كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لە توركیا بە زیاتر لە یەك ملیۆن لیرەی توركی كتێبێک لەسەر مێژووی خواردنی توركیا چاپ دەكرێت

خواردنی كوردییشی تێدایە

وەزارەتی كولتوور و گەشتوگوزاری توركیا، كتێبێكی تایبەت بە چۆنیەتیی دروستكردنی خواردنی توركی و مێژووی خواردنەكانی توركیا، بە بڕی زیاتر لە یەك ملیۆن لیرەی توركیا چاپ دەكات کە بە شێوەی تەندەر بۆ كۆمپانیایەك دەرچووە.

بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەو كتێبە بۆ یەكەم جارە لە مێژووی توركیا كاری لەسەر بكرێت، چونكە باس لە خواردنی تایبەت بە توركیا دەكات.

ئەوەی كە بووەتە مایەی نیگەرانیی بەشێك لە خەڵکی كورد، لە كتێبەكەدا بەشێكی زۆر لە خواردنی كوردیی تێدایە، بەڵام وەكوو خواردنی كوردی باسی لێوە نەكراوە، بەڵكوو وەكوو خواردنی توركی ناویان هاتووە.

وەزارەتی كولتوور و گەشتوگوزاری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، دەبوایە كتێبەكە لە 2021 چاپ بكرایە، بەڵام ئەوكات ڕەخنەی زۆری لێ گیرا و گوتیان چۆن دەبێت بەو بڕە پارە زۆرە كتێبێك لەسەر خواردنی توركیا چاپ بكرێت، بۆیە لە بودجەی 2022 شوێنی بۆ كراوەتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی وەزارەتی كولتوور و گەشتوگوزاری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، كتێبەكە چەندین كەسی ئەكادیمی و شارەزای مێژوو كاریان تێدا كردووە و باس لە هەموو جۆرە خواردنێكی توركیا كراوە، بۆیە كتێبەكە گرنگە و خزمەتە بە كولتووری توركیا.

باس لەوەش كراوە كە كتێبەكە بە یەك ملیۆن و 100 هەزار لیرەی توركی چاپ و بڵاو دەكرێتەوە.

ئەوەی بووەتە مایەی هەواڵ و ڕەخنەلێگرتنی هاووڵاتییان، پێشەكیی كتێبەكە لەلایەن ئامینە ئەردۆغان، هاوسەری ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیاوە نووسراوە و دەڵێن، هۆكاری ئەوەی كتێبەكە بەو شێوەیە پارەیەكی زۆری بۆ خەرج كراوە، ئەوەیە کە ئامینە پێشەكی بۆ نووسیوە، گەر ئەو پێشەكی بۆ نەنووسیایە ئەو پارەیەی بۆ خەرج نەدەكرا.