كەشتییەكی گواستنەوەی گەنم كێشەیەكی نوێ دەخاتە نێوان توركیا، ئۆكراینا و رووسیا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

كەشتییەكی گواستنەوەی گەنم كێشەیەكی نوێ دەخاتە نێوان توركیا، ئۆكراینا و رووسیا

ئەمڕۆ یەكشەممە باڵوێزی ئۆكراینا لە توركیا رای گەیاند كەشتییەكی گواستنەوەی گەنمی ئۆكراینی كە لەلایەن رووسیاوە دزراوە، ئێستا لەلایەن دەسەڵاتی گومرگی توركیاوە دەستی بەسەردا گیراوە.

ڤاسیێل بۆدنار باڵوێزی ئۆكراینا لە ئەنكەرا ئاشكرای كرد كە دەسەڵاتی گومرگی توركی دەستی بەسەر كەشتییەكی گواستنەوەی گەنمدا گرتووە كە هی ئۆكراینایە و لەلایەن دەوڵەتی رووسیاوە دزرابوو.

بۆدنار لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی ئۆكراینی، ئاماژەشی بەوە داوە كە ئێستا كەشتییەكە لە دەروازەی بەندەرێكی توركیادا راگیراوە و هاوئاهەنگیی تەواو لە نێوان ئۆكراینا و توركیادا هەیە بۆ ئەوەی كەشتییەكە بۆ خاوەنەكەی "ئۆكراینا" بگەڕێندرێتەوە.

دووپاتیشی كردووەتەوە كە سبەی دووشەممە كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدرێت بۆ یەكلاكردنەوەی خاوەندارییەتی كەشتییەكە.

ئەمەش لە كاتێكدایە بەر لە دوو رۆژ، حكوومەتی ئۆكراینا داوای لە حكوومەتی توركیا كردبوو دەست بەسەر كەشتییەكدا بگرن بە ناوی "زیبیك زولی" كە ئاڵای رووسیای لەسەر هەڵكراوە و لە راستیشدا هی ئۆكراینایە و لە بەندەری بیردیانسكی ئۆكرایناوە كە لەلایەن رووسیا داگیر كراوە، بڕی چوار هەزار و 500 تۆن گەنمی ئۆكراینای بار كردووە.