شارەزایانی بانكێكی ئەمریكا: نرخی نەوت بۆ 380 دۆلار بەرز دەبێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

شارەزایانی بانكێكی ئەمریكا: نرخی نەوت بۆ 380 دۆلار بەرز دەبێتەوە

لە ”كارەسات“ دەترسن

شارەزایانی بانكی وەبەرهێنانی ناسراوی ئەمریكی (جی پی مورگان) هۆشداری دەدەن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 380 دۆلار بەرامبەر بە هەر بەرمیلێك، ئەویش لە حاڵێكدا ئەگەر ڕووسیا لە تۆڵەی سزاكانی ئەمریكا و ئەورووپا، هەناردەكانی كەم بكاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی (سپۆتنیك)ی ڕووسی، ئێستا وڵاتانی كۆمەڵەی حەفت كار بۆ دانانی میكانیزمێك دەكەن تاوەكوو سنوور بۆ نرخی نەوتی ڕووسی دابنێن، بەم هۆیەوە شارەزایانی بانكە ئەمریكییەكە لە راپۆرتێكدا ئاماژەیان بەوە داوە، ڕووسیا دەتوانێت پێنج ملیۆن بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ڕۆژانە كەم بكاتەوە، بەبێ ئەوەی زەرەرێكی كوشندە بە ئابوورییەكەی بگات. لەم حاڵەتەشدا ”رەنگە كارەساتی لێ بكەوێتەوە“، چونكە ”كەم كردنەوەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە بازاڕەكانی جیهان، دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی نرخی خاوی (برێنت) بۆ 190 دۆلار، بەڵام “سیناریۆ هەرە مەترسیدارەكە ئەوەیە، ئەگەر ڕووسیا 5 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە كەم بكاتەوە، بەم شێوەیەش نرخی هەر بەرمیلێك نەوت دەگاتە 380 دۆلار“.

بەپێی ئەو راپۆرتەی سپۆتنیك كە ژمارەیەكی زۆر میدیاش ناوەڕۆكەكەیان وەرگرتووە، هەوڵەكانی سنوورداركردنی نرخی نەوتی ڕووسیا، دەرئەنجامی ڕوونی لێ دەكەوێتەوە كە ئەویش كشانەوەی ڕووسیایە لە پرۆسەی هەناردەكردنی نەوت، وەك تۆڵەكردنەوەیەك لەو وڵاتانەی كە سزاكانی بەسەردا دەسەپێنن، لەم حاڵەتەشدا نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە. جەختیشیان كردۆتەوە كە ئەو فشارەی ئێستا لەسەر بازاڕی نەوتی جیهان هەیە، ”لە بەرژەوەندیی ڕووسیایە“.

ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ئەلێكسەندەر نۆڤاك، سەرۆك وەزیرانی ڕووسیا رای گەیاند، بیرۆكەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ دانانی كەمترین نرخ بۆ نەوتی ڕووسیا، ”بڕیارێكی سیاسیی دیكەیە كە دەبێتە هۆی كێشە لە بازاڕ و زیادبوونی نرخی نەوت“.

باسیشی لەوە كردووە كە یەكێكی دیكە لە نموونەكانی ئەو بڕیارە سیاسییانەی زیان بە بەكارهێنەران لە ئەورووپا دەگەیەنێت، دەكرێ ئەو قەدەغەیە بێت كە خراوەتە سەر خەڵووزی ڕووسیا، كە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خەڵووز بەهۆی ئەوەی خەڵووزی پێویست لە بازاڕەكاندا كەم دەبێتەوە.