شەریف سلێمان: داوامان لە حکوومەت و پەرلەمانی عێراق کردووە ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال جێبەجێ بکرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

شەریف سلێمان: داوامان لە حکوومەت و پەرلەمانی عێراق کردووە ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال جێبەجێ بکرێت

لە چاوپێکەوتنێکی (باسنیوز)دا، شەریف سلێمان، سەرۆکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئێستا ئێمە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال داوامان لە حکوومەت و پەرلەمانی عێراق کردووە، ئێمە دەمانەوێت لە دەستپێکدا دوو هەزار و 500 کەس دابمەزرێن بۆ دابینکردنی ئاسایشی شنگال و ئیدارەیەکی نوێ دابنرێت و خزمەتگوزاری بگاتە شنگال تاکوو قەناعەت بە ئاوارەکان بکرێت و بگەڕێنەوە شنگال.

 (باسنیوز) لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق چ بەرنامەیەکی بۆ ئاوارەکانی شنگال هەیە؟

شه‌ریف سلێمان: هەنگاوی دروست بۆ ئاوارەکان ئەوەیە کە لە ڕێگەی بەرنامەیەکی دروستەوە بگەڕێنەوە شنگال و ئەوە ئامانجی سەرەکیی ئێمەیە و کاری لەسەر دەکەین و بەرنامەی لیژنەی ئێمە ئەوەیە کە خزمەتی کەمپەکان بکەین کە زۆربەی کەمپەکانی ئاوارەکانی عێراق ئێستا لە هەرێمی کوردستانن و زۆرینەی دانیشتوانی کەمپەکانیش ئێزدین و بەهۆی کێشەی سیاسییەوە ناتوانن بگەڕێنەوە، بەداخەوە ئەوە هەشت ساڵە حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە ئارامی بۆ شنگال دابین بکات تاکوو ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە سەر شوێنی خۆیان، ئێستا ئێمە کار دەکەین بۆ دابینکردنی هاوکاریی ماددی و مەعنەوی و بەرنامەمان هەیە بودجەیەک بۆ شنگال تەرخان بکەین بۆ ئەوەی خەڵکی زەرەرمەند قەرەبوو بکرێنەوە و خەڵک خانووەکانی خۆیان ئاوەدان بکەنەوە، ئەو بەرنامەیە پێشکەشی حکوومەتی عێراق دەکەین و دەبێ هەموو لایەک لەم خولەی حکوومەتی عێراقدا هەوڵ بدەن قەناعەت بە خەڵکی شنگال بێنن تاکوو بگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان.

(باسنیوز) ئاوارەکانی شنگال بە قەرەبووکردنەوە دەتوانن بگەڕێنەوە؟

شه‌ریف سلێمان: هەتاکوو ڕەوشی شنگال ئاسایی نەبێتەوە، ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە، ئێمە کار دەکەین بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی شنگال، بەڵام لە بەرانبەردا دەبێت حکوومەتی عێراق ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکات و گرووپە چەکدارەکان لە شنگال دەربکرێن و ئارامی لە شنگال پەیدا بێت و خەڵکی شنگال بگەنە ئەو باوەڕەی کە بگەڕێنەوە و دەست بە ئاوەدانکردنەوەی و چاککردنەوەی خانووەکانی خۆیان بکەن، هەتا ئەوە نەکرێت هەرگیز ئاوارەکان ناگەڕێنەوە و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال کلیلی چارەسەری هەموو کێشەکانی شنگالە.

 (باسنیوز) خەڵکی شنگال بەردەوام داوا دەکەن گرووپە چەکدارەکان شنگال چۆڵ بکەن، چ میکانیزمێک بۆ ئەوە دابنرێت؟

شه‌ریف سلێمان: بۆ دەرکردنی گرووپە چەکدارەکان ئێمە پەیوەندیمان بە لایەنە نێودەوڵەتییەکانەوە کردووە و چووینە لای باڵوێزی ئەمریکا و ئوسترالیا، تەنانەت چاومان بە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان کەوتووە و لەسەر بابەتی شنگال گەنگەشەمان کردووە، ئەوانیش دەڵێن ئاگایان لە ڕەوشی شنگال هەیە و ڕەوشەکەی تێک چووە، ئێمە داوامان لێیان کردووە فشارێکی زۆر بخەنە سەر گرووپە چەکدارەکان بۆ ئەوەی شنگال چۆڵ بکەن و بۆ ئەوەش پێویستە حکوومەتی عێراق هاوکار بێت و دۆسیەی ئاوارەکان نەهێڵێت، بەڵام هەتا ئێستا حکوومەتی عێراق نایتوانیوە سەروەریی خۆی بپارێزێت و ئەو زێدەڕۆییەی ئێستا لە شنگال هەیە نەیهێڵێت. هەروەها پێویستە پەکەکە ئامانجە سیاسییەکانی خۆی لە شنگال دوور بخاتەوە.

 (باسنیوز) بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال چی نوێ هەیە؟

شه‌ریف سلێمان: ئێستا ئێمە داوایەکمان لە حکوومەت و پەرلەمانی عێراق کردووە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال، ئێمە دەمانەوێت لە دەستپێکدا دوو هەزار و 500 کەس دابمەزرێن بۆ دابینکردنی ئاسایشی شنگال و ئیدارەیەکی نوێ دابنرێت و خزمەتگوزاری بگاتە شنگال تاکوو قەناعەت بە ئاوارەکان بکرێت و بگەڕێنەوە شنگال. هەرکاتێک ئاوارەکان بزانن مەترسی لەسەر ژیانیان نییە دەگەڕێنەوە، بەڵام هەتا ئێستا ڕەوشی شنگال باش نییە، ئێمە داوامان کردووە چارەسەرێک بۆ ئاوارەکان بدۆزرێتەوە و ڕژدین لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال.