هاوڕێ مەنسوڕبەگ: كشانەوەی كۆمپانیای خزمەتگوزاریی نەوتی، كاریگەری لەسەر پرۆسەكانی نەوت نابێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

هاوڕێ مەنسوڕبەگ: كشانەوەی كۆمپانیای خزمەتگوزاریی نەوتی، كاریگەری لەسەر پرۆسەكانی نەوت نابێ

 

شارەزایەكی بواری جیۆلۆجی كە ماوەیەكی زۆر لەگەڵ كۆمپانیاكانی بواری گەڕان بەدوای نەوت و غاز كاری كردووە، رای دەگەیەنێت، كشانەوەی كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاریی نەوتیی وڵاتان، كاریگەر لەسەر پرۆسەكانی پیشەسازیی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان نابێت.

هاوڕێ مەنسوڕبەگ، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”كشانەوەی هەندێك لە كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاریی نەوتیی وڵاتان، كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر كۆی پرۆسەكانی پیشەسازیی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان نابێت“.

ڕوونیشی كردۆتەوە: ”زیاتر ئەو كۆمپانیایانە دەكشێنەوە كە بەرژەوەندییان لە ناوچەكانی باشووری عێراقدا هەیە و هەندێك لە پرۆژەكانیان راستەوخۆ دەكەونە ژێر هەڕەشەی حكوومەتی فیدرالی“.

پێشتر لە ڕۆژی ٢٨ی ٦ی ٢٠٢٢، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد: ”كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان هەنگاوی گەورە و گرنگی ناوە بەرەو بە دامەزراوەیی و راكێشانی گەورە كۆمپانیاكانی جیهان، بەمەش پێگەی هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی تا دێت بەهێزتر دەبێت، هاتنی گەورە كۆمپانیاكانی ( نەوت و گاز و خزمەتگوزاریی نەوتی) و فراوانبوونی وەبەرهێنان و  بەردەوامی كاركردنیان لە هەرێمی كوردستان بەڵگەی روون و ئاشكرایە بۆ ئەو سیاسەت و ستراتیژییە سەركەوتوانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا لە بواری نەوت و گاز پەیڕەوی دەكات. لەنێوخۆی هەرێمی كوردستانیشدا داهاتی نەوت رۆڵی گەورەی بۆ دابینكردنی مووچە و بەردەوامی خزمەتگوزارییەكان هەیە ، بەرهەمی گازی سروشتی بۆ دابینكردنی سوتەمەنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بەكار دەهێنرێت، لە كێڵگە و كۆمپانیاكانی نەوت و گازدا سەدان هەلی كار بۆ گەنجەكان دابین كراوە“.

جەختیشی لەوە كردەوە: “سەقامگیریی و ئارامی و پلان و سیاسەتەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كەرتی نەوت و شەفافییەت لەم سێكتەرە گرنگەدا وایكردووە ناحەزانی گەلی كورد و كوردستانییەكان چاویان بەم دەستكەوتانە هەڵنەیەت و بەردەوام لە پلانی دوژمنكارییانەدا بن بەدەركردنی بڕیاری نادەستووری و سیاسییانە و هێرشی مووشەكی، دوا هەوڵ و پیلانیشیان بڕیارە نایاسایی و دوور لە ماددە و بڕگە دەستوورییەكان بوو كە لە لایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە لە غیابی نەبوونی (یاسای نەوت و گازی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ) بوو بەوەی فشاری لەسەر كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاریی بواری نەوت و گاز كردووە و داوای لێكردوون هەرێمی كوردستان جێبهێڵن، ئەم هەنگاوەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ دەستوور و یاسا و پرەنسیبەكانی فیدراڵیەت و عەقڵیەتی ئابووری و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراقدا یەك ناگرێتەوە”.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە راگەیاندراوەكەیدا ئاشكرای كردبوو: “ئەم پێشێلكارییە نوێیەی وەزارەتی نەوتی عێراق نەك هەر كاریگەریی لەسەر پرۆسەی دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان نەكردووە و نابێت، بگرە كۆمپانیاكانی وا لێنەكردووە لە كارەكانی رابوەستن. بەكارهێنانی زمانی هەڕەشە و دوژمنكارانە پێشێلكارییەكی ئاشكرای رێساكانی پاراستنی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتییە، ئەم هەڵسوكەوتە بەهیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندیی گشتیی گەلانی عێراق و كوردستاندا نییە و ناو و ناوبانگی عێراق لە نێوەندە نێودەوڵەتییەكاندا لەكەدار دەكات و دەیخاتە ژێر پرسیارەوە”.