سەرۆكایەتیی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەن مەسرور مەسعود مستەفا بارزانییەوە، لە ساڵانی سێیەمی تەمەنیدایە، ئێستە كاتی ئەوەیە لە گۆشەیەكی نوێوە بنواڕینە ئەم پرسە و بزانین ئایا بارزانیی كوڕ لە حوكمڕانیی سێ ساڵی سەرۆكایەتیی كابینەی نۆیەمدا، چۆن كاری كردووە و چی كردووە؟
پێش ئەوەی بابەتێكی لەو شێوەیە بورووژێنین، گرنگە بزانین كە سێ ساڵی رابردوو بۆ جیهان و بۆ عێراق و بۆ هەرێمی كوردستان بەتایبەتی ئاڵۆزیەكی گەورە هەبوو، وەك گرفتەكانی ڤایرۆسی كۆڤید نۆزدە و دەرهاویشتەكانی و بابەتەكانی شەڕی چەكدارانی داعش و بابەتی دۆخی دارایی جیهان و هەروەها دابەزینی نرخی نەوت بۆ خوار سفر و نەمانی داهاتی ناوخۆی و هەروەها ئاڵۆزییە ناوخۆییەكانی عێراق و هێرشی مووشەك و درۆن بۆ سەر پایتەخت و پێگە ئابوورییەكانی كوردستان، بڕینی پارە لە بەغدا و گرفتی مووچە و قەیرانی ئابووری لە جیهاندا.
لەگەڵ هەموو ئەو گرفتانەدا، هەرێمی كوردستان لەنێو چەندین قەیرانی دیكەی گەورەدا بوو، بەتایبەتی ئەو ژمارە گەورەیەی كە وەك قەرز بەسەر شانی حكوومەتەوە بوو، لەگەڵ هەموو ئەو ئاڵۆزییە ناوخۆییانەی كە لە هەرێمی كوردستاندا هەبوو، بەدەر لەوەش گرفتەكانی شەڕی داعش كە راستەوخۆ لە كوردستان كاریگەریی تەواوی هەبوو.
لە راستیدا گرفتەكان هەرچەندە زۆر بن گرنگ نین، چونكە ئێمە لە قۆناغی ژیانداین و هەر لەبەر ئەوەی داموودەزگای نیشتیمانی و دەوڵەتیمان هەیە، پێویستە ئەو راستییە بزانین كە بەڵێ گرفت هەیە و دەبێ بەدوای چارەسەری گرفتەكاندا بگەڕێین، بۆ ئەو بابەتەش هەموو دەوڵەتێك حەوجەی بە دوو پێویستیی گرنگ هەیە، سەركردەیەكی حكوومیی بەهێز و كاریزمی كە لە بەرپرسیارێتی راناكەت و رووبەڕووی گرفتەكان ببێتەوە، هەروەها تیمێكی راهێنراوی مەیدانیی حكوومی كە رووبەڕووی كێشەكان ببێتە وە و هەوڵی چارەسەری گرفتەكان بدات.
قەرزەكان
مەسرور بارزانی، كاتێ كلیلی كابینەكەی وەرگرت، بڕێكی گەورە قەرز لەسەر كابینەكە بوو، كە بەشێك قەرزی ناوخۆیی بوو و بەشێكی دیكەشی قەرزی دەرەكی بوو، كە لە بەرامبەر هەردوو حاڵەتەكەدا بەرپرسیاریەتیی راگەیاند و لە بەرچاوی تەواوی میدیاكانی كوردستان و دەرەوەدا گوتی كە ئەوان ئەو راستییە دەبینن و ناشهێڵن هەقی هیچ كەس بفەوتێت.
بە پڕۆژەیەك دەست كرا بە پۆلێنكردنی قەرزەكان و وردە وردە دانەوەی قەرزەكان و هەژماركردنیان، ئەوە بەشێكی باش بوو لەسەر كەوتنی هەرێمی كوردستان بە رووی قەرەزەكاندا، هەرچەندە قەرز گرفتێكی جیهانییە و وڵاتی زلهێز و گەورەش هەن كە تووشی قەرزی گەورە بوون، بەڵام ئەوەی گرنگە پلان هەبێت بۆ دانەوەی قەرزەكان و رێگەنەدان بە كەڵەكەبوونی زیاتر، ئەوە هەمان ئەو پلانەیە كە مەسرور بارزانی گرتییە بەر لە بەرامبەر قەرزەكانی هەرێمی كوردستاندا، پێویستیشە وردتر لەسەر پرسی قەرەزەكانی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان كار بكرێت، تا بەتێپەڕینی كات، كەمتر ببێتەوە لەسەر هەرێمی كوردستان.
رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا
ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەك چۆن كاریگەریی گەورەی لەسەر جیهان دروست كرد، بەو شێوازەش كاریگەریی گەورەی لەسەر هەرێمی كوردستان دروست كرد و بووە هۆی ئەوەی دۆخی دارایی خەڵك و دەوڵەتیش لاواز ببێت، حكوومەتی هەریمی كوردستان پلانێكی تۆكمەی بۆ رووبەڕووبونەوەی پەتاكە دانا، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بە باشترین شێوە پەتاكە كۆنترۆڵ بكرێت و ئێستاش هەرچەندە كاریگەرییەكانی لەسەر كوردستان و جیهان ماوە، بەڵام ئەوە نیشانەیەكی باشی سەركەوتنە كە توانرا لە بەرامبەر جیهاندا و هاوتەریبانە رووبەڕووی گرفتەكانی كۆرۆنا ببێتەوە، ئەوەی سەركەوتنی كارەكەی نیشانی جیهانی دەرەوە دا، ئامادەكارییەكانی وەزارەتی تەندروستی بوو بۆ رووبەڕوبوونەوەی گرفتەكان.
نەوت و قەیرانی دارایی
نەوت لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەوە نرخی نەوت نزمترین ئاستی تۆمار كرد، قەیرانێكی گەورە رووی لە هەرێمی كوردستان كرد، ئەوەش وەك بارگرانیەكی گەورە بوو بەسەر هەرێمی كوردستانەوە، تواناكانی هەرێمی كوردستانی راگرت لە بەرامبەر پێدانی مووچە و رێكخستی كارەكان و هەروەها دەستپێكردنتی پڕۆژەكانەوە، مەسرور بارزانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم كارە، چەندین پڕۆژەی لەگەڵ ئەندامانی كابینەكەی شێر كردەوە بۆ ئەوەی بتوانێت رووبەڕووی ئەو گرفتە ببنەوە، هەر لە سەرەتاوە توانرا چارەسەری گرفتەكانی مووچە بكرێت و مووچە بۆ هاووڵاتیان دابین بكات، پاشانیش چەندین پڕۆژەی ێلارخانیی گرنگ و چەندین كاری گەورە بە گوژمەی دارایی گەورە دەستیان پێكردەوە، قەرزی بەڵێندەرەكان درا.
بەشێكی بەرچاو لە كێشە داراییەكان لە سەردەمی كابینەی نۆیەمدا چارەسەر كران و چارەسەری دیكەش بەڕیوەن، پڕۆژەی گەشتیاری و پڕۆژەی نێوخۆی و خانووبەرەوە و رێگەوبان و هاتووچۆ چوونە واری جێبەجێكردنەوە، سیاسەتی ئابووری گەشەی سەند و چەندین بەڵێندەری گەورە لە كوردستان كارەكانیان دەست پێكردەوە، ئێستا بە بەهای ٩٠٠ ملیار دۆلار پرۆژەی گەورە هەیە كە لە كابینەی نۆیەمدا كار دەكەن و كەوتوونەتە گەڕ.
بەشێك لە كێشەكانی هاووڵاتیان لە پرسی مووچە و پرسی وەبەرهێنان و كەرتی تەندروستی و كەرتی گەشتیاری و كەرتی ئابووری، خرایە بواری چاكسازی و جێبەجێكردنەوە، ئەوەش توانی هەرێمی كوردستان بگەیەنێتە ئاستێكی باڵاتر، ئیستا لە هەرێمی كوردستان رێگەی نێودەوڵەتی هەیە، گەورەترین پردی شارستانی لەسەر ئاستی عێراق دروست كراوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی كە هەرێمی كوردستان چاوی جیهان بۆ خۆی رابكێشێت، هەر بەوەشەوە نەوەستاوە و هەنگاوی تری ئەم كابینەیە بەڕێوەیە.
چاكسازی
هەر لە سەرەتاوە چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بەرنامەی كاری مەسرور بارزانی و كابینەكەی بوو، ئەمەش لە دروشم و قسەكردندا نەوەستا، بەڵكوو هەنگاوی عەمەلی و یاسا و بڕیار و رێسای گرنگی لەو بارەیەوە خستە واری جێبەجێكردنەوە.
دڵنیام لەم یەك دوو ساڵی ئایندەدا، خەڵكی كوردستان زۆر بەوردی بۆیان دەردەكەویت، مەسرور بارزانی و كابینەی نۆیەم، چەند دیدێكی ورد و رژد و گرنگیان هەبووە بۆ حوكمڕانی.. كابینەی نۆیەم هێز و ورە و ئومێد بە هاووڵاتیان دەبەخشێت، لە سێ ساڵی پڕ لە كێشە و هەڕەشە و قەیراندا، باشترین ئەزموونی حوكمڕانیی پیشان داوین، هیواشمان هیشتا زۆرە بەم سەرۆك وەزیرانە.
دیدارەكانی مەسرور بارزانی
لەگەڵ ئەوەی كە مەسرور بارزانی رووبەڕووی ئەو گرفتانە بووەتەوە كە لە هەرێمی كوردستاندا هەبوو، چەندین دیداری گەورە و گرنگی ئەنجام دا، لە پەرلەمانی كوردستان ١٠ سەعات وەڵامی زیاتر لە ٤٠٠ پرسیاری پەرلەمانتارانی دایەوە كە ئەوە گەورەترین دیداری پەرلەمانی بوو كە هەرێمی كوردستان بە راشكاوانە دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێری لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێكردن ئەنجامی دابێت.
هەروەها چەندین دیداری جیاوازی لە شوێنی جیاواز، لەگەڵ گەنجانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا و پێی گوتن، ئەو لە بەربرسیاریەتی راناكات و رووبەڕووی گرفتەكان دەبێتەوە و دەیەوێت كێشەكان چارەسەر بكات بە شێوەیەكی سیستماتیكی، ئەوەش یەكێك بوو لە دیدارە راستەوخۆ و باشەكانی سەرۆكوەزیرانی كوردستان لە چارەسەركردنی گرفتەكان و ئاگاداربوون لە گرفتەكانی گەنجانی كوردستان.
لە كاتی رووداوەكانی لافاودا هاووڵاتیاندا، لە خۆپیشاندانی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكاندا، راستەوخۆ چووە ناو هاووڵاتیان و گلانجان و قوتابیانەوە و گرفتەكانی چارەسەر كرد و پێی گوتن ئەو وەك سەۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵیانە و دەچێتە هەر شێوێنك كە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی گرفتیان هەیە و دەیەوێت هاوبەشییان بكات و چارەسەری گرفتەكان بكات.
مەسرور بارزانی دەچێتە بەرەكانی جەنگ
لەگەڵ ئەوەی كە پەیتا پەیتا هێرشی چەكداری رووی لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكرد و جارجارەش هێرش بۆ سەر كوردستان دەبوو، بەڵام گرفتی گەورە لەبەردەم هەرێمی كوردستان هەبوو لە رووی ئەمنیەوە، مەسرور بارزانی چووە بەرەكانی جەنگ و لەگەڵ پێشمەرگەكان كۆبووەوە و و دڵنیایی دا بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان كە ئەویش وەك باوكی كە پێشمەگەیە و رووبەڕووی جەنگەكان دەبێتەوە و لەگەڵ پێشمەرگەكان لە سەنگەرەكاندا دەبێت.
لەگەڵ میدیاكاران كۆدەبێتەوە
مەسرور بارزانی لەگەڵ رۆژنامەنووسان دیدارێكی چەند سەعاتیی ساز دەكات، لە دیدارەكەدا، چەندین میدیاكار و رۆژنامەنووسی جیاوازی لە شارە جیاوازەكانی كوردستان دەبینێت، گفتوگۆی راشكاوانەیان لەگەڵ دەكات و وەڵامی تەواوی پرسیارەكان دەداتەوە، ئەم دیدارە كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی گەورەی لێ كەوتەوە كە بووە هۆی ئەوەی راستیەكان بەتەواوەتی بۆ خەڵكی كوردستان روون ببێتەوە.
گەشتە دیبلۆماسییەكان
حكوومەتەكەی كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتیی دەكات، لە گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی بلای عێراقدا بەردەوام بوو، شاندی باڵا چوون و شاندی باڵا هاتن، هەروەها گەشتی چەندین وڵاتانی ئەورووپیی كرد و لەسەر ئاستی باڵا و بە پرۆتۆكۆلی بەرز و بە ئاڵای هەرێمی كوردستانەوە پیشوازییان لێی كرد، لە چەندین هاوبەند و كۆنفرانسی نێودەوڵەتییدا، جیا لە ئامادەبوون، قسەكەریش بوو.
گەڕی سەردانەكانی مەسرور بارزانی بۆ وڵاتانی عەرەبییش، گەڕێكی بەپیت بوو، بۆ دروستكردنی چەندین پڕۆژەی هاوبەش و چەندین بەرنامە و پڕۆگرامی ئابووری و دروستكردنی پردی هاوبەشی پەیوەندییەكان لەنێوان ئەندامانی وڵاتانی عەرەبی و هەرێمی كوردستاندا كە هەرێمی كوردستان ئاڵاكەی لە لای وڵاتانی عەرەبی بە پێشەنگی دەردەكەوێت.