كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
ھۆگر نێروەیی 02/07/2022

كوردستان لەنێوان دوو جەمسەرە ناكۆكەكەدا

‏‎ڕکابەریی ھەردوو جەمسەری عەرەبی شیعەی عێراق بۆ بوون بە مەرجعی سیاسیی عێراق گەیشتووەتە لوتکە، کە ھەریەکەیان دەیەوێت خۆی بەسەر ئەوی تردا بسەپێنێت، ھەریەکەیان ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتە و بە شێوازی جیاواز. یەکیان عێراقێکی سەنتراڵیزمی دامەزراوی دەوێت کە خۆی حاکم بێت، بە ئامرازی جووڵاندنی شەقام، ئەوی تریان عێراقێکی میلیشیایی دەوێت کە خۆی تێدا سەرۆک بێت و کەس لەسەرووی نەبێت بە ئامرازی کپکردنی شەقام!

‏‎جەمسەری یەکەم موقتەدا سەدر، کە زۆر لێزانە لە بەکارھێنانی شەقام، سایکۆلۆژیای لایەنگرانی خۆی بەتەواوی کۆنترۆڵ کردووە، کەی بیەوێت بە دوگمەیەک (pause و stop) پێی دەکات، بە یەک جووڵە دەتوانێت سەدان هەزار كەس لە لایەنگرانی خۆی کۆ بکاتەوە، بە یەک قسە دەتوانێت بە مانگ و ساڵ خەڵک بە برسی و لە سەرما و گەرمادا لەسەر شەقام بھێڵێتەوە. لایەنگرانی قسەکانی بە دەقی پیرۆز دەزانن، قەت لێی لانادەن، لایەنگرانی مردن لەپێناو سەدر بە گەیشتن بە بەھەشت دەزانن، سەدریش پشتی لە جووڵاندنی شەقام قایمە.

‏‎جەمسەری دووەم نووری مالیكی، کە ڕکابەرێتیی مێژوویی سەختی ھەیە لەگەڵ موقتەدا سەدر، چەند جاریش پێکدانی خوێناوی لەنێوانیان ھەبووە، مالیكی زۆر لێزانە لە کپکردنی شەقام، بۆی گرنگ نییە چەند کەس دەکوژێت، بەڵکوو ئەوەی بۆ گرنگە چۆن شەقام کپ بکات. تا ئێستاش لەپشت پەردەوە، مالیكی دەسەڵاتدارترین سیاسیی عێراقە، جێمتمانەترین کەسی سیاسییە لای وڵاتێكی ئیقلیمی کە ھەژموونی زۆرە لە عێراق، ھەتا ئێستاس ئەوان ھیچ جێگرەوەیەكی دیكەیان بۆ مالیكی نییە.

‏‎لەم ڕکابەرییە توندەی نێوان ھەردوو جەمسەری عەرەبی شیعە، لایەنی سێیەم ھەیە کە کوردە، کە ھەمیشە ڕۆڵی کاریگەر ھەبووە لە یەکلاییکردنەوەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان.
‏‎ئەوەی لێرە گرنگە بۆ کورد مافەکانیەتی، کە چۆن و بە چ شێوەیەک دانی پێدا دەنرێن، نەک ڕکابەرێتیی ئەو دوو كەسایەتییە، کێ دەبێتە حاکمی ڕەھایی عێراق، ھیچ شتێک بۆ کورد ناگۆڕێت و گرنگیش نییە کێ حکوومەت پێک دەھێنێت، بەڵکوو تەنیا ئەوە گرنگە کێ لە ئەوان، باشتر دان بە ھەبوونی کورددا دەنێت.

کێشەکە لەوەدایە، کورد ھەمیشە پێش پێکھێنانی حکوومەت بەھێزە، چەند کارتێكی ھەیە بە کاری بھێنێت، بەڵام دوای پێکھێنانی حکوومەت لاواز دەبێت، تا دەگاتە کۆتایی کابینەکە بەتەواوی لەدەرەوەی حکوومەت و پرۆسەی سیاسیی عێراقدا دەبێت.

‏‎تەوقیتی ئەم جارە بۆ کورد زۆر گرنگە، لە بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیی عێراق لە حکوومەتی داھاتوودا گەر پێکبھێنرێت، کە بزانێت چۆن و کەی و بە چ میکانزمێک بەشداری لە پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی عێراقدا دەکات. ھەر ھەڵەکردنێک، کورد باج دەدات، ھەر ھەنگاوێکی ڕاست، کە لە تەوقیتی خۆیدا بێت، دەستکەوتێکی زۆر گەورە بۆ کورد دەبێت، ھەموو ئەو دژایەتییەی لە ڕابردوودا لەسەر ھەرێمی كوردستان کران، ڕاست دەکرێنەوە و پڕ بەرھەم دەبێت.

کورد گۆپاڵی سیحریی پێ نییە کە بزانێت حکوومەتی داھاتوو تەمەنی زۆر دەبێت یان بەرگەی چەقەنەیەك ناگرێت. گرنگیش نییە حکوومەت تەمەنی درێژ بێت، یان زوو بڕووخێت، ئەوەی گرنگە کورد بە باشی ھەموو کۆدەکان بخوێنێتەوە.

‏‎تەنیا ئەوانە ھەڵە ناکەن کە ھیچ ناکەن، بۆ سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانج دەبێ ھەڵە بکەیت، کە ھەڵە نەکەیت مانای ئەوەیە نەجووڵاویت، بەڵام گەر دوو جار ھەمان ھەڵە بکەی،
‏‎ئەوکات دەبێ دان بەوەدا بنێی کە ھی ئەوە نیت بەو ئامانجە بگەیت.

‏‎دەرفەتێکی زێڕین بۆ کورد ڕەخساوە کە لە ماوەی ڕابردوودا ھاوشێوەی نەبووە، دروستکەرانی بڕیار لە ھەموو حزبەکانی کوردی دەتوانن ئەم دەرفەتە بە باشی و ستراتیژییانە بۆ کورد بقۆزنەوە، کە لە سەرەتاوە تا کۆتایی حکوومەتی عێراق کە ماوەی چوار ساڵە مافەکانی گەلی کوردستان دەستەبەر بکات. ئەگەر ئەم جارە مافەکانی کورد زەوت کران و ڕێکكەوتنەکان وەک خۆی جێبەجێ نەکران، خەتاکە لە کورد دەبێ نەک لە بەغدا، چونکە کورد ئەزموونی لە سیاسەتی تاڵی عەرەبی شیعە بەدرێژایی بیست ساڵی ڕابردوو وەرنەگرتووە و نەیتوانیوە کارتی ھەبێت لە کاتی ئالنگارییەکانی ئەوان و لە کاتی گۆڕینی ھەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە کورد.