا''.
گوتیشى: "پارەکە هى شەش مانگى ئەمساڵە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا و پێش هاتنى جەژنى قوربان بەسەر کرێکارەکاندا دابەش بکرێت و بۆ مانگەکانى داهاتووش کێشەى درەنگکەوتن و پێنەدانى مووچەیان چارەسەر بکرێت''.