هەدەپە دەچێتە ناو پێنجەمین كۆنگرەی خۆیەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

هەدەپە دەچێتە ناو پێنجەمین كۆنگرەی خۆیەوە

ئەمڕۆ 3/6/2022، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، دەچێتە ناو پێنجەمین كۆنگرەی خۆیەوە، چاوەڕوان دەكرێت گۆڕانكاری لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی بكات. ئەوەی ئەم كۆنگرەیەش لەگەڵ كۆنگرەكانی تردا جیا دەكاتەوە، ئامادەبوونی چەندین كەسایەتی گرنگ و نووسەر و ئەكادیمسیانە.

(ئێمە چارەسەرین و بەڵێنیش لای ئێمەیە)، ئەمە دروشمی ئەمجارەی كۆنگرەی هەدەپەیە، كە دەیانەوێت بە توركیا بڵێن، بەبێ بوونی هەدەپە، هیچ شتێك لە توركیا چارەسەری نییە، بەتایبەت بوونی كێشەی كورد.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاوكراوەتەوە، پەروین بوڵدان و مەدحەت سانجار، دووبارە وەكوو هاوسەرۆكی هەدەپە هەڵدەبژێردرێنەوە.

ساروحان وڵوچ، پەرلەمانتاری هەدەپە، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی (BBC) توركی، دەڵێت لە كۆنگرەی ئەمجارەدا، پەیامیان بۆ ئۆپۆزسیۆنی توركیا و دەسەڵاتی توركیا پێیە.

لەم كۆنگرەیەدا، جیا لە هەڵبژاردنی هاوسەرۆكان بە دەنگی ئەندامانی كۆنگرە، لە هەمان كاتدا، 100 ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی هەڵدەبژێردرێن، كە چاوەڕوان دەكرێت بەشێكی زۆری ئەندامانی ئەنجوومەنی پێشوو گۆڕانی بەسەردا بێت و كەسی تازە بێتە پێشەوە.

هەدەپە، لەم كۆنگرەیەدا، گفتوگۆی چر لەبارەی دۆسیەی داخستنی پارتەكەیان دەكەن، كە چاوەڕوان دەكرێت دادگای دەستووری توركیا بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدات.

هەدەپە، بۆچوونی نووسەر و ئەكادیمسیانەكان وەردەگرێت و پێشنیارەكانیان وەردەگرێت، ئەمەش لە ئەگەری داخستنی هەدەپە و چۆنییەتی مامەڵەكردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا.

بەگوێرەی زانیارییەكان، كۆنگرەكە لە ئەنكەرا ئەنجام دەدرێت و زیاتر لە 50 هەزار كەس داوەت كراوە، كە بەشێكیان لە دەرەوەی توركیاوە داوەت كراون.

هەموو پارتە سیاسییەكانی توركیا داوەت كراون، تەنیا پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە)، پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە)، پارتی خاس، داوەت نەكراون. ئەو سێ پارتەش لە كۆنگرەی خۆیاندا هەدەپە داوەت ناكەن و وەكوو باڵێكی مەدەنی پەكەكەی ناوی دەبەن.

ساروحان پێیوایە، هەدەپە رۆڵی كلیلی هەڵبژاردن دەبینێت، بۆیە پەیامی بۆ ئۆپۆزسیۆنی توركیا و دەسەڵات پێیە.

ئەو دەڵێت: ”لە بونیادنانەوەی توركیایەكی دیموكراتدا، ئێمە رۆڵی هەدەپە سەرلەنوێ پێناسە دەكەینەوە، ئەمەش دەبێتە پەیامێكی كۆنگرە“

باس لەوەش دەكات، دەیەوێت لەم كۆنگرەیەدا بە توركیا بڵێن، هەدەپە لێرەیە و ناچێتە هیچ شوێنێك و لە خەباتكردن بەردەوام دەبێت و بە داخستنی هەدەپە ناگەنە هیچ شوێنێك، چونكە هەدەپە كلیلی هەڵبژاردنی توركیایە.

وەكوو ئەوەی ساروحان باسی دەكات، هەدەپە چاوی لە هاوپەیمانییەكی دیموكراتییە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا، بۆیە ئەمەش لە كۆنگرەدا باس دەكەن و بڕیاری سیاسی لەبارەوە دەردەكەن.

كۆماری توركیا پێ دەنێتە 100 ساڵی تەمەنی، هەدەپە پێیوایە لەو ماوەیەدا بە هیچ شێوەیەك ئەو وڵاتە دیموكراتی بەخۆیەوە نەبینیوە، بۆیە هەدەپە لەو كۆنگرەیەدا باس لە چۆنییەتی دروستبوونی دیموكراتی بۆ كۆماری توركیا دەكات و گفتوگۆی چڕی لەبارەوە دەكەن.

هەر لەم كۆنگرەیەدا، هەدەپە باس لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا دەكات، بڕیاریش دەدات ئاخۆ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی دەبێت یان پشتگیری لە كاندیدی ئۆپۆزسیۆن دەكەن