کۆرنیشی ئەڵوەنی خانەقین، دەبێتە هەوارگەیەكی جوان بۆ خێزانانی شار و گەشتیاران
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

کۆرنیشی ئەڵوەنی خانەقین، دەبێتە هەوارگەیەكی جوان بۆ خێزانانی شار و گەشتیاران

بۆ یەکەمین جار لە شاری خانەقین، کۆرنیشی خێزانیی رازاوە بۆ دانیشتوانی شارەکە دروست دەکرێت. دیوی یەکەمی ئەم کۆرنیشە دەکەوێتە کەناری ئاوی ئەڵوەن و دیوی دووەمیشی دەکەوێتە سەر جادەی سەرەکی، کە چەندین شوێنی هونەری و کولتووری و مۆزەخانە و تەنانەت سەندیکای ئەندازیارانیشی لەسەرە.

ئەم پرۆژەیە دانانی بەردی بناغەی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2007، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست، وردە وردە ئیشی لێ کرا و پرۆژەکە بەردەوام بوو تا ساڵی 2019 و لە هەمان ساڵدا کرایەوە. ئەم پرۆژەیە هەوڵی ماندووبوونی چەندین ساڵەی شارەوانیی خانەقین/ هەرێمی كوردستان و هاوکاری و پاڵپشتیی هاووڵاتییانی شاری خانەقینە.

ئەندازیار سۆران عەلی حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی خانەقین/ هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئێمە لەدوای ساڵی 2003 چەندین پرۆژەی سەوزکردن و ئاوەدانکردنەوەی شاری خانەقینمان هەبوو، یەکێک لە پرۆژەکانمان کردنەوەی شوێنێکی گشتی بوو بۆ خێزانەکانی شاری خانەقین، چونکە لە خانەقین هیچ شوێنێک نەبوو تایبەت بە خێزان، هەر ئەمەش بووە هۆی دروستکردنی ئەم شوێنە کە دەکەوێتە نێو جەرگەی شارەکە، هەروەها لە کەناری ئاوی ئەڵوەنە.“

لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی شارەوانیی خانەقین/ هەرێمی كوردستان، گوتیشی: " ئەم کۆرنیشە تەنیا جێگەی گەشتیاری نییە، بەڵکوو چەندین بەشی دیکەش لەخۆ دەگرێت، وەک باخچەی کتێب، ژووری تایبەت بە وێنەی کەسایەتییە بەناوبانگەکانی شاری خانەقین لە سەردەمی کۆن، ژووری فۆلکلۆری، باخچەی ئاژەڵان. ئامانج لەمەش، ناساندنی شوێنەوار و کولتوور و رەسەنایەتیی خانەقینە بۆ خەڵکەکەی و بۆ ئەو گەشتیارانەی، کە سەردانی ئەو جێگایە دەکەن. جگە لەمەش، چەندین پرۆژەی دیکەشمان بۆ ئەم کۆرنیشە بەدەستەوەیە، لە گرنگترینەکانی (دروستکردنی مۆنیومێنتێک بۆ وێنە و ژیاننامەی شەهیدانی شاری خانەقین) تاکوو نەوەکانی داهاتوومان قارەمانەکانی شارەکەیان بناسن و شانازییان پێوە بکەن. هەروەها ئامادەکردنی بەشی خوارەوەی ئەم کۆرنیشە، کە دەکەوێتە دیوی ئاوی ئەڵوەنەوە، وەکوو ستەیجێکی کراوە بۆ ئەنجامدانی شانۆ و کار و چالاكییە هونەرییەکان".“

بەشار عاسی، یەکێک لە خاوەن کافتریاکانی کۆرنیشەکە، بە (باسنیوز)ی گوت: "زۆر خۆشحاڵم بۆ دروستکردنی ئەم شوێنە، چونکە بووە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ کۆمەڵێک لە گەنجان و خێزانەکانی شارەکە، منیش وەکوو یەکێک لەو خێزانانە، دوای سەردانم بۆ شارەوانیی خانەقین و وەرگرتنی مۆڵەت، لە ساڵی 2021 خۆم و هاوژینەکەم لەگەڵ دوو منداڵم توانیمان لێرەدا بەبێ کرێ دەست بە ئیش بین، ئێمە کاری دروستکردنی (چا، قاوەی سەر خەڵووز، پاقلە و نۆکی کوڵاو، بابۆڵە) دەکەین، ئێستا کە وەرزی هاوینە لە کاتژمێر 5ی ئێوارە لێرەین و تاکوو 2ی شەو خێزانەکان بەڕێ دەکەین، هەرچەندە کاتی ئیشەکەمان بەپێی وەرزەکان دەگۆڕێت، بەڵام خۆشحاڵین، چونکە هەم من و هاوژینەکەم و هەمیش سەرجەم ئەو کەسانەی لێرەدا ئیش دەکەن، خاوەن هیچ جۆرە سەرچاوەیەکی دارایی نین و ئەمە تەنیا سەرچاوەی ژیانمانە، هیوادارم لەم پرۆژە جوانانە زۆرتر بکرێنەوە، بۆ ئەوەی گەنجانی شارەکەمان بێئیش نەبن و کەسانێکی زیاتری وەک ئێمە بتوانن لەم رێگەیەدا ژیانی خۆیان بەڕێوە ببەن.“

عەبدوڵا ئیبراهیم، هاووڵاتیی خانەقین، باس لەوە دەکات: "من هەموو ئێواران لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێیانم سەردانی ئەم کۆرنیشە دەکەین، قاوەیەک دەخۆینەوە و گفتوگۆیەکی خۆش دەکەین، گوێشمان لە هاژەی رووباری ئەڵوەن دەبێت، جگە لەوەش، هەندێک جار خێزانەکەم دەهێنم بۆ ئێرە و کاتێکی خۆش بەسەر دەبەین، چونکە ئێرە بە شەوان دیمەنێکی زۆر جوانی دەبێت و چرکە بە چرکە قەرەباڵخی زۆرتر دەبێت، خێزانەکان دوای خواردنی ژەمی ئێوارە دەست بە گفتوگۆ دەکەن و منداڵەکانیش لە شاری یاریی ئێرە یاری دەكەن و هەموان کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن، تەنانەت ئەو کاتانەی کە مێوانی دەرەوەی شارمان بۆ دێت، من هەوڵی ئەوە دەدەم بیانهێنمە ئێرە و جگە لە پیشاندانی ئەم شوێنە جوانە، شوێنە فۆلکلۆرییەکانیشیان پیشان دەدەم، وەک باخچەی کتێب و ژووری فولکلۆری، ئەوانیش بەخۆشحاڵییەوە لە سەرجەم ئەم شوێنانە وێنە دەگرن و چرکە خۆشەکانیان بۆ داهاتوویان تۆمار دەكەن و پیشانی کەسانی دیكەی دەدەن، ئەمەش دەبێتە هۆی رووکردنی زیاتری گەشتیاران بۆ ئەم شوێنە".

لە کۆتاییدا ئەندازیار سۆران عەلی، سەرۆکی شارەوانیی خانەقین/ هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەش دا و گوتی: "ئێمە چەندین پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە و سەوزکردنەوەی شاری خانەقینمان هەیە، بەڵام پێویستمان بە بڕە بودجەیەکی زیاترە، بۆ ئەوەی بتوانین شارەکەمان ئاوەدان بکەینەوە، هەروەها داوا لە سەرجەم هاووڵاتییانی شارەکەمان دەکەم، هەرکەسێک لەبەرامبەر خانووی خۆی دەست بە چاندنی نەمام بکات، بۆ ئەوەی شارەکەمان ببێتە شارێکی پڕ لە دار و سەوزایی.“

No description available.No description available.

No description available.

No description available.

 

No description available.

No description available.

 

No description available.

 

No description available.

No description available.

 

No description available.