هەدیە موراد: لایەنە ناشەرعییەکان نەیانهێشتووە دەستی خزمەتگوزاری بگاتە شنگال
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

هەدیە موراد: لایەنە ناشەرعییەکان نەیانهێشتووە دەستی خزمەتگوزاری بگاتە شنگال

لە دیمانەیەکی (باسنیوز)دا، هەدیە موراد، نوێنەری کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکوو ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەبێت، ئەو شارە ئارامی بە خۆیەوە نابینێت و دەستی ئاوەدانی ناگاتە ئەو شارە و دەشڵێت، هێزە نایاساییەکان لە شارەکەدا هەن و تاوەکوو ئەم هێزە ناشەرعییانە لە شارەکەدا هەبن، شارەکە سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێت.

(باسنیوز) پەرلەمانی کوردستان چۆن توانیویەتی بەرگری لە مافی پێکهاتەکان بکات؟

هەدیە موراد: بۆ بەرگریکردن لە مافی پێکهاتەکان یاسایەکی تایبەت هەیە لە هەرێمی کوردستان، ئەویش یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ تایبەت بە بەرگریکردن لە مافی پێکهاتەکانە و هەموو خاڵ و بڕگەکانی چوونەتە واری جێبەجێکردنەوە بۆ پاراستن و زامنکردنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، هەرچەندە ئەم یاسایە پێویستی بە هەموارکردنەوەیشە، بەڵام دەبێت ئەم یاسایە لە هەموو دامەزراوە حکوومییەکانی هەرێمی کوردستاندا بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.

(باسنیوز) هەندێک پێکهاتە کۆتایان هەیە، بەڵام تا ئێستا کوردانی ئێزدی و زەردەشتی بێ کورسیی کۆتان، چیتان کردووە بۆ ئەوەی ئەم پێکهاتە ڕەسەنانە ببنە خاوەنی کۆتا؟

هەدیە موراد: سەبارەت بە کۆتا بۆ ئەو پێکهاتانە کە کورسیی کۆتایان نییە و بێبەشن لە پەرلەمان، دانی کورسیی کۆتا بۆ ئەم پێکهاتانە زۆر گرنگە کە وەکوو پێکهاتەکانی دیکە مافیان هەبێت و دەنگیان هەبێت لە پەرلەمان و لە حکوومەتیشدا بتوانن ڕۆڵیان هەبێت، من خۆم وەک نوێنەرێ ئێزدییان پێشکیشمان کردووە بۆ ئەوەی کوردانی ئێزدی نوێنەریان هەبێت و فراکسیۆنی پارتی ڕەزامەندیی داوە و هیچ مانعێکیان نییە، بەڵام ئەمە پێویستی بە ڕەزامەندیی لایەنەکانی دیکە هەیە، چونکە بە لایەنێک کۆتا بەدەست نایەت، دەبێ هەموو لایەنەکانی دیکە هاوکار بن بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بۆ ئەوەی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە بگەن بە مافەکانیان لە خولی پێشووتریش، ئەم هەوڵە درا، بەڵام هەندێک لایەن دژیان وەستانەوە و ئێستاش هەندێک لایەن دژی ئەوەن کۆتا بۆ زەردەشتی و ئێزدییان هەبێت، ئێستاش هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی هیچ پێکهاتەیەک مافخوراو نەمێنێت.

(باسنیوز) بۆ ناوچە ئێزدینشینەکان چ خزمەتگوزارییەک پێشکەش کراوە؟

هەدیە موراد: هەرچەندە ئیشی پەرلەمان دانانی یاساکان و بەدواداچوونی پرۆژەکانە، بەدواداچوونی بۆ پرۆژەکانمان کردووە لەگەڵ بەڕێوبەری ناحیە و قائمقام و ئیدارەکان و داوامان کردووە، ناوچە ئێزدینشینەکان خزمەتگوزارییان هەبێت و زیاتر گرنگی بەم ناوچانە بدرێت، چونکە ناوچەکانی پێکهاتەکان پێویستیان بە خزمەتی زیاترە و لەگەڵ پارێزگاری دهۆک و وەزیری ئەوقاف و پلاندانانیش قسەمان کردووە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ناحیەی باعەدری و خانکی و شاریا و ناوچە ئێزدینشینەکانی سەر بە زاخۆ.

(باسنیوز) یاسای بێسەروشوێنبوان هەموار کرایەوە و بێسەروشوێنبوانی ئێزدییش زیاد کرا، کەی ئەوانە سوودمەند دەبن؟

هەدیە موراد: یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ١٩٩٩ یاسای تایبەت بوو بە بێسەروشوێنبوان، ئەم یاسایە هەموار کرا و بڕگەیەک بۆ ئێزدییان زیاد کرا و لە حکوومەتیشەوە بە تەئکیدەوە دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، ئەو خەڵکەی ئێمە لە شنگال دەتوانن سوود لەو یاسایە ببینن.

(باسنیوز) ڕێککەوتنی شنگال لە نێوان حکوومەتی هەرێم و بەغدا کرا، ئێوە لە لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، چۆن بەدواداچوونتان کردووە؟

هەدیە موراد: ئەو هێزە نایاساییەکانی نێو شنگال، بەتایبەت پەکەکە و لایەنەکانی دیکە هەر ئەو هێزانەن نەیانهێشتووە شنگال ئاوەدان بکرێتەوە و دەستی خزمەتگوزاری بگاتە ئەو ناوچەیە و سەقامگیریی ناوچەکەشی تێک داوە و خەڵکیش هێشتا لە ژیانی ئاوارەییدایە، لەبەر ئەوەش، شنگال ئاوەدان نەکراوەتەوە، لەگەڵ حکوومەت بەدواداچوونمان کردووە لەسەر دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت دۆخی شنگال و بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال دەستی ئاوەدانی دەگاتە شنگال، بەڵام حکوومەتی عێراق پابەندیی بە ڕێککەوتنەکەوە نەکردووە و یەک خاڵ و بڕگەی ڕێککەوتنەکە نەکەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە، هەر بەمەش دۆخی شنگال لە خراپەوە بەرەو خراپتر ڕۆیشتووە.