بەپێی ئەو شوێنەوارانەی ماونەتەوە، مێژووی تاتۆ دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر. لە ساڵی ١٩٩١، دوای دۆزینەوەی لاشەی بەستووی پیاوێك لە كێوەكانی ئاڵپ (سویسڕا)، دەركەوت مێژووی لاشەكە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ پێش و ئەم پیاوە بەستووە ٦١ نەخشی تاتۆ لەسەر جەستەی كوترابوو.
تاتۆ لەناو هاووڵاتییانی میسریی كۆنیشدا رەواجی زۆری بوو، لەڕاستیدا بەشێك بوو لە كولتووری وڵاتی میسر. جگە لە میسر، تاتۆ لە وڵاتی هیندستانیش رەواجی هەبوو و زیاتر بە مەبەستی دەرمانكردن بەكار دییهێنرا، هەروەها لە بۆنە ئایینییەكاندا خەڵك خاڵیان دەكوتی. وەك دەگوترێ، كوتانی خاڵ شێوازێكی دەرمانیی بووە بۆ دەزگاربوون لە كێشە و نەخۆشییەكانی ریخۆڵە و ئەو دیاردەیە لە میسری كۆن زۆر باو بوو.
هەندێك لەو كەسانەی شارەزای بواری مێژوون، پێیان وایە هەبوونی تاتۆ لەناو یۆنانییەكان و چینییەكانی كۆن پشتڕاست كراوەتەوە.
راستە تاتۆ، یاخود كوتانی خاڵ مێژوویەكی كۆنی هەیە، بەڵام لە هەر كولتووری وڵاتێكدا بە مەبەستێكی جیاواز ئەم كارە كراوە. شارەزایانی مێژوو باس لەوە دەكەن، تاتۆ لە میسری كۆندا زیاتر لە رووە دەرمانییەكەیەوە رەواجی هەبووە، بەڵام لە وڵاتی فیلیپیندا بە مەبەستێكی دیكەر خاڵیان كوتیوە و زیاتر ئەو كەسانە تاتۆیان كردووە، كە هێزی جادووییان هەبووە و لەناو خەڵكدا بە جادووگەر ناسرابوون.
لە یۆنان و رۆمی باستاندا، تاتۆ زیاتر بەمەبەستی جیاكردنەوەی تاوانباران و كۆیلەكان لە خەڵكی دیكە دەكوترا. لە هەندێك لە كولتوورەكانی دیكەدا، پێیان وابوو هەر نەخشێكی تاتۆ لەسەر جەستە، گوزارشت لە بەهێزی و تواناكانی ئەو كەسە دەكات، بەو مانایە، نەخشەكان توانای ئەوەیان هەیە، كە هێز بدەنە خاوەن جەستەكە.
بەگوێرەی زانیارییە مێژووییەكان، لە زۆربەی كولتوورەكاندا ژنانی بنەماڵە ناسراوەكان، نەخش و تاتۆ بەسەر جەستەیانەوە هەبووە و هەر گرووپ و هۆزێك وەك نیشانە و رەمز نەخشێكی تاتۆیان لەسەر جەستەیان دەنەخشاند، كە جیای دەكردنەوە لە گرووپ و هۆزەكانی دیكەی كۆمەڵگا. هەر چەند هەزاران ساڵ تاتۆ لەناو كولتووری وڵاتەكاندا باو بووە، بەڵام ئەم هونەرە تابۆیە و زۆری خایاند، تا لە هەموو كولتوورەكاندا بەئاسایی وەریبگرن و تابۆوەكە بشكێت و سەرلەنوێ ببوژێتەوە. لە قۆناغی رێنیسانسدا (سەردەمی رۆشنگەری) تاتۆكردن دووبارە سەری هەڵدایەوە و ئەوجارە نەخشەكان جوانتر و جیاوازتر لە جاران بوون.
لە سەردەمی كۆندا رەنگەكان زیاتر سروشتی بوون و لە گیا و گوڵ بەرهەم دەهاتن و بە شێوەی سەرەتایی نەخشی سادەیان لەسەر جەستە دەنەخشاند، بەڵام لە ساڵی ١٨٩١دا یەكەمین ئامرازی تاتۆكردن لەلایەن (سامۆئیل نوریلی) دروست كرا. هەنووكە لەم سەردەمەدا تاتۆ بە ئامێری پێشكەوتوو، نەخشی جیاوازتر و جوانتر و جەوهەر و رەنگی ستاندارد دەكوترێ.
لە كوردستانیشدا هونەری تاتۆ رۆژبەڕۆژ لە پەرەسەندندایە و چەندان سەنتەری تایبەت بە تاتۆ لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایانی ئەم بوارەوە كراونەتەوە. نەجاح ئەڵماس، ناسراو بە نەجاح تاتۆ، كە چەندین ساڵە لەم بوارەدا ئیش دەكات، بۆ (باسنیوز) ئاشكرای كرد: ”ئێستا بەراورد بە ساڵان خەڵكی كورد زیاتر رووی لە كوتانی تاتۆ كردووە، بەتایبەت لە وەرزی گەرمادا، كە خەڵك جلی نیمچە رووت لەبەر دەكات، خواستی زیاتری لەسەرە، تاتۆكردن جوانكاریی سەر لەشە و زۆرجار كەسانێك، كە برێنێك یاخود شوێنەواری نەشتەرگەری و سووتان بەسەر جەستەیانەوە هەیە، سەردانمان دەكەن، تا بە نەخشی تاتۆ شوێنی برینەكانیان بشارینەوە”.
ئاشكراشی كرد: ”تاتۆكردن هیچ زیانێكی بۆ تەندروسی نییە، چونكە تەنیا لەسەر پێست دەكوترێ، بەڵام دەبێت ئەو مەوادەی كاری پێ دەكەین، پزیشكیی بێت و ئەو دەرزییەی بۆ كوتان بەكار دێت خاوێن بێت و لەلای ئەو كەسانە تاتۆ بكوترێ، كە سەنتەرەكەیان مۆڵەتی ئەم كارەی هەیە و لە رووی یاسایی و تەندروستییەوە هیچ كێشەیەكی نییە“.
سەبارەت بە پەشیمانبوونەوە لە تاتۆ، گوتیشی: ”هەر كەسێك كە بەنیازی تاتۆیە، پێش كوتانی تاتۆ دەبێت باش بیر لە نەخشەكە، یاخود نووسراوەكە بكاتەوە، چونكە هەندێك كەس دوای كوتانی ناوێك، یاخود نەخشێك، دوای ماوەیەك پەشیمان دەبنەوە و دەیانەێ تاتۆكە بسڕنەوە، راستە كوتانی تاتۆ ئاسانە، بەڵام سڕینەوەی هیچ ئاسان نییە و پێویستی بە چەندین دانیشتنی لەیزەرە و قەتیش پێستەكە وەك خۆی لێ نایتەوە“.
لە هەموو وڵاتاندا، تاتۆكردن بۆ منداڵانی خوار تەمەن یاسایی، واتر ١٨ ساڵ قەدەغەیە و بەگوێرەی زانیارییەكانیش، وڵاتی تایلاند یەكێكە لەو وڵاتانەی، كە هونەری تاتۆ لەگەڵ كولتووریاندا تێكەڵاوە و لە پەرەسەندێكی زۆردایە و باشترین تاتۆكارەكان لە ئاستی جیهاندا لەو وڵاتەن.