لە سنووری ئیدارەی گەرمیانیش لەسەر فەرمانەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەست بەسەر چەكی بێ مۆڵەتدا دەگیرێت و هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەك لە شارو شارۆچكەكان دەستی پێكردووە.
بەپێی ڕاگەیاندنراوێكی ئیدارەی گەرمیان كە وێنەیەكی دەست (باسنیوز) كەوتووە و تێیدا هاتووە، بەفەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتی ناوخۆ، بۆ رێگری لە دیاردەی چەک هەڵگرتن، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 30ی 6ی 2022 سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان کۆبووەوە و لەو بارەوە چەند بڕیارێک دران.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، لە کۆبووەنەکەدا، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری تایبەت بەرێگری لە دیاردەی چەکهەڵگرتن، لە قەزا و ناحییەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیاندا ڕێکاری پێویست دەگرینەبەر، بۆ ئەو مەبەستەش دەزگا ئەمنیەکان ئەرکەکانیان رادەپەڕێنن. هەر لە کۆبوونەوەکەدا رێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و مامەڵەکردن بە چەکەوە تاوتوێکران و بۆ ئەو مەبەستە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە دران.
- پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بەسەرپەرشتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و ئەندامێتی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی بەرگری و فریاکەوتن و هاتوچۆی گەرمیان و نوێنەری هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوورەکە.
- داخستنی سەرجەم ئەو دوکان و شوێنانەی چەکی بێ مۆڵەت و مۆڵەتدار دەفرۆشن.
- دانانی مەفرەزەی هاوبەشی دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان لە بازگەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەک بێ مۆڵەت.
- ڕێگە نادرێت بە هیچ کەسێک بە هەڵگرتنی چەک جگە لەو هێزە نیزامیانەی لە ئەرکی فەرمیدان.
- بنکەی پۆلیسی زانکۆی گەرمیان رادەسپێردرێت بۆ گرتنەبەری هەمان ڕێکار بەمەبەستی ڕێگری لە هەڵگرتنی چەک بۆ ناو حەرەمی زانکۆ.
- سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.