كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لە شنگال چالاکانی ئێزدی بە پلان تیرۆر دەکرێن

''لەناو شنگالدا هەرکەسێک داوای ئازادی بکات، تیرۆر دەکرێت''

چالاکێکی ئێزدی لە قەزای شنگال ڕایگەیاند، لە شنگال چالاکانی ئێزدی بە پلان تیرۆر دەکرێن و هەرکەسێک داوای ئازادی بکات، تیرۆر دەکرێت، ئەوەش بووەتە مەترسی لەسەر ژیانی چالاکانی ئێزدی.

خه‌یرى زیبان، چالاکی ئێزدی لە شنگال، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''بەهۆی کردەوەی تیرۆر و کوشتنەوە ئێمە ناتوانین بچینە ناو شنگال و هەرکەسێک لە شنگال خۆپێشاندان بکات و داوای ئازادی بکات تیرۆر دەکرێت، ئەوەش بووەتە مەترسی لەسەر ژیانی ئێزدییان بەگشتی و چالاکانی ئێزدی بەتایبەتی و ناتوانن بچنە ناو شنگال و چالاکیی خۆیان بکەن، تا ئێستا ژمارەیەک خەڵکی چالاک لە شنگال تیرۆر کراون و ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە لە شنگال یاسا نییە و جێیەکیش یاسای تێدا نەبێت، خەڵک ناتوانن تێیدا بژین''.  

ئاماژەی بەوەش دا کە ماوەیەک لەمەوبەر کەسێک بە ناوی ئەحمەد حسێن لە خانەسۆر تیرۆر کرا کە کادیری لیژنەی خانەسۆری پارتی بوو، دوو ڕۆژ لەمەوبەریش چالاکێکی دیکەی ئێزدی بە ناوی جەمیل سلێمان تیرۆر کرا و تەرمەکەی دۆزرایەوە، هەرکەسێک لە شنگال داوای ئازادی بکات تیرۆر دەکرێت، لەم دۆخەدا خەڵک چۆن دەتوانن بگەڕێنەوە شنگال کە بەردەوام چالاکانی ئێزدی تیرۆر دەکرێن.

خه‌یرى زیبان گوتیشی: گرووپە چەکدارەکان، چالاکانی ئێزدی تیرۆر دەکەن بۆ ئەوەی خەڵک نەگەڕێنەوە شنگال و ڕەوشی شنگال هەر بە ئاڵۆزی بمێنێتەوە، چونکە ئاڵۆزیی شنگال لە بەرژەوەندیی ئەواندایە.

لە لایەکی دیکەوە، سلێمان حەسەن، بەرپرسی لیژنەی پارتی لە شنگال، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ئێستا ڕەوشی شنگال لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بە شێوەیەک مەترسیدار کراوە هەرکەسێک لەناو شنگالدا داوای ئازادی بکات تیرۆر دەکرێت، ئەمە پلانێکە دژی چالاکان و دەنگی ئازاد دانراوە، بۆیە خەڵک ناتوانن بگەڕێنەوە ناو شنگال.

هەر لەم بارەیەوە، مه‌حما خه‌لیل، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق، بە (باسنیوز)ی گوت: هەرکەسێک ئاشتی و پێکەژیانی لەناو شنگال بوێت، تیرۆر دەکرێت، ئەمە پلانێکی زۆر مەترسیدارە و پێویستە هەموو کارێک بکرێت بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال.