پەکەکە چۆن لە سلێمانی دابەش بوون و بۆچی کاری سەربازی دەکەن؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

پەکەکە چۆن لە سلێمانی دابەش بوون و بۆچی کاری سەربازی دەکەن؟

 

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕێکخستنێکی فراوانیان لە شاری سلێمانی ھەیە، هاوكات لە ناوچە شاخاوییەکانی (ماوەت، شارباژێڕ و پێنجوێن) بە شێوەی سەربازیش خۆیان جێگیر کردووە و  بنكە و بارەگای سەربازییان ھەیە.

ئەگەر پەکەکە بیەوێت لە نێو شاری سلێمانی و دەوروبەری چالاکیی سیاسی و سەربازی ئەنجام بدات، ڕاستەوخۆ (تەڤگەری ئازادی) کە باڵێکی ئەو حزبەیە و بارەگایان لە شاری سلێمانییە، ئاگادار دەکرێنەوە، ئەوانیش ڕێکخستنەکانیان ڕادەسپێرن بۆ ئەوەی داواکارییەکەی پەکەکە جێبەجێ بکەن و چالاکییەکە ئەنجام بدەن.

بەھۆی پەکەکەوە خەریکە درۆنی تورکیا چەقی سلێمانی بۆردمان بكات

لە ماوەی رابردوودا چەندان شوێنی دەڤەری سلێمانی لە لایەن توركیاوە بە شێوەی جۆراوجۆر كراوەتە ئامانج. لەمبارەیەوە رۆژی 12ی 6ی 2022، جه‌بار محه‌مه‌د، جێگری به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی یه‌کێتی له‌ سلێمانی، بۆ (باسنیوز) گوتی: “ئێمە وه‌ک هه‌ستێکی نه‌ته‌وه‌یی، رێز له‌ هه‌موو پارچه‌کانی دیکه‌ ده‌گرین، به‌ڵام به ‌مه‌رجێک ئه‌و خواستانه‌ نه‌بنە‌ هۆکاری شڵه‌ژان و تێکدانی سیسته‌می گشتیی کوردستان، بۆیه‌ ده‌بێ ئه‌و گرووپه‌ی په‌که‌که که‌ چه‌ند جاره‌ خۆپیشاندان ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌زانن کاریگه‌ریی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی نییه‌، ئیتر خۆ ناکرێت هه‌ر ئه‌مه‌ به‌رده‌وام بێت، چونکه‌ بیرمان نه‌چێت، تورکیا زۆر جار له‌ رێگای فڕۆکه‌ی بێفڕۆکه‌وان ئامانجەكانی ده‌پێکێت، که‌ هه‌ندێک جار شوێنه‌که‌ مه‌ده‌نییشه،‌ بۆیه‌ خه‌ڵک ترسی هه‌یه كە دوور نییه‌ به ‌دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م حاڵه‌تانه‌، شەقامی سه‌هۆڵه‌که‌ش بکرێته‌ ئامانج“.

پەکەکە ڕێستۆرانتەکان بۆ کاری سیاسی و سەربازی بەکاردەھێنێ

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە نێو شاری سلێمانی، لە ژێر ناوی جۆراوجۆر، چەند ڕێستۆرانت و کافتریایەكی کردوەتەوە، ھەر کاتێکیش چەکدارێکی پەکەکە لە قەندیلەوە بێتە ناو شاری سلێمانی، ئەو کافتریا و ڕێستۆرانتانە دەکەن بە شوێنی مانەوەی خۆیان.

سەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵ، زەکی چەلەبی، خاوەنی ڕێستۆرانتی (دەنیز) بە دەستڕێژی گوللە کوژرا کە رێستورانتەكەی و تەواوی کارمەندەکانی بەوە ناسرابوون، ماوەیەكی بەرچاو لە پەکەکە نزیك بوون، زۆرجاریش سەرکردەكانی پەکەکە لەو ڕێستۆرانتە كۆبوونەتەوە.

بەپێی بەدواداچوونی (باسنیوز)، زەكی چەلەبی هەستی بە مەترسیداریی بەكارهێنانی ڕێستورانتەكەی لە لایەن پەكەكە و ئەگەری بە ئامانجگرتنی رێستورانتەكەی كردبوو، بۆیە بڕیاری دابوو خۆی لە لایەنگرانی پەكەكە بەدوور بگرێ و چیتر ڕێگە نەدات رێستورانتەكەی بكەنە بارەگا و كۆبوونەوەی لێ بكەن، بۆیە گومان دەكرێ لە لایەن خودی پەكەكەوە كوژرابێ.

ھەروەھا لە مانگی پێنجی ئەمساڵیش لە ڕووداوێکی تەموموژاویدا کافتریایەك لە شەقامی سالم لە سلێمانی تەقێندرایەوە، دواتر باس لەوە كرا كە چەند کادیرێکی پەکەکە لە کافتریاکەدا بوون و گومان دەکرێت تەقینەوەكە هۆكاری دیكەی لە پشتەوە بووبێت.

نارنجۆك هەڵدەدرێتە نێو ماڵان

شەوی چوارشەممە 29ی 6ی 2022، لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی، ماتۆڕسکیلێک بە نارنجۆک ھێرشی کردە سەر ماڵێک کە چەند لایەنگرێکی پەکەکەی تێدا بوو، بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، ئەو دوو کەسەی لە ھێرشەکەدا بریندار بوون، ئافرەت بوون و کاریان بۆ ڕێکخستنەکانی پەکەکە کردووە، بەڵام ھەر زوو دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی ھۆکاری ھێرشەکەیان بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی گەڕاندەوە، بەڵام شایەتحاڵەکانی نزیک لە ڕووداوەکە ئاشکرایان کرد ئەو ماڵە دوو کادیری پەکەکەی تێدابووە.